قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی نێرگەلەکێشانەوە هۆشیاری دەدات

05/12/2020
قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی نێرگەلەکێشانەوە هۆشیاری دەدات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

قائیمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە گۆڕینی ئاوی ئەو دەفرەی نێرگەلەی لەسەر جێگیر دەکرێت هۆشیاری دەدات و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت، مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی لێدەکرێت.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئاگاداری سەرجەم کافتریا و کۆفی شۆپەکانی دەکەینەوە لەدوای کێشانی نێرگەلە پێوستە ئاوی ئەو دەفرە بگۆڕن (قاعیدەی) نێرگەلەکەی لەسەر جێگیر دەکرێت، چونکە بەهۆیەوە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆس و میکرۆب لێدەکرێت.

وتیشی، لەڕێی فوکردن بە قامچیەکە و هەڵمژینی دوکەڵی نێرگەلەکەوە، ڤایرۆس و میکرۆب دەگوازرێتەوە، ئەو دەفرە و ئاوەکەی ناوی و دەبێت بەناوەندێک بۆ بەزیندو هێشتنەوە و گەشەکردنیان و خۆ گواستنەوە بۆناو لەشی کەسێکی دیکە.

ئاشکراشیکرد، یەکێک لە مەرجەکانی کردنەوەی شوێنەکانی نێرگەلە کێشان، بەکارهێنانی قامچی(سۆندە)ی سەفەرییە، کەتەنها یەکجار و بۆ یەک کەسی نێرگەلەکێش بەکاربهێنرێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

ئەوەشی خستەڕوو کە پابەندبون بە مەرجەکانی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی یەکێکی ترە لە بنەماکانی کاکردنی کافتریا و شوێنەکانی کێشانی نێرگەلە، بۆیە پێویستە رۆژانە (قاعیدەی) نