لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە قەڵادزێ شەش کەس برینداربوون

02/12/2020
فۆتۆ: 
ڕاپەڕین

لە ئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە قەزای پشدەر، شەش کەس برینداربوون و لەسەر رووداوەکەش دوو کەس دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 6:00 ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناحیەی سەنگەسەر سەر بە قەزای پشدەر (قەڵادزێ)، شەڕێک لەنێوان دوو دراوسێ ڕوویداوە و بەو هۆیەشەوە شەش کەس برینداربوون.

ئاشکراشیکردووە، لە یەکێک لە لایەنی شەڕەکە، باوکێک و دوو کوڕی و کچێکی بریندارن و باوک و کچەکەش بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بەڕێکران بۆ ڕانیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوایی ڕووداوەکە دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە و پاش گەیشتنی بریندارەکان دەرکەوت کە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەی چوار بریندارەکەوە هەیە، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە، تائێستا هۆکاری ڕووداوەکە نەزانراوە و لە ئێستاشدا هێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کردووە و بارودۆخەکەش لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانمان دایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ڕووداوەکە  دوو کەس لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەنگەسەر دەستبەسەرن کراون، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە .