دادگای باڵای ئەمریکا ڕەتیکردەوە گوێبیستی داوایەکی ترەمپ بێت

04/12/2020
فۆتۆ: 

دادگای باڵای ئەمریکا لە ویلایەتی ویسکونسن ڕەتیکردەوە، گوێبیستی داوایەکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ببێت کە پێشکەشی دادگاکەی کردووە، سەبارەت بە پڕوپاگەندەکانی کە دەڵێت ساختەکاری کراوە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کە کاندیدی دیموکراتەکان سەرکەوتنی بەدەستھێنا تیایدا .

دادگای باڵای ئەمریکا لە ویسکونسن ڕایگەیاند، پێویستە لەسەر ھەڵمەتەکانی ترەمپ کێشەکانی لە دادگاکانی جیھان بەرزبکاتەوە پێش ئەوەی پێشکەش بە دادگای باڵای بکات .

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش دادگاکانی ئەمریکا لە چەند ویلایەتێکی دیکە داوای ھاوشێوەی تیمەکەی ترەمپیان ڕەتکردووەتەوە، کە گوایە ساختەکاری لە دەنگدان و ھەڵبژاردنەکانی ویلایەتەکانی جۆرجیا و پەنسلڤانیادا کراوە .

دادگای باڵای ئەمریکا ھێشتا سەیری دوو کێشەی دیکەی کۆمارییەکانی نەکردووە، کە بۆ دادگاکەیان بەرزکردووەتەوە و داوای ھەڵوەشاندنەوەی کارتەکانی دەنگدان دەکەن، ئەو ھەڵوێستەی دادگا لە کاتێکدایە، ویلایەتی وستکونسن بردنەوەی بایدنی لە ویلایەتەکە ڕاستاندووە .

ئەو داوا نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ھەفتەی ڕابردووش پارتی کۆماری داوای لە دادگای باڵا کردووە فەرمانێکی بە پەلە دەربکات، بەھۆیەوە رٍێوشوێنەکانی تایبەت بە راستاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی پەنسلڤانیا ڕابگرێت .

ئەو ھەوڵانەی تیمی ترەمپ و پارتی کۆماری لە کاتێکدایە، تا ئێستاش دۆناڵد ترەمپ ڕەتیدەکاتەوە دان بنێت بە دۆڕاندنی خۆیدا لە ھەڵبژاردنەکای ٣ی تشرینی دووەمی ڕابردوودا .

لە بەرامبەر ئەو ھەوڵانەی ترەمپ، جۆ بایدن سەرۆکی ھەلبژێردراوی ئەمریکا لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، وەک خودی خۆی بەلایەوە گرنگ نییە ترەمپ ئامادەی ئاھەنگی دانانی ڕۆژی ٢٠ی کانونی دووەمی داھاتوو بێت، کە تیایدا پۆستی سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا وەردەگرێت .

لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەشکرد، بایەخ و گرنگی ئامادەبوونی ترەمپ بۆ ئەوەیە پارێزگاری بکرێت لەسەر ئەو پەیڕەوەی تایبەت بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و وێنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیھاندا .

سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە "لەوبڕوایەدام ئامادەبوونی لەو ڕوەوە گرنگە، کە سنورێک دادەنێین بۆ ئەو پشێویەی کە دروستی کردووە، بەڵام بۆ خودی من ھیچ گرنگ نییە، چونکە ئەوەی کە ڕوو دەدات دەرخستنی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتە لە نێوان لایەنە رٍکابەرەکاندا کە لە پاڵ یەکدا دەوەستنەوە و سڵاو ئاڵوگۆڕ دەکەن، ئەو وێنەی کە پێشکەشی جیھانی دەکەین ئەوەیە زیاتر دوودڵی کردووم لەوەی لە سیاسەتی ناوخۆیدا چی ڕوو دەدات ".

پێشتر تۆڕی ھەواڵی (NBC) ئەمریکا لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی ئامادەنەبوونی ئاھەنگی دانانی بایدن و ڕاگەیاندنی وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەکات، ھەروەھا بە نیازیش نییە پەیوەندی بە ڕکابەرەکەیەوە  بکات یاخود بانگھێشتی بکاتب ۆ کۆشکی سپی .

 تەلەفزیۆنەکە ئاشکراشی کردبوو کە ترەمپ خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٤ کاندید دەکاتەوە .

ھەر لەو چوارچێوەیەدا بیرنی ساندەرز سیناتۆری دیاری دیموکراتەکان دەربارەی ھەڵوێستەکانی ترەمپ و کۆمارییەکان ڕایگەیاند، زۆر جێگەی نیگەرانی و بێھیواییە ئەمریکا سەرۆکێکی ھەبێت لە تەواوی ئادەبوونی لە کاری فەرمیدا کاربکات لەسەر تێکدانی دیموکراسیەتی ئەمریکا، جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت لە کۆمارییەکان کە بوێریان ھەبووە لەسەر ئەوەی بڵن جۆ بایدن سەرۆکە و ئەم ھەڵبژاردنە دادپەروەرانە بووە، چونکە ئەو ھەڕەشە و تۆقاندنەی کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە لێیان کراوە مایەی قبوڵکردن نییە .