وەزیری تەندروستی عێراق زانیاری نوێ لەبارەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

04/12/2020
وەزیری تەندروستی عێراق زانیاری نوێ لەبارەی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرادەکات
فۆتۆ: فۆتۆ: سۆران عەبدولکەریم
کەرکوک

وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە ڤاکسینی کۆڕۆنا دەگاتە وڵاتەکەی کە بەشێکی تایبەت دەبێت بەنەخۆشانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.

لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای کەرکوک و لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیاندا، سەبارەت بە کاتی گەیشتن و چۆنیەتی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە عێراق، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ڕێکارەکانی تایبەت بەکڕینی ڤاکسینەکە تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا ڤاکسینی کۆرۆنا لە تەواوی عێڕاقدا، بەپاریزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە بەردەست دەبێت و بڵاودەکرێتەوە.

وتیشی، بەشێکی زۆری ئەو ڤاکسینە بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

تۆڕی هەواڵی ژیان زانیویەتی حکومەتی عێراق بەنیازە زیاتر لە 10 ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا بکڕێت کە بەشی هەڕێمی کوردستان تەنها 400 هەزار ڤاکسین دەبێت.

بە مەبەستی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی 180 تەختیی و تاوتوێکردنی دۆخی تەندروستی کەرکوک، ئەمڕۆ هەینی ٤ی١٢ی٢٠٢٠، حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق سەردانی پارێزگای کەرکوکی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبووەوە.