سوپای پاسداران: سێ چەکدارمان لە سنورەکانی ورمێ دەستگیرکردووە

02/12/2020
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سێ چەکداریان لە سنورەکانی ورمێ دەستگیرکردووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
روژهەڵاتی ناوەڕاست

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سێ چەکداری دژ بە حکومەتیان لە سنورەکانی پارێزگای ورمێ دەستگیرکردووە کە بەنیازبوون کردەوەی "تیرۆریستی" لە وڵاتەکە ئەنجام بدەن.

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەر بە هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانیویانە دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، تیمێکی سێ کەسی لە سنورەکانی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیربکەن، کە پیلانیان هەبووە کردەوەی "تیرۆریستی" لە ناوخۆی ئێران ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سوپای پاسداران بەشێوەیەک ئەو سێ کەسەیان دەستگیرکردووە، کە مەجالی هیچ کاردانەوەیەکیان پێنەداون و بێ تەقە دەستگیرکراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و کەولوپەلی سەربازیدا گیراوە.

سوپای پاسدارانی ئێران ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە و هیچ ئاماژەیەکی بەوش نەکردووە کە ئەو سێ کەسە سەر بە چ گروپ و لایەنێکی نەیاری حکومەتن.

لەماوەی ڕابردوودا حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جاربەجار چالاکی نهێنییان لەناوخۆی ئێران ئەنجامداوە، بەڵام تاوکوو ئێستا هیچ زانیارییەکان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەوە، بڵاونەکردووەتەوە.