كۆتایى شێرپەنجە؟

03/12/2020
فۆتۆ: 

هاوار محەمەد

بەر لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى كۆرۆنا، نەخۆشییەكیتر هەبوو پزیشكیى سەردەمەكەمانى بەگیر هێنابوو؛ نەخۆشییەك كە بە زوویى لەنێو ترس و پەشۆكانێك كە ڤایرۆسە نوێیەكە لەگەڵ خۆیدا هێنابوونى، هەمووان لەبیریان كرد: شێرپەنجە. ساڵێك پێش بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى كۆرۆنا، شانۆكارى كورد "شوان كەریم" شانۆییەكى بەناوى "گەر بڕیارە بمرین" لە شارى سلێمانى و شارى كۆڵنى ئەڵمانیا نماییشكرد. ئەو ویستبووى لەو بەرهەمەدا ژیانى ئەو كەسانە بهێنێتە بەر ڕۆشنایى كە وێراى نالەباریى ژیانى ئابوورییان، لەنێو كۆمەڵگایەكى نەریتیدا تووشى نەخۆشییەكى مۆدێرن دێن: نەخۆشیى "شێرپەنجە". بەر لەو كارەیش شێرپەنجە ببووە بابەتى چەندین فیلم و كلیپى گۆرانى و پێشانگاى فۆتۆگرافى. هاوكات شێرپەنجە داوایەك بوو بۆ كۆكردنەوەى هاوكاریى بۆ تووشبووان، بەتایبەتیش لە كوردستاندا چەند ساڵێك بوو نەخۆشخانەى "هیوا" پشتى بە هاریكاریى خێرخوازان بەستبوو (هاریكارییەك كە دواجار لە هەڵمەتێكى گەورەى هاوكاریدا بڕە پارەیەك بۆ نەخۆشخانەى هیوا كۆكرایەوە كە حكومەتە خۆماڵییەكەمان بێ باكانە تاڵانى كرد). هەڵكردنى گەردەلوولى كۆڤید19 كۆمەڵگەى ئێمە و جیهانیشى خستە بێئاگاییەكى تەواوەوە لە نەخۆشییەكەى تر؛ تەنانەت گەر تووشبوویەكى كۆرۆنا، بە شێرپەنجەیش مردبێت، هێشتا هەر بە كۆرۆنا مردووە، چونكە ئیدى ئەوە  شێرپەنجە نییە كۆرۆناى گۆریووە بۆ نەخۆشییەكى كوشندە، بەڵكو ئەوە كۆرۆنایە واى كردووە شێرپەنجە كوشندە بێت. شێرپەنجە كەوتە پەراوێزى كۆرۆناوە.

جیاوازیی ئەم دوو نەخۆشییە، پێش هەموو شتێك لەوەدایە كە یەكەمیان درمە و دەگوازرێتەوە و دووەمیان ناگوزارێتەوە. بەم مانایە شێرپەنجە، گەرچى دۆخێكى هەرە سەختى نەخۆشییە و مەرگ و ئاماژەكانى بەشێوەیەكى سامناك لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام هەرگیز نەبووە قەیرانێكى وەها بۆ مرۆڤایەتى كە دەوڵەتان دۆخى ئاوارتەى لێوە ڕابگەینن. شێرپەنجە لە ڕوواڵەتدا پتر قەیرانى كەسیى خودى ئەوانەیە كە تووشیان دێت، بەڵام تەحەداى بەردەم زانستە پزیشكى و دەرمانسازى و چارەسەركارییەكانیشە. "قەیران" لە بنەڕەتدا زاراوەیەكى پزیشكییە و بە واتاى دۆخێكى نەخۆشینە كە تێیدا نەخۆش دەكەوێتە بەرداشى نێوان "ژیان و مردن"ـەوە. لە دۆخى قەیراندا ڕوون نییە نەخۆش دۆخەكەى خۆى تێدەپەڕێنێت و بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ دەبێت یان نەخۆشییەكە بەسەر ئەودا زاڵ دەبێت و دەیكوژێت. قەیران ئەو سنوورە ناسكەى ململانێیەیە لەنێوان مان و نەماندا، لەنێوان سیستەمى بەرگریى لەش و نەخۆشیدا، لەنێوان پزیشكى و هێزى كوێرى مردندا .

ڤایرۆسى كۆرۆنا بە زوویى وەك قەیران بۆ جیهان ناسێنرا، نەك لەبەرئەوەى زۆر كوشندەیە و لە شێرپەنجە سەختترە، بەڵكو لەبەرئەوەى وەك پەتایەك خودى مرۆڤایەتى خستە نێو تراومایەكەوە، نێو زۆنێكى لێڵ و لیخنەوە كە هیچ كەس نەیدەزانى بەرەو كوێى دەبات. هێزى كۆرۆنا لە خێراییەكەیدا بوو، واتە خێرایى بڵاوبوونەوە و تەنینەوەى دەرەكى لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكى تر؛ شێرپەنجەیش خێرایى هەیە، بەڵام خێرایى تەشەنەسەندنى ناوەكیى، لە كاتێكدا لە ڕووى دەرەوەیدا لە كۆرۆنا لەسەرخۆترە و ڕەنگە درێژخایەنتریش بێت؛ بە تایبەت كە لە ئێستادا ڤاكسینەكانى دژە كۆرۆنا ڕوو لە سەركەوتنن. هەڵبەت دەنگۆى ئەوەیش هەیە ڤاكسینەكان كاریگەرییەكى ڕیشەییان دژ بە كۆرۆنا نەبێت، وەختێ بە گوێرەى هەندێك لێكۆڵینەوەى پزیشكى، ڤایرۆسەكە تواناى خۆگۆڕینى هەیە. ئەگەر ئەمە تەنیا گومانێكى پزیشكى یان دەنگۆیەكى میدیایى بێت، ئەوا پێدەچێت ڤاكسینەكان كۆڤید19 بكەن بە پەتایەك كە چیتر مایەى ترس و نیگەرانییەكى زۆر نەبێت (هەرچەندە ئەستەمە جیهان بچێتەوە قۆناغى پرى-كۆرۆنا). بە پێچەوانەوە، ئەگەر ئەو گریمانەیە ڕاست بێت، ئەوا مرۆڤایەتى ناچارە بۆ ماوەیەكى زۆرتر لەگەڵ ئەم نەخۆشى و قەیرانە سەختەدا بژى و سەرجەمى پێشكەوتنە پزیشكییەكانیش لە وەها بارێكدا بە هەلاكەت دەچن، چونكە تواناى خۆگۆڕكێ بە ماناى ئەوەیە ڤایرۆسەكە لە هەر شوناسێك بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێتە هێزێكى نەگیراو و دەركنەكراو .

ڤاكسین لەسەر ڕوانین و تێگەیشتن لە شوناسى ڤایرۆس بەرهەم دەهێنرێت؛ بەڵام گەر شوناسەكە بە هەڵە خەمڵێنرابێت یان ڤایرۆسەكە جێى بهێڵێت و دەستبەردارى ببێت، بچێتە گۆڕانى بەردەوام و بێ شوناسییەوە، بە دەربڕینى دۆلۆز گەر جووڵەى لەقەڵەمڕەوییخستن-بەقەڵەمڕەوكردنەوەى هەبێت، كەواتە زۆرینەى هەوڵەكانى دۆزینەوەى چارەسەر تەنیا شكست دەچننەوە. شێرپەنجە، بە پێچەوانەوە، نەخۆشییەكە كە بێ شومار شوناس دووپات دەكاتەوە و تا ناكۆتا خانە بەسەر خۆیدا زۆر دەكات، لە كاتێكدا خۆى لە شكاندنى نەزمى ئۆرگانیزمەوە دەست پێدەكات؛ بەم هۆیە شوناس دەخاتە نێو پاتەبوونەیەكى ئێجگار خێراى ئەوتۆوە كە كەمكردنەوە هەڵنەگرە؛ تەشەنەكردنەكەى لە بڕین و لابردنەكەى زیاترە. بە گوتەى مۆریس بلانشۆ، شێرپەنجە ناوێكى سامناكە بۆ ناولێنەنراوێك كە لەكارخەرى ئەو نەزمە یاساییەیە كە بوونێكى وێنەیى پەتى بە ئێمە دەبەخشێت؛ شێرپەنجە وەڵامى یاسا ناداتەوە و لە دەرەوەى یاسا بەشێوەیەكى هەڕەمەكى زۆر دەبێت. لەم بارەدا هەر هەوڵێكى پرۆگرامیزەكردن شكست دەهێنێت و ئاڵوگۆڕ دەشێوێت و پەیام ناگاتە جێ یان وەرناگیرێت. یەك تاكە خانە تێكدەشكێت و چیتر پەیڕەوى لە ڕێسا ئۆرگانیكییەكانى گشت ناكات، بەم هۆیە دەبێتە ئیندیڤجواڵیك كە خۆى دووپات دەكاتەوە. بەم جۆرە لە ڕوانگەى بلانشۆوە، شێرپەنجە دیاردەیەكى سیاسییە، فۆڕمێكى دانسقەى وێرانكردنى نەزم و لەكارخستنى هێزى پرۆگرامە لە ڕێگەى زۆركردنى كۆنترۆڵنەكراو و كایۆسەوە. بلانشۆ لایوایە ئەم ڕەهەندەى شێرپەنجە، واتە هەڕەشەى شلەژاندن و بێ نەزمى، لە خودى مەرگێك كە دەشێت شێرپەنجە هۆكارەكەى بێت، كوشندەترە .

بە گوێرەى ژان بۆدریار شێرپەنجە هەمان "لەبەرگرتنەوە" یان "كۆپیكردن"ـە، لەبەرگرتنەوەى خۆى بە بێ بوونى هیچ لێكدژییەكى ناوەكى، زۆربوونێك بە بێ كردەى سێكسیى دوو ڕەگەزى ناچوونیەك؛ دووپاتكردنەوەیەكى بی ڕێسا و ناڕێكى هەمان ماتریكس. بەم شێوەیە شێرپەنجە مەجازێكە كە واقیع بەسەر خۆیدا چەند هێندە دەكاتەوە. ئەمەیش یەكێك لە جیاوازییەكانى شێرپەنجە و كۆرۆنایە: شێرپەنجە لەنێو خۆیدا ڕوودەدات، خانە بەسەر خۆیدا دادەڕمێت؛ كۆرۆنا بوونەوەرێكى غەریبە كە دەچێتە ناو لەشەوە و دەست بەسەر خانەدا دەگرێت. لەبەرئەمە كۆرۆنا، گەرچى لە سەرەتادا تەواو ڤایرۆسێكى نەناسراو، تارماییەك بوو، بەشێك بوو لە "مادەى تاریك"، ئەوا هێشتا بەراورد بە شێرپەنجە بۆ ئەزموونى مرۆڤایەتى ئاشناتر بوو، بە تایبەت كە دەشیا لەگەڵ تاعوندا بەراوردى بكەین. بە گوتەى بۆدریار هەموو تاسە و كەڵكەڵەى دنیاى پۆستمۆدێرن ڕۆشنكردنەوەى "مادەى تاریك"ـە. ماوەى ساڵێكە دەوڵەتان و تاقیگەكانیان خەریكن كۆرۆنا ڕۆشن بكەنەوە و مادەى تاریك بڕەوێننەوە . بێگومان هێشتا بە تەواوى ڕوون نەبۆتەوە مرۆڤ پێدەنێتە قۆناغى پۆست-كۆرۆنا یان نا، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەم زووانە پێنانێتە قۆناغى پۆست-شێرپەنجە. بە تایبەتى گەر بزانین شێرپەنجە چیتر ناوى نەخۆشییەكى فیزیكى نییە، بەڵكو ناوى نەخۆشیى سەردەمەكەمانە. بۆدیاریش لایوایە شێرپەنجە ڕۆڵێكى ڕادیكاڵى هەیە، بەڵام نەك بەو مانایەى كە بلانشۆ مەبەستى بوو، بەڵكو وەك كۆمەڵە وەرەمێكى پیس لە جەستەى جیهانى ئەمڕۆدا كە لە هەموو لایەكەوە تابێ زۆر دەبێت: وێنەكان، كەناڵەكان، میدیاكاران، ئەستێرەكان، پێشكەشكاران، شاجوانەكان، مۆدێلەكان و تەنانەت خەڵكى ئاسایى هەر هەموو پێكڕا لە زۆربوون و دووپاتبوونەوەیەكى سەرەتانیدان، لە وەكییەكى و هاوشوناسییەكى ناكۆتادا لەسەر خۆیان كۆپى دەبنەوە. دواجار سەرجەمى ئۆرگانیزمى جیهان دەگۆڕێت بۆ وەرەمە سەرەتانییەكانى خۆى.