یۆنگ چۆن لە ئایین دەڕوانێت؟

01/12/2020
فۆتۆ: 

دەروونشیکاری یۆنگ لەمەڕ پرسی ئایینەوە پێشڕەو عەبدوڵڵا


١

تێگەیشتنی دەروونشیکاری کارڵ گۆستاڤ یۆنگی(١٨٧٥-١٩٦١) قوتابخانەی دەروونی زووریخ، لەمەڕ ئایین پرسێکی ورد و زانستی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی ئایین لە داڕێژرانی کەسێتی مرۆڤ، بەڵام شڕۆڤە و تێگەیشتن لەم پرسە ھەروا ئاسان نییە، چونکە یۆنگ لەڕێگەی کۆمەڵێک گوتەزای قوڵەوە بیر و ڕاکانی خۆی دەربڕیوە، ئەم گوتەزایانەش پێویستی بە شەرح و قوڵبوونەوەی وردە بۆ تێگەیشتن لە چییەتی ئایین و ڕۆڵی لە جیھانبینی مرۆڤدا.
یۆنگ لەباسی ئاییندا دەنووسێت: (ئایین کۆنترین و گشتیترین دەرکەوتەکانی ڕۆحی مرۆڤە، بەجۆرێک ھەر دەروونناسێک کە پێوەندی بە بینای دەروونی کەسێتی مرۆڤەوە ھەبێت، ناتوانێ حاشا لەم ڕاستییە بکات، کە ئایین تەنیا دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە، بەڵکو بۆ زۆربەی مرۆڤایەتی پرسێکی تاکەکەسی گرنگ و بە بەھایە)٭
یۆنگ ئایین بەیەکێک لەدەرکەوتەکانی ڕۆحی مرۆڤ پێناسە دەکات، ئەمەش بەو مانایەی، کە ئایین شتێک نییە لەدەرەوەی مرۆڤەوە ھاتبێت و مرۆڤ وەک وەرگر و گەێنەرێک ئەم پەیامەی وەرگرتبێت، بەڵکو پێی وایە خودی ئایین وەک حاڵەتێکی ویژدانی تاکەکەسی ھەر لەناو مرۆڤدا، ھەڵقوڵاوە و لەڕێگەیەوە پەیڕەوی لە گۆڕانێکی ڕۆحی کردووە، ھەر لەبەر ئەمەشە ئایین بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی ڕووت نازانێت، بەڵکو ھێزێکە لەناو مرۆڤدا و ھەمیشە ھەم وەک چتێکی تاکاکەسی لەگەڵیدایە، ھەم لە ئێستای خوێدا حزوری ھەیە. واتە ئەگەر ڕوداوێک بێتە پێشەوە، ئایین داببڕێت لە مرۆڤ و کۆمەڵگەیەکی وێنا بکرێت کە نەھێڵرێت دەربارەی مێژووی ئایین ھیچ بزانن و کەلتورێکیش ساز بکرێت، کە پاک کرابێتەوە لە تەرزە ئایینییەکان، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر ئایین بوونی نامێنێ، چونکە ئایین شتێکی تاکەکەسی و پرسێکی گرنگە بۆ ویژدانی مرۆڤ، جارێکی تر و لە فۆڕمی تر و شێوازی تردا، سەر ھەڵدەداتەوە. واتە ھەتا مرۆڤ بمێنێت، ئایین دەمێنێت، چونکە ئایین چتێکی ناوەکی و شەخسییە نەک زەروورەتێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بێت و بۆ زەمەن و پرسێکی تایبەت گرنگ بێت و دوایی بەھا و ئەرزشی نەمێنێت، بەھاو ئەرزشەکەی پەیوەستە بە بەھا و ئەرزشی ڕۆحی مرۆڤەوە و وەک پنتێکی ڕۆحی خۆڕسک لە مرۆڤدا ھەڵدەقوڵێت و بەردەوام پارێزگاری لە مانەوە و تازەبوونەوەی خۆی دەکات.
کاتێکیش یۆنگ ئایین بە کۆنترین دەرکەوتەی ڕۆح دەزانێت، ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئایین ئاگایی و مەعریفەی منداڵی مرۆڤایەتییە، واتە چەمکی کۆنترین، ئاماژەیە بۆ منداڵێتی کۆمەڵگە، بەو مانایەی تا کۆمەڵگە بەرەو پێش بچێت، دەرکەوتەی ڕۆحیی، مەرج نییە بەڕێگەی ئایین گوزارشت لەخۆی بکات. دەکرێت وەک یاسا و دەستور و ھونەر و مۆسیقا و ھەموو چالاکییە ڕۆحییەکانی تری مرۆڤ، یان ئەو ڕێکخستنەی کە پێویستە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی ھەبێت، دەکرێت لەڕێگەی ترەوە ئەمە ئەنجام بدرێت.
ھەر لەو گوتەزایەی سەرەوەدا، دژەوانەیەک لەقسەکەی یۆنگدا بوونی ھەیە، ئەویش ئەگەر کۆنترین دەرکەوتەی ڕۆح ئایین بێت، کە ئەمەی بەمانای منداڵی کۆمەڵگە وتوە، چۆن لەگەڵ مرۆڤێکی نوێدا، کە لەناو جیھانێکی تازەدا دەژیت، ھێشتا ئایین حەوجێی ڕۆحی مرۆڤی نوێشە.
کەواتە مەسەلەی ئایین زۆر لەوە قوڵترە کە وەک مێژوو یان وەک بەشێک لەکەلتوور یان وەک بیرێکی سەرەتایی ڕۆحی مرۆڤ وێنای بکەین، مادام ئایین پرسێکی ویژدانی تاکەکەسییە، کەواتە ئایین دەکەوێتە دەرەوەی کەلتوور و مێژوو و منداڵێتی کۆمەڵگەوە و پرسێکە وابەستەی ئێستای ڕۆحی مرۆڤە.

٢
یۆنگ لەپێناسەی ئاییندا دەنووسێت( ھێزێکی بزوێنەرە کە نا کرێت ھۆکارەکەی لە ئیرادەی تاکدا بدۆزرێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەم ھێزە یان کاریگەرییە ئەو تاکە دەبەزێنێ)٭
ئەوەی یۆنگ دەیڵێت بریتییە لە ھێرشی ھێزێکی دەرەکی، بەڵام نەک بەو مانایەی کە لەدەرەوەی مرۆڤەکەوە ھاتووە، بەڵکو ھێزێکە لەدەرەوەی خودئاگاییەوە ھاتوە، ئەویش ھەمان ناخودئاگای خۆییەتی.
پەیوەندی نێوان خودئاگا و ناخودئاگا، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و تەم و مژاوییە، ھەتا ئەو پەیوەندییە ڕێک بخرێت، مرۆڤ لە ھێزی نادیار و شەیتان و خودا و فریشتە و ...تاد دور دەکەوێتەوە، ھەتا ئەو دوو کەناڵەش لەپچڕانی پەیوەندیدا بن، ھێزە غەیبییەکانی نەست ھێرش دەکەن و ئیرادەی تاکەکە سڕ دەکەن، تەنانەت کەسی تووش بوو، بە جنۆکە و شەیتان، کەسێکە کە خودئاگای دابڕاوە لەناخودئاگای خۆی، بەمەش ترس، نەزانین، تەسلیم بوون، دێتە ئاراوە.
واتە مرۆڤەکە دەکەوێتە نێو دوورگەیەکی ترسناکەوە، کە ئەویش نەستی خۆیەتی، ھەتا نەست شاراوە و داپۆشراو بێت، ھێزەکەی زیاد دەکات. بۆیە کاتێک ئایین وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی خودئاگا و عەقڵ دەبێتەوە، کێشەی گەورە سەر ھەڵدەدات، چونکە یەکەمین بناغەی ئایین بریتییە لە ملکەچکردن بۆ ھێزیکی غەیبی و نادیار، ھەموو ھەوڵێکی دەروونشیکاریش بریتییە لە ھێنانەوەی ئەوە بەشە تاریکە بۆ ژێر ڕۆشنایی خودئاگا، واتە شەڕی نێوان دەروونشیکار و ئایین شەڕێکی سەخت و دژوارە.
بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ دەروونشیکار ئەو بارگۆڕینەی کەسی تەسلیم بووە بە ناخودئاگای خۆیەوە، چونکە کاتێک کەسەکە تەواو تەسلیمی ئەو جیھانە شاراوەییە دەبێت، ھێزێکی نورانی و بان مرۆیی دەست بەدەرکەوتن دەکات( ئەمە بۆ حاڵەتی گەیشتن بە لوتکەی ڕۆحانی مرۆڤ، وەگەرنا ناخودئاگا لەگەڵ ئەوەی جێگەی خودایە بەڵام شەیتانیش ھەر لەوێیە) و پاشان بەسەر خودئاگادا زاڵ دەبێت. نەک ھەر ئەمە بەڵکو کەسەکە ڕووبەڕووی سۆزێکی نورانی دەبێتەوە کە نەرم دەبێتەوە و ئامادەیە دەست لە زۆر شتی خۆی بەربدات، ھەموو سروتە ئایینییەکانیش بریتیین لە گەورەکردن و ڕاکێشانی ئەو پانتاییەی ناوی نەستە، تا بەسەر خودئاگادا زاڵ ببێت و بەپێی ئیحا نەستییەکان بجوڵێتەوە، نەک بە پێی سەردەم و داخوازی واقیعەکە.
(لەزۆربەی خەڵکدا سەبارەت بەناوەڕۆکی شیمانەیی ناخی ناخودئاگا جۆرێک لەترس و خۆفی تایبەت بەمرۆڤی بەرایی ھەیە)١
ئەمەش ھەمان ئەو ترسەیە کە مرۆڤ لە شتی نەزانراوی ھەیە و پرسی ئایینییش ھەمیشە شوێنێکی نەزانراوی ھێشتۆتەوە، کە مرۆڤ نەک ھەر تێیناگات، بەڵکو ناچارە وەک شتێکی شاراوە بەردەوام حسابی بۆ بکات.
بۆیە مرۆڤ قەت ئازایەتی ئەوە لەخۆیدا نانوێنێت کە ڕووبەڕووی ناخودئاگای خۆی ببێتەوە، چونکە ھەموو چەکە ئاگاییەکانی دەستی لەکاردەکەون و ھێزی تەفسیرکردن لەدەست دەدات.
بۆیە مرۆڤ پێویستی بەھێزێکی گەورە و بەدەسەڵات ھەیە، کە ھەموو ئەو ھێزە نادیار و سەیر و سەمەرانەی وەک جنۆکە و تارمایی و دێو و درنج و...تاد بخاتە ئەستۆی ئەو ھێزە و لانی کەم بۆ ئەوەی بتوانێت ھاوسەنگی خۆی بپارێزێت و ساتێکی بێ ترس بۆخۆی دروست بکات.

