خۆپیشاندەرانی ئەرمینیا داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران دەکەن

05/12/2020
فۆتۆ: 

خۆپیشاندەرانی ئەرمینیا کە لە بەردەم بارەگای حکومەتی وڵاتەکەیان گردبوونەتەوە، وادەی تا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوویان داوەتە نیکول باشینیان کە پێویستە دەسەڵات جێبهێڵێت.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا  "ئیشخان ساغاتیلیان" نوێنەر پارتی یەکێتی شۆڕشگێڕی ئەرمینیای ئۆپۆزسیۆن ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند "تا نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو مۆڵەت دەدەینە نیکول باشینیان کە دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێت، ئەوا لە سەرانسەری وڵاتدا یاخیبوونی مەدەنی ڕادەگەیەنین و ئەگەر تا سێشەممە دەستلەکار نەکێشێتەوە ئەو کاتە ئێمە دووری دەخەینەوە".

ئەو داوایانەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دەیان هەزار کەس لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا خۆپیشاندانی فراوانیان ڕێکخست و داوای ڕۆیشتنی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان کرد، لەپای ڕاگرتنی شەڕی ٤٤ ڕۆژی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئازەربایجان لە هەرێمی ناگۆرنی کارەباخ.

دوای زیاتر لە مانگێک ڕوبەڕوبوونەوەی خوێناوی کوژرانی سەدان کەس لە سوپای هەردوو وڵات، حکومەتی ئەرمینیا بە ناچاری ملی دا بۆ راگرتنی شەڕ و ڕادەستکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی ناگۆرنی کارەباغ، کە دەیان ساڵە لەگەڵ ئازەربایجان ناکۆییان هەیە لەسەری.