پەرلەمانتارە ناڕازییەکانی کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

01/12/2020
پەرلەمانتارە ناڕازییەکانی کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە
فۆتۆ: 
هەولێر

پەرلەمانتارە ناڕازییەکانی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان-ین.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمەی ئەندامانی ناڕازیی لە پەرلەمانی کوردستان، کە لە دانیشتنەکەی رۆژی ٣٠/ ١١/ ٢٠٢٠دا، هەڵوێستمان دەربڕیی و پێداگریمان کرد لەسەر بانگێشتکردنی حکومەت بۆ پەرلەمان و چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان-ین، کە دەبو حکومەت بهێنرێتە پەرلەمان و پرسی چارەسەرکردنی موچە و ناکۆکیی هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکان یەکلابکرانایەتەوە، بۆ ئەوەی چیتر هاونیشتمانیان و موچەخۆران نەکرێنە قوربانیی سیاسەتی چەوتی حکومەتی هەرێم".

ئەو پەرلەمانتارانە راشیانگەیاندووە، "ئێمەی ناڕازیی لە پەرلەمان، بەڵێن بە خەڵکی جوامێری کورستان دەدەین کە سورین لەسەر هەڵوێستەکانمان و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانیان و هۆشداریش دەدەینە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە ناکرێت چیتر خەمساردبێت لە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچە و تەرخانکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ بابەتی لابەلا، بە پێچەوانەوە هەمو رێگایەکی یاسایی و ناڕەزایی پەرلەمانیی و مەدەنیی دەگرینە بەر و بۆ داهاتویش، هەمو ئەگەرەکان لەبەردەممان دا کراوە دەبن".