باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەردانی قائانی بۆ عێراق پشتڕاستکردەوە

05/12/2020
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەغدا

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەردانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی بۆ عێراق لە مانگی رابردوودا، پشتڕاستکردەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعالەم (العالم)، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، مانگی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی سیاسی و حزبی و چەند کەسایەتییەک کۆبووەتەوە.

بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان، سەردانی قائانی بۆ عێراق بە مەبەستی رێگەگرتن لە ئاڵۆزی و پێکدادانی نێوان چەکدارانی حەشدی شەعبی و گروپەکانی نزیک لە ئێران لەگەڵ ئەمریکا بووە، لە کۆتا رۆژەکانی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا.

سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو راپۆرتانە، ئیرەج مەسجدی وەڵامێکی روونی نەدایەوە، بەڵام رایگەیاند، سیاسەتی ئێران دەست وەرنەدانە لە کاروباری ئەو گروپانە، لەهەمانکاتدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە گروپە چەکدارەکانی عێراق دەیانەوێت راوێژ لەگەڵ تاراندا بکەن و ڕاوبۆچوونی کۆماری ئیسلامی ئێران و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران وەربگرن.

پێشتر هەندێک میدیای عێراقی و بیانی بڵاویانکردبووەوە کە رۆژی چوارشەممە ١٨ی١١ی٢٠٢٠، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە نهێنی سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبووەتەوە بەڵام ئیسماعیل خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەواڵەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو جۆرە هەواڵانە هیچ بایەخێکیان نییە.