یۆنگ چۆن لە ئایین دەڕوانێت؟

02/12/2020
فۆتۆ: 

دەروونشیکاری یۆنگ لەمەڕ پرسی ئایینەوە / پێشڕەو عەبدوڵڵا

                     4

کێشەکە ئەوەیە پرسی ئایین کاتێک دەست بۆ تەفسیرکردنی دنیا دەبات یان دەیەوێت لەبابەتێک کە مەیدانی زانست و واقیعە، جیهانبینی خۆی مانیفێست بکات، دەکەوێتە بەردەم دوو تەحەدای گەورەوە یەکەمیان باوەڕی خەڵک دووەم دانپیانانی بیرە زانستییەکانە بەو تەفسیرکردنەی ئایین .

بەڵام کاتێک کێشەکە دەکەوێتە نێوان  زانست کە بنەماییەکی عەقڵی و ئەزموونی هەیە و ئایین کە بنەماییەکی خەیاڵی و ڕۆحی هەیە هەمیشە ئایین هەم ڕەگی خۆی دادەکوتێ هەم دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر زانستدا دەسەپێنێ. کەواتە ئەو هێزە شاراوەی ئایین چییە کە زانست دەخاتە پەراوێزی خۆیەوە .

یۆنگ ورد لەم پرسە ڕادەمێنێ و دەنووسێت( دەرکەوتنی ناخودئاگا بەم چەشنە کەرەستەیەکی بەرگری پێک دەهێنێ کە لە بەرانبەر ئەزموونە ڕاستەوخۆکاندا کاریگەرێتییەکەی زۆر زیاترە لە تێورێکی زانستی. تیۆری زانستی لەلایەنە سۆزدارانەکانی ئەزموون بێوەرییە کەچی باوەڕی ئایینی بەدرێژایی سەدەکان وەک خۆی دەمێنیتەوە. بۆ نموونە باوەڕ بەهەبوونی مرۆڤێک کە خوداشە و دەشکوژرێت، لانیکەم پێنج هەزار ساڵە بوونی هەیە)1

کەواتە ئەو هێزە چییە کە چیرۆکە خەیاڵییەکانی ئایین زاڵ دەکات بەسەر حەقیقەتە زانستییەکاندا؟

یۆنگ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە زۆر ئاشکراو ڕوون ئەوە دەڵێت کە ئایین لەبەر ئەوەی دەکەوێتە ناو ناوچەی ناخودئاگاوە و ڕەنگدانەوەی ناخودئاگایە .

هەرچی زانستە دەکەوێتە ناوچەی خودئاگاوە، هەر شتێکیش بکەوێتە ناو خودئاگاوە ڕووبەڕووی هەستەکان دەبێتەوە و وەک شتێکی مادی و بەرهەست دەتوانین هەم تێی بگەین هەم خۆمانی لێ ڕزگار بکەیین، هەر کاتێکیش لە شتێک تێ بگەین و وەک مەعریفەیەک بۆمان ئاشکرا ببێت، ئەمە بۆخۆی جۆرێکە لەهەڵمژین و زاڵبوون بەسەر ئەو شتەدا .

بەڵام کاتێک ئایین دەکەوێتە ناو ناوچەی ناخودئاگاوە تا ئەو کاتەی کە ناکەوێتەوە ناو خودئاگا، مرۆڤ ناچارە تەسلیمی ببێت و ئەو زاڵبوونە قبوڵ بکات، ئەمەشە وادەکات مەسیحییەک بەدرێژایی هەزاران ساڵ مەسیح کە گۆشت و خوێنە بەخودی خودا بزانێت و دوایش بشکوژرێت .

چونکە عەقڵی مەسیحی تا ئەو ساتە تەفسیرێکی یەکلاکەرەوەی بۆ ئەو دیاردە نییە، ئەمە بەشێکی هێزەکەیە، بەشێکی تریشی ئەوەیە لەناخودئاگادا بوونی هەیە، مرۆڤیش لەنێوان خودئاگا و ناخودئاگادا هەمیشە ناخودئاگا زاڵ دەبێت بەسەریدا. بۆیە ئایین هەم پارێزگاری لەنەگۆڕانی خۆی دەکات هەم دەسەڵاتی خۆی بەسەر زانستدا دەسەپێنێ .

بەڵام زانست ڕۆژانە دەگۆڕێت و خودئاگای ئێمە تێردەکات. بۆ ئایینیش ناکرێت هەر ڕۆژە بگۆڕێت و ببێتە چتێکی دی، چونکە سروشتی هەستەکان وایە کە بەگۆڕانی فەزاکانی خۆی خۆشتر و باشتر چالاک دەبێت، بەڵام ڕۆح پێویستی بە پەناگەیەکی ئارام و نەگۆڕ هەیە بۆ ئەوەی تیاییدا بسرەوێت .

ناکرێت ئەمڕۆ بەوشێوازە نوێژبکرێت و بە بەیانی شێوە و ماناکەی بگۆڕێت، چونکە ئەو کات مرۆڤ هەر لە پەشێویی و بێ ماڵیدا دەمێنێتەوە. بەڵام بۆ خودئاگا، گۆڕان و گەشەکردن دەبێتە خۆراک و چاوەی لەزەت بۆ ژیان .

کەواتە مرۆڤ دەکەوێتە نێوان دوو ماکینەی گەورەوە یەکەمیان خودئاگاییەتی کە ڕاستەوخۆ بەو واقیعەوە گرێدراوە و بەردەوام داوای گۆڕان و نوێنبوونەوە و گەشەدەکات، کە بیری زانستی تێیدا چالاکە و دنیاکان ڕەنگاو ڕەنگ دەکات. لەو لاشەوە لایەنی ڕۆحی و ناخودئاگا کە مۆڵگەی بیری ئایینییە، پێویستی بە نەجوڵان و ئارامی و نەگۆڕان هەیە. بۆیە خودا وەک چەمکێک، نابێت بگۆڕێت، نابێت گەشەبکات و هەر ڕۆژە لە شوێنێنکی تر بێت. مرۆڤ دەتوانێت بێ جیهانی زانست بژیت و درێژە بە ژیانی خۆی بدات، بەڵام بێ پەناگەیەکی ڕۆحی ناتوانێت، لەگەڵ ژیانا هەڵبکات .

هێزی ناخودئاگاو ناعەقڵانی ئایین، لێرەوەیە زاڵ دەبێت بەسەر هێزی واقیعی و عەقڵانی زانستدا .

1. دەروونناسی ئایین، کارڵ گۆستاڤ یۆنگ، لاپەڕە 77

                     5

باوەڕی ئایینی و مەسەلەی خودا، دەبێت هەر زوو لە هەرچی مەسەلەی تاکەکەسییە دابماڵرێت، بەو مانایەی کە ئێمە لەدەرەوەری مرۆڤ و کێماسییەکانی وێنای شتێکی دیکە دەکەین، چونکە ئەگەر ئەم پڕۆسەیە نەکرێت و کەسەکان و وێناکان لەنێو خودی کەسەکانەوە دروست بکرێن، ئیتر ئەو بیرە هێزی گشتاندنی خۆی لەدەست دەدات .

لەبەر ئەوەی ئەو کەسە هەر چییەک بێت و هەر کەسێک بێت، بە خودی پێغەمبەرەکانیشەوە، شایانی ئەوەن کە بکەونە نێو هەڵەوە و لەشوێنێکی بڕیار یان تەفسیرکردنی دیاردەیەک نەیپێکن. بۆیە ئایین ئەو دەستە جەمعییەی خۆی لەدەست دەدات و هەر کەسە و ئازاد دەبێت لەوەی سروشت و تێڕوانینی خۆی وەک ئایین تەوزیف بکات، بۆ ڕێگرتن لەم فرە ئایینییە و ئەو شڵەژانەی تووشی مرۆڤ دێت، پێویستە،

 هەر چی بنەما ئایینییەکانە لە ڕەوشتە کەسی و شەخسییەکان پاکبکرێتەوە، چونکە ئەگەر وانەبێت خوداش وەک هەر بوویەکی تر کەم و کوڕی تێدەکەوێت .

هەر وەک بە خودا زانینی عیسا لەلایەن مەسیحییەتەوە کە یەکێکە لەخەوشەکانی ئەو بیرە، چۆن خودایەک هێزی ڕزگارکردنی خۆی نییە و دەشبێتە فریاد ڕەسی خەڵکی .

( باوەڕێکی ئایینی هەمیشە بەرەنجام و بەرهەمی بیری زۆرێک لەبیرمەندان و گۆڕانکاریی چەندین سەدەیە کەلە کەم و کوڕی و ناڕێکی و شپرزەیی ئەزموونی تاکەکەسی داماڵراوە)٭

 تەنانەت بۆ وێناکردنی کەسە ئایینییەکانیش، کاتێک کە چاو لەوە دەپۆشرێت ئەویش وەک ئێمە گۆشت و خوێنە و پێویستی بە سێکس و بەخواردن و هەموو ئەو چالاکییە بایەلۆژییەکان هەیە، لەوێشدا کەسەکە وەک ڕۆحێکی پەتی و موجەڕەد وێنادەکرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەدوای مردن یان غایب بوونی کەسەکەوە دەست پێدەکات .

چونکە ئەم تەسپیتکردن و کۆنکرێتکردنەوەی کەسێتی پیرۆزکراو، خزمەت بە ڕەوشی دەروونی پەیڕەوکراوەکان دەکات و جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرچاوەی ڕوناکی و مایەی ئەوەی وەک پاڵپشتێک بۆ ڕۆحی کەسەکە مانا ببەخشێت. هەربۆیە مردوو هێزی ڕۆحی بەهێزترە لە کەسێکی زیندوو .

لەپەیوەندی نێوان شەمس و مەولانادا، ئەمە زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، شەمس بۆ مەولانا کاتێک پیرۆز دەبێت، کە ئیتر شەمس لەمەولانا دادەبڕێت، چونکە شەمسی دوور، هەمان شەمسی نزیک نییە، شەمسی دوورخراوە شەمسێکە کە پاککراوەتەوە لە خەسڵەتە مرۆییەکان و وەک ڕۆحێکی پەتی لە دەروونی مەولانادا دادەگیرسێت، بەڵام ئەو کاتەی شەمس و مەولانا پێکەوەبوون، شەمس مرۆڤێکی واقیعییە و گۆشت و خوێنە .

ئەم بنەما سایکولۆژییە زۆرجار لەلایەن سەرکردەکانەوە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی وەک ڕۆحێکی پەتی و کەسێتییەکی گەورە وێنابکرێت، بەمەش لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە هەزاران پرسگە دادەنێت بۆ ئەوەی نەبینرێت و خەڵک نزیک نەبێتەوە، تا سیحری بەگەورەبوونی بەتاڵ نەبێتەوە، ئەگەر کوردستانی خۆمان بە نموونە وەربگرین، دەبینین، کادری وا هەیە، پەنجا ساڵە دەیەوێت سەرۆکی حیزبەکەی خۆی ببینێت، بەڵام ناهێڵن بیبینێت .

ئەم تاکتیکە تاکتێکی سایکولۆژییە بۆ ڕاکردن لەوەی کە کەسە بە پیرۆزکراوەکە پارێزگاری لە پیرۆزی خۆی بکات. ئەمە نەک بۆ سەرکردە و سیاسییەکانی کورد، تەنانەت بۆ بەشێک لە ڕۆشنبیرەکانیش، بۆ نموونە ڕۆشنبیرێکی وەک بەختیار عەلی بەردەوام لە هەوڵی شاردنەوەی کەسێتی واقیعیی خۆیەتی لە خوێنەر و ڕەخنەگر و ...تاد چونکە ئەو باش دەزانێت بە نزیک بوونەوە و تێکەڵ بوون، ئەو سحرە گەورەیەی کە ئەنجامی داوە و بۆتە باوکی ڕۆشنبیری کوردی، هەر زوو لێی دەڕەوێتەوە. ئاخر ناکرێت بۆ هەر پڕۆژەییەکی فەلسەفی و دەروونی و مەعریفی و جێدەری و ...تاد پرس بەو بکرێت و ڕای ئەو بە گرنگ بزانرێت، ئەمە کێشە نییە، چونکە لەم بارەدا گروپەکان مامەڵە لەگەڵ تارمایی بەختیار دەکەن و لەگەڵ پیرۆزی ئەو قسەدەکەن، بەڵام لەوێدا کێشەیە، کە بەختیار ڕازی دەبێت، لەهەموو ئەو کایە جیاوازانەدا، وەک سەرتۆپ و لوتکە وەڵام دەداتەوە. واتە ڕازییە بەوەی ئەو ببێتە بت و موقەدەسی نێو هەموو کایە مەعریفییەکانی نێو ڕۆشنبیری کوردی .

بۆیە نابێت ئەو وەک جەستەیەکی بایەلۆژی لەناو فیسبووک و ژیانی نەتەوەکەیدا بێت، تەنها وەک تارماییەک بەناو خوێنەرەکانیدا دێت و دەڕوات. واتە ئەگەر بێت و لەم ڕوانگەیە سەیری هەر یەک لە بەختیار عەلی و  کاک مەسعود بارزانی  بکەین، ناتوانیین هیچ جیاوازییەک بەدی بکەیین .

لە فیلمی 3 هەزار ساڵ پێش زایندا کاتێک ڕم بەدەستە دەشتەکییەکە خوای میسرییەکان دەکوژێت، کابرای بەخوابوو، کەسێکی گەڕە و لەژێر پەردەیەکەوە شاردراوەتەوە، چونکە ئەگەر گەلەکەی وەک جەستەیەکی بایەلۆژی بیبینن، ئیتر لەخوایەتی خۆی دەکەوێت و سحرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە .

بۆیە ئەم تاکتیکە سایکۆلۆژییە، وایکردووە موقەدەس لەدایک ببێت، ڕۆشنبیری پیرۆز و سیاسی پیرۆز و ...تاد

یۆنگ زۆر ورد ئەم میکانیزمە دەروونییە ئاشکرا دەکات و بە داهێنانێکی وردی ناخودئاگای مرۆڤی دەزانێت .

٭ دەروونناسی ئایین، کارڵ گۆستاڤ یۆنگ، لاپەڕە 83

                      6

+خودای خودئاگا، خودای ناخودئاگا :

مەسەلەی خودا وەک چەمکێکی پەتی و ڕووت، هەر بەتەنها بابەتی فەلەسەف و عیرفان نییە، بەڵکو دەروونشیکاری لایەکی دیکەی لەسەر ئەم باسە کردەوە .

ئەگەر فەلسەفە بەشوێن چییەتی خوداوەبێت و عیرفانیش بەشوێن ئەوەوە بێت کە شعور بە خودا پەیدابکات، ئەوا دەروونشیکاری بەشوێن سەرچاوەی بوونی خودایا دەگەڕێت، بەوماناییەی ئەوە لای ئەو کێشەیە ئایا خودا، دەکەوێتە خۆێی مرۆڤەوە و لەکوێدا پەیدا دەبێت و لەکوێد بزر دەبێت .

لەبەشی پێشوو ئەوەمان گووت بۆ ئەوەی خودا نەکەوێتە ناو هەڵەو کەم و کوڕییەوە دەبێت لەشوێنێکی دەست لێ نەدراو و هەست پێ نەکراودا هەڵبگیرێت، ناکرێت خودا وەک بوویەکی ماددی ڕۆژانە بەری بکەوین، دەبێت هەمیشە لەدووری ئێمەوە بدرەوشێتەوە .

بەڵام وەنەبێ، مرۆڤ لەناو جیهانی ماددەدا بەشوێن خودایا نەگەڕابێت، بەڵکو یەکەمیین دەرکەوتنەکانی خودا دەرکەوتێکی ماددی بەرهەست بووە، دوایی لەگەڵ گەشەکردنی بیری مرۆڤدا خوداش گەشەی کردووە. واتە یۆنگ چەمکی خودا بە بیری مرۆڤەوە گرێدەدات و پێی وایە خوداش چەمکێکی گەشەسەندووە و هەموو ڕۆژ دەچێتە شوێنێکی تاریکی واوە کە مرۆڤ نەیبینێت .

بۆیە لەگەڕان بەشوێن خودایا دوو جۆر خودا  جیادەکاتەوە، یەکەمییان خودای خودئاگا و ئەویتر خودای ناخودئاگایە .

( جارێک دەبێ بەوە ڕازی بین کە لە بەر ئەوەی وێناکردنی خودا یەکسەر لەدەرەوەی زەینی خودئاگای مرۆڤی ئەم سەردەمەدایە، لەناخی ناخوئاگایدا ئاشکرا دەبێت و شێوەیەک لەخۆ دەگرێت کەمرۆڤی سێ یان چوار سەدە پێش ئێستا بەشێوەی خودئاگا وەریگرتبوو)1

واتە خودای سەردەمانی زوو خودایەکی خودئاگیانەبووە و لەجیهانی بەرهەستی مرۆڤدا بوونی هەبووە، بەڵام ئەم جۆرە لەخودا کێشەی کەم توانایی و بێ دەسەڵاتی ڕووبەڕوو بۆتەوە. چونکە مرۆڤ خودایەکی کەم توانا و گۆڕاو و بێ دەسەڵاتی ناوێت .

هەروەک لەچیرۆکی ئیبراهیم پێغەمبەردا، کاتێک بێ هیوا دەبێت لە خودای خودئاگا وەک مانگ و ئەستێرە و ڕۆژ، شاگوتەزاکەی خۆی دەڵێت و بەدڵ دەڵێت( لا احب الافلین)2 واتە خودا بەسەرچووەکانم خۆش ناوێت .

واتە مرۆڤ تەنانەت لەناو خودای خودئاگاشدا هەر بەشوێن خودای ناخودئاگادا گەڕاوە، بەڵام بەپێی ئیدراک و گەشەی بیرکردنەوەی وردە وردە خودای پاککردۆتەوە لەهەرچی سیفاتی ماددەیە و لەشتێکی گۆڕاو و بەرهەستەوە، کردوویە چتێکی نەگۆڕ و نابەرهەست (بانهەستی ).

تەنانەت لەلای فەیلەسوفانی پێش سوکرات کاتێک باسی خودایان کردووە بە بازنە چواندوویانە، چونکەبازنە گوزارشتە لە چتێکی نەگۆڕ، هەر بۆیە گەردوون و زەوی و ڕۆژ و...تاد هەموو شتەکانی دیکەش شکڵی بازنەیان هەیە .

واتە لەناو ماددەشدا بەشوێن شتێکی نەگۆڕدا گەڕاون بۆ دەستخستنی خودا .

بەڵام بۆ مرۆڤی نوێ کەبەرهەمی بیری نوێیە، خودای خودئاگا تووشی کێشەی دەکاتەوە، بۆیە دەبێت خودا خوداییەک بێت لەناخودئاگای خۆیدا بەرجەستەببێت و بیپارێزێت لە گۆڕان و دەرکەوتن .

سەرەکیترین هەوڵی پێغەمبەرانیش ئەوەبووە خودای خودئاگا ڕەت بکەنەوە، کە فەیلەسوفەکان بەعەقڵ و بیرکردنەوە ئەم کارەیان کردووە. یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سوکرات کرا ئەوەبوو فرە خودایی ڕەتکردووە و پێی وابوو خوداکانی یۆنان کۆمەڵەخوداییەکن کە بەرهەستن و لەخودئاگادا بوونیان هەیە .

هەرچی پێغەمبەرانە، بەوەحی و وەک نوێنەری خودا ئەوەیان بەگوێی مرۆڤایەتییدا داوە، کە نابێت مرۆڤ و سروشت و حیزب و شێخ و ...تاد ببێتە خودا .

ژێدەر :

1. دەروونناسی ئایین، کارڵ گۆستاڤ یۆنگ، و: فەرمان ڕۆستەمی، غەزەلنووس، چاپی یەکەم، 2016، سلێمانی، لاپەڕە 61

2. قورئانی پیرۆز، سوڕەی ئەنعام، ئایەتی 76