چەند نهێنییەک لەبارەی هێنانى ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێل و ڕەقەمکردنیان بڵاودەکرێتەوە

02/12/2020
چەند نهێنییەک لەبارەی هێنانى ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێل و ڕەقەمکردنیان بڵاودەکرێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان چەند نهێنییەکی سەبارەت بە هێنانى ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێل و ڕەقەم کردنیان بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، لەسنورى فیشخاپورەوە مەکینەى دەبابە بە قاچاغ ڕەوانەى سوریا کراوە.

دابان محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە دەروازەی حاجى ئۆمەران، بە کۆنتێنەرى داخراو ئۆتۆمبێل داخڵ دەکرێت و لە ئیبراهیم خەلیلیش، لە دیوى تورکیا و هەرێم گەراجى گەورە هەیە و سەدان ئۆتۆمبێلى خوار مۆدێلى 2018 تێدا مۆڵکراوە و بە دەیانیش داخل دەکرێن.

ئاشکراشیکرد، زیاتر لە 45 ئۆتۆمبێل لە خاڵى سنورى پەروێزخان، دەستى بەسەردا گیراوە و سەدانى تر داخڵکراوە.

وتیشی،  لە باشماخ ڕێژەکە زیاترە و نوسینگەى هێنانى ئۆتۆمبێل لە عەقارییە، دوو برا کارەکە دەکەن و بۆ داخڵکردنى هەر ئۆتۆمبێلێک 6 هەزار و 500 دۆلار وەردەگرن.

دابان محەمەد راشیگەیاند، "بەرپرسى یەکەم، وەزارەتى ناوخۆ و بەتایبەت وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمە، بە فەرمانى (2909) لە 13ى 2 ى 2020 ە ئەنجومەنى وەزیران، وەزیرى ناوخۆ ڕاسپێردراوە، بە کارى ڕێکخستنەوە و بەڕێوەچونى  خاڵە سنورییەکان! لەگەڵ زیادبونى ڕێژەى ئۆتۆمبێلەکان و پڕبونى گەراجەکان لە دهۆک، هەولێر و سلێمانى، ناو بەناو، لەژێر فشاردا! بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ و بۆ ماوەیەکى دیاریکراو ژمارە دەدرێت بەو ئۆتۆمبێلانە، کە دواتر بەشى زۆریان ڕەوانەى باشور و ناوەڕاستى عێراق دەکرێن" .

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد کە بازرگانى و کارى قاچاغى ئۆتۆمبێل، گەیشتوەتە ئاستێک مەکینەى دەبابە لەسنورى فیشخاپورەوە، ڕەوانەى سوریا کراوە، کە لە تورکیاوە هاتووە.

روونیشیکردەوە، چوار مەکینەى دەبابە، لە گەراجێکى دهۆکەوە لە ژێر خۆراکەوە بارکراوە بۆ فیشخاپور و دواتر بۆ سوریا، راشیگەیاند، "ئێستا نزیکەى 15 بۆ 20 هەزار ئۆتۆمبێل داخلکراون، گەراج هەیە لە سلێمانى، 70 ئۆتۆمبێلى تێدا مۆڵکراوە، خەڵکى دەستڕۆشتو و باڵا ئەم کارە دەکان و قەبارەى ئەو پارەیەى دەستیان دەکەوێت سەدان ملیۆن دۆلارە" .