شاندێکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

03/12/2020
شاندێکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، شاندێکی حکومەتی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا شاندێکی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر یەکە لە خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، "سبەینێ لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبینەوە و کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبن لەگەڵ وەفدی حکومەتی عێراق تاوەکو دەگەینە ئەنجامێکی باش".

چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە ٢ی١٢ی٢٠٢٠، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆبووەوە و دوابەدوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، بڕیاریانداوە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.