لەبارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت

01/12/2020
لەبارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانی روونکردنەوە دەدرێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

سەرپەرشتیاری تیمی رووبەڕوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن بەکۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی تری عێراق، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو ڕێژەیەی کە لە سلێمانی تۆماردەکرێت ڕێژەیەکی دروستە.

د. هێرش حەیدەر سەرپەرشتیاری تیمی رووبەڕوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی رایگەیاند، هۆکاری بەرزی ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا لە سلێمانی لەچاو پارێزگاکانی تردا ئەوەیە کە، لە پارێزگای سلێمانی هەموو کەیسێک چ بە نیشانە، یان لە ڕێی سیتی سکانەوە، یان بە وەرگرتنی نموونەیەک لە لوتەوە بە توشبووی کۆڤید ئەژمار دەکرێت، واتە لە سلێمانی بە سێ میکانیزمی جیاواز تەشخیسی کۆڤید دەکرێت، بەڵام لە پارێزگانی تری عێراق تەنها لە ڕێگەی وەرگرتنی نموونەیەک لە لوتەوە کەیسەکە بە کۆڤید ئەژمار دەکرێت.

ئاشکراشیکرد، لە سلێمانی هەموو کەیسێک کە نیشانەی کۆڤیدی هەبێت یان بە هۆکارێک بە ماکەکانی کۆڤید گیان لەدەستبدات، بە گیان لەدەستدان بە کۆڤید دێتە ئەژمار.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە سلێمانیش وەکو پارێزگانی تری عێراق تەنها لەڕێگەی وەرگرتنی نموونەیەک لە لوتەوە کەیسەکە بە کۆڤید هەژمار بکرێت، ئەوکات ڕێژەی مردن زۆر کەمتر دەبێ بە بەراورد بە پارێزگاکانی تر.

سەرپەرشتیاری تیمی رووبەڕوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی راشیگەیاند، بە نموونە ناکرێت لە سیستەمێکی پێشکەوتووی وەکو بەڕیتانیا ڕێژەی مردن بە کۆڤید لە وڵاتێکی وەکو عێراق زیاتر بێت.