میدیای ئەمریکا: واشنتۆن بەنیازە ڕێکخراوی بەدر بخاتە لیستی تیرۆرەوە

04/12/2020
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی (Washington free beacon) ی ئەمریکا ئاشکرایکرد، کۆنگرێس بە نیازی دەرکردنی یاسایەکی نوێیە بۆ ئەوەی ڕێکخراوی بەدری ھادی عامری لە عێراق وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت .

ھەڵمەتی دەرکردنی ئەو سزا و یاسایە لەلایەن سیناتۆر "جۆ ویلسۆن" ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە بەگوێرەی وتەی ڕۆژنامەکە ئەو ڕێکخراوە بۆ یەکەمجار دەخرێتە لیستی رَێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە .

بەگوتەی ڕۆژنامەکە چاوەڕواندەکرێت یاساکە پشتیوانیەکی گەورەی لێبکرێت لە لایەن کۆمارییەکان و ھەڵۆکانی ناو دیوکراتەکانەوە .

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، چاوەڕواندەکرێت ئەو سزایانە ببێتە ھۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ھەڵبژیژێردراوی ئەمریکا، کە بە نیازە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێراندا سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکاتەوە .

رۆژنامەکە نووسیویەتی "ویلسۆن ھیوادارە وەزارەتی دەرەوە ڕێکخراوی بەدر وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێت، بەر لە ساڵیادی یەکەم ھێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ساڵی ٢٠١٩دا .

ڕێکخراوی بەدر یەکێکە لە لایەنە پێکھێنەرەکانی حکومەتی عێراق و وەک بەشێک لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی .

دەرکردنی یاساکە پێویستی بە ھەموارکردنێک ھەیە، بۆ ئەوەی وەک راپۆرتێک ئاماژە بکاتب ە ھێرشەکانی ڕێکخراوی بەدر لە عێراق، بە تایبەت ڕۆڵی ڕێکخراوەکە لە ھێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا .

ڕێکخراوی بەدر یان فەیلەقی بەدر، ڕێکخراوێکی سیاسی عێراقییە و لە ساڵی ١٩٨٢ بە سەرپەرشتی محەمەد باقر حەکیم دامەزراوە،باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بووە،  بە یەکێک لە باڵە سەربازییە شیعە زۆر ڕێکخراوەکانی ناو عێراق دادەنرێت لە کاتی دەسەڵاتی سەدام حسین سەرۆکی پێشووی عێراق .

دوای ھەڵمەتی دەستگیرکرد و لەسێدارەدانی سەرکردە و ئەندامەکانی، ڕێکخراوی بەدر ئێرانی کردە بنکەیەکی سەرەکی خۆی و لە کاتی جەنگی عێراق ئێراندا بەشێک لەو سەربازە عێراقییە دەستگیرکراوانەی بەرەکانی جەنگ پەیوەندییان کرد بە ڕێکخراوەکەوە