یەپەشە لە شنگال كشایەوە و ئاسایشی ئێزدخان لە هەوڵی مانەوەدایە

01/12/2020
فۆتۆ: فۆتۆ: AFP

یەكینەكانی پاراستنی شنگال دەستی بە كشانەوە لە سنوری شنگال كردووە و ئاسایشی ئێزیدخانیش لە گفتوگۆدایە بۆ مانەوەی لە ناو شارەكەدا و هێزێكی زۆری پۆلیسی فیدڕاڵیش گەیشتونەتە ناوچەكە.

بە گوێرەی رێكەوتنێك لە نێوان سوپای عێراق و یەكینەكانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) لە بەیانی ئەمڕۆوە ئەو هێزانە دەستیان بە كشانەوەی هێزەكانیان لە ناو شنگال كردووە برشیارە لە چیای شنگال جێگیر بكرێن و دواتریش ناسنامەی ئەو هێزانە بخرێتە سەر حەشدی عەشائیری. 

بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بە هێزێكی زۆرەوە گەیشتووەتە سنوری شنگال و چوار لیوای پۆلیسی فیدڕالی لە تەواوی قەزا و ناحیەكانی شنگال جێگیر دەكرێن و بڕیارە فەوجی یەكی سوپای عێراقیش لە ناوچەكانی نێوان شلۆ تا عێن شەبابیك بپارێزێت و فەوجی دووش ناوچەكانی نێوان شلۆ تا حەردان بپارێزێت. 

كشانەوەی هێزەكانی یەپەشە دوای دوو رۆ ژلە بەردەوامی كۆبوونەوەكانیان هات لەگەڵ فەرماندەییەكەی سوپای عێراق ، بە گوێرەی زانیاریە ئاشكرا بووەكانیش ئەو هێزانە دەخرێنە سەر حەشدی عەشائیری لەو چوارچێوەیەدا رێیان پێدەدرێت ئاڵاكانی خۆیان لە تەنیشتی ئاڵای عێراق دابنێن. 

رێكەوتنەكەی نێوان یەپەشە و سوپای عێراق هێزەكانی ئاسایشی ئێزدخانی نەگرتووەتەوە و دوای بانگەوازی دوێنێی ئەو هێزانەش ئەمڕۆ ژمارەیەك لە خەڵكی ناوچە ئێزدی نشینەكان چونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاسایش و دژی هەوڵدانەكانی سوپای عێراق ناڕەزایەتییان نیشاندا.

بەیانی ئەمڕۆش شاندێك لە چالاكوانان كە لە بەردەم ناوەندی ئاسایشی شەنگال كۆبووبوونەوە، سەردانی كاربەدەستانی عێراقییان كرد، لەگەڵیاندا كۆبوونەوە، بۆ ئەوەی بگەنە رێكەوتنێك كە تێیدا ئەو هێزانە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بمێننەوە. 

بەگوێرەی زانیاریەكان سوپای عێراقی لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەو چالاكوانانەی كە داوانكردبوو ئەو هێزانەی ئاسایش بمێننەوە مۆڵەتی تەنها ئەمڕۆی داناوە بۆ ئەوەی شوێنەكانیان چۆڵ بكەن، بەڵام بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تا ئێٍتا بە فەرمی هیچ روونكردنەوەیەكیان لەوبارەیەوە نەداوە. 

بە گوێرەی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال،  دەبێ سەرجەم هێزەكان جگە لە هێزە عێراقیەكان تەواوی ناوچەكانی شنگال چۆڵ بكەن، هیچ هێزێكی كوردی بۆی نیە لەو ناوچانە جێگیر ببێت و ئاڵای كوردستان و هیچ هێزێكی تێدا هەڵناكرێت جگە لە ئاڵای عێراق. 

بە گوێرەی زانیاریەكان تەنها لە دوێنێدا یەپەشە  7 بارەگای خۆیان چۆڵكردووە، ئەمڕۆش لە سەرجەم شوێنەكانی دیكەدا دەستی بە چۆڵكردنی بارەگاکانی كردووە. 

حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی عێراق پێشتر رێككەوتن بۆ ئەوەی قایمقامێكی نوێی سەربەخۆ بۆ شنگال دیاری بكرێت و تەنها پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچكەكە لە ئەستۆ دەگرن، هەموو رێكخراوە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنوری شارۆچكەی شنگال دوور دەخرێنەوە. 

بە گوێرەی رێكەوتنەكە دوو هەزار ئاوارەی كەمپەكان لە خەڵكی شارۆچكەكەدادەمەزرێن و پەكەكە لە ناوچەكە كۆتایی پێدەهێندرێت و لیژنەیەكی هاوبەش لە حكومەتی فیدڕالی و حكومەتی هەرێم بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە بە هەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا دروست دەكرێت.