٣
یۆنگ لەدرێژەی شڕۆڤەکانی بۆ سروتە ئایینیە دەستە جەمعی و تاکەکەسییەکان دەنووسێت( تەنانەت نەریتەکانی ئێمەش ھێشتا ڕەچاوکردنی ئایینی پێوەدیارە کەلە ترسی ئەگەری ڕوودانی مەترسییە ڕۆحییەکان سەرچاوە دەگرێ)٭
ئایین لای یۆنگ ھەر بۆ ڕەوینەوەی ترس و بیم نییە بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ھێزە تاریکەی نێو ناخودئاگاشە، کە ئەگەر بێت و بەڕەڵا ببێت و بەری لێ نەگیرێت، کاولکاری گەورە دەخاتەوە، واتە ئایین کە کۆمەڵێک سروت و ئیحایی زاتییە بەردەوام فشاری ئەو ھێزە تاریکانەی ناخودئاگا ھێور دەکاتەوە و ڕامیان دەکات، واتە مەسەلە تەنھا ترس لە ڕوداوە سروشتییەکان و زاتی خالق نییە، بەڵکو ترسی لەکۆنتڕۆڵ دەرچوونی ھێزە تاریکەکانی ناخودئاگاشە.
چونکە یۆنگ ئەوە بەڕاست دەزانێت کە مرۆڤ لە جیھانی ناخودئاگای خۆی بترسێت و وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو حسابی بۆ بکات.
( لەڕاستیدا مرۆڤ مافی خۆیەتی لەم ھێزە ناکەسەکییە شاراوانەی ناخودئاگای بترسێ. ئێمە بەخەیاڵێکی ئەرخەیان لەبوونی ئەم ھێزانە بێئاگاین، چونکە لەباری ئاساییدا ھیچ کات ئەم ھێزانە دەرناکەون)١
واتە کاتێک ئەم ھێزانە دەردەکەون کە بواریان بۆ بڕەخسێت و بوروژێنرێن. ئەوکات دەکەوینە بەردەم وێنەی سەیر و سەمەرەی مرۆڤ، کە چۆن لەو کەسە بەڕێزەوە باردەگۆڕێت بۆ کەسێکی وێرانکەر و ترسناک. بۆیە ئایین لەئاستە کۆمەڵایەتییەکەشدا ھێزێکی ڕامکەر و مایەی ئاشتییەکی دەستەجەمعییە بۆ نەگۆڕانی مرۆڤ بۆ کائینێکی ڕوخێنەر و ترسناک.
( ئەگەر تاکەکان یەک بگرن و کۆمەڵێک پێک بھێنن، لەوحاڵەتەدا ھێزی مرۆیی بەکۆمەڵ سەربزێوانە دەردەکەوێت، دەڵێی ئاژەڵانی دڕندە یان شەیتان لەقوڵایی بوونی ھەرتاکێکدا خۆی حەشارداوە)٢
بەمەش ئایین ئەو دەستەجەمعە ڕام دەکات و ھێوری دەکاتەوە واتە ناھێڵێت شەیتانەکانی ناو ناخودئاگا وەخەبەربێن و وێرانی بخەنەوە، بۆیە زۆر جار دەسەڵات لە سودی ئەم لایەنەی ئایین بێ ئاگا نییە و لەژێرەوە پاڵپشتی بۆ جۆرێک لە ئایین دەردەبڕێت، کە مرۆڤ خاودەکاتەوە و ناھێڵێت توڕەبێت و ناخودئاگای بەڕەڵا بکات و بەرژەوەندی دەسەڵات لە بەین ببات. لێرەوەبوو مارکس گوتی، ئایین تلیاکی گەلانە، چونکە ناھێڵێت شۆڕشی کرێکاران بەرپاببێت، ئەگەر کوردستانی خۆمان بە نموونە وەربگرین، دەبینین لەناو ڕەوتە ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا، تازە بەتازە دەسەڵاتی کوردی، زەمینە بۆ تەکییە و تەریقەت خۆش دەکات، چونکە ترسی لە تەقینەوەی ھێزی ناخودئاگای خەڵک ھەیە و ئەم جۆرە لە ئایینە، سەرخۆشکەرێکی باشە بۆ ھێورکردنەوە و ڕامکردنی ئەو کۆنەستەی وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو خۆی حەشارداوە، ئەگەر ھەر قەرارە بتەقێتەوە، با لەفۆڕمی خۆشەویستی بۆ شێخەکەی یان لە ھەڵبەز و دابەزی زیکرێکی شەوانەدا بەتاڵ ببێتەوە.


ژێدەر:
دەروونناسی و ئایین، گارڵ گۆستاڤ یۆنگ، و: فەرمان ڕۆستەمی، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم، ٢٠١٦، لاپەڕە ١١- ١٢- ٢٤- ٢٧- ٣١