ئەو کەسەی ڤاکسینی کۆرۆنای دروستکرد ناتوانێت لەخۆی بدات

03/12/2020
فۆتۆ: 

ئەو زانا ئەڵمانیـیەی کە لەگەڵ هاوسەرەکەی ڕۆڵێکی سەرەکیـیان هەبووە لە دروستکردنی ڤاکسینەکەی هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ئێستادا بۆی نیـیە ڤاکسینەکە لە خۆی بدات.

پـرۆفیسۆر ئوگور شاهین لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (iTV ) بەریتانی رایگەیاندووە، هەرچەندە ڤاکسینەکەیان لەلایەن بەریتانیاوە مۆڵەتی بەکارهێنانی دراوە، بەڵام ئەو بۆی نیـیە لە خۆی بدات، چونکە هێشتا دەزگا تەندروستیـیەکانی ئەڵمانیا پەسەندیان نەکردووە، دەشڵێت، ڕێسا تەندروستیـیەکانی ئەڵمانیا جیاوازن لەوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.

وتیشی، کەی لە ئەڵمانیا ڕێگە بە بەکارهێنانی درا، ئەوا خۆی و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لە خۆیانی دەدەن.

شایەنی باسە، بەریتانیا بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی ئەم ڤاکسینە ئەمەریکایی- ئەڵمانیـیەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤید- 19.

 دەزگا تەندروستیـیەکانی بەریتانیا پشتڕاستیانکردووەتەوە کە ڤاکسینەکە سوودی هەیە و سەلامەتە و هیچ کاریگەری لاوەکی خراپی مەترسیداری نیـیە.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر ڤاکسینەکە ئەنجامدراون، ڤاکسینەکە بە ڕێژەی 95% سوودی هەیە.