میدیای ئیسرائیل: مۆساد لە ساڵی ١٩٩٣وە چاودێری فەخری زادەی کردووە

05/12/2020
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری مۆساد لە ساڵی ١٩٩٣وە چاودێری موحسین فەخری زادە زانای فیزیایی و ئەتۆمی تیرۆرکراوی ئێرانی کردووە.

ڕۆژنامەکە لە زاری "ڕۆنن برگمان"ی شیکەرەوەی کاروباری هەواڵگری ڕۆژنامەکەوە ئاشکرایکردووە، تەلئەبیب توانیویەتی بگات بە بڕێکی ئێجگار زۆر لە زانیاری سەبارەت بەو زانا ئەتۆمیە و پرۆژەی ئەتۆمی ئێران و پەیوەندی بە "عەبدولقەدیرخان" باوکی بۆمبی ئەتۆمی پاکستانەوە.

ڕۆژنامە ڕوونیشیکردەوە، تۆمارێکی نهێنی لەبەردەستدایە، بەشێکی پێکهاتووە لە دەنگی فەخری زادە کە باس لەبنیات نانی پێنج کڵاوەی تەقینەوەی ئەتۆمی دەکات و بەڵگەنامەی تایبەت بە خەتی خودی فەخری زادە.

بە گوتەی ڕۆژنامەکە مۆساد سەرکەوتوو بووە لە بەکارهێنانی لێپرسراوێکی ئێرانی نزیک لەو زانا ئەتۆمییەی ئێران.

ڕونن برگمان ئاماژەی بەوەشکردووە، فەخری زادە یەکێک بووە لەو کەسانەی کە تاقیکراوەتەوە لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەو پێیەی زانایەکی بە توانا بووە لە بوارەکەی خۆیدا، جگە لەوەش لە ساڵی ١٩٧٩وە چووەتە ڕیزی سوپای پاسدارانەوە و پیاوێک بووە لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیدا لە لوتکەی پرۆژەی ئەتۆمی ئێراندا.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە یەکەم ڕۆژی تیرۆرکردنی فەخری زادەوە ئێران دەستی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل و بەکرێگیراوەکانی ئەو وڵاتە درێژکرد، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو ڕوداوە ڕانەگەیاندووە.