توانای هونەریی لە باڵابوندا

03/12/2020
فۆتۆ: 

دەربارەی هونەرمەند (هەژار محەممەد) / وەهبی ڕەسوڵ

خواستی گەیشتن بۆ لێکچون لەگەڵ سروشت، خواستێکە ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی مرۆڤ لە بەرجەستەکردنی ھەرچی زیاتر و ووردتری دەوروبەری خۆی ، وەک ھێزێکی سەرسامکەر و خاوەن ئەفسوون  بۆ دەسەڵات و تواناشکان بەسەر ئەو دەوروبەرەدا،  بەڵام بەدەستنیشانکراوی وەک ناونیشانی ئەم جۆرە خواستە و وەک یەکێ لە ئاراستە ھونەریە ھەوڵبۆدراوەکانی بەدیھێنان و بەرجەستەکردن، ئەوا مێژوو و پشتینەی بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیە ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ڕێنیسانس،  و بەدیاریکراویش بۆ قوتابخانە و شێوازی فلاندەریی ئەو سەردەمە. بەڵێ ئیتالیەکان ڕێز و پێگەی تایبەتیان بە فۆڕم  بەخشی، بەڵام دوای ملکەچ پێکردنی لەبەردەم ڕێسا و بنەما کلاسیکیەکاندا. بۆیە گەیشتن بە فۆڕمی نمونەیی ، نەک ڕیالیستی تەواو، بوە جێ کۆشین و بەرەنجامی ئەوان. بەڵام ئەوەی کەمایەوە بۆ زەمەنی دوا ڕێنیسانس، لە بارۆک بۆ باڵاتر، ھێندەی خواستی لێکچونی سروشت و واقع بوو، ھێند فۆڕمێکی دامەزراو نەبوو لەسەر ڕێساو بنەمای داڕێژراو.

ئەم خواستە لەو ڕۆژگارەوە تا ئەمڕۆ تین و توانای خۆی لەدەستنەداوە، و لەوەش ناچێت لەدەستی بدات، بەڵام بە دەستبەرداربون لە مەرامی دەسەڵات شکان بەسەر دەوروبەردا، و بەمانەوەی ھێزە ئەفسوونیەکەی، بەڵام ئەمجارە ئەفسونێکە نەک بە ئاراستەی بەرجەستەکراو، بەڵکو بەئاراستەی بینەری بەرجەستەکراوەکە. پاڵنەری ئەم ئەفسوونەیە تا ئەمڕۆی زەمەنی پۆستمۆدێرن بەردەوامی لە ھایپەرڕیالیستەکاندا بەخۆی داوە. نێوەندی شێوەکاریی کوردیش بەدەر نەبوە و نییە لەم خواستە بەرجەستەکردنە، بەڵام لەھەر سەردەم و کاتێکدا بەرەنجامەکان بەپێی توانا بەسەراشکانێکی کارامەیی بووە لە بەدیھێناندا. لە ئەمڕۆی کارکردنی توانا ھونەریە باڵاکردوەکانماندا، (ھەژار محەممەد)یش وەک ژمارەیەکی دیار لە ھونەرمەندانی لاو، بە ھەمان خواست و مەبەستەوە، بە کارامەیی و دەستوپەنجەیەکی لێوان لە توانا و سەلیقەوە، دەستیبردوە بۆ ئەم تەرزە نیگارکێشی و بەرجەستەکردنە، ئەو وەک بابەت، ڕوخساری کەسایەتیەکی مەحبوب بە شاری سلێمانی (حەمە شێت) بۆ ناوەڕۆکی یەکێ لە کارەکانی ھەڵبژاردوە، کە وەستانەوەی بژاردە لەسەر کەسایەتیەکی وەھا، وەستانەوەی بژاردەیە لەسەر مرۆڤە پەراوێزخراوەکان، و لێدانە لە ڕێسا باوە سەنتەریەکانی بەرجەستەکردن.
دەستخۆشی و دەستگوشینم بۆی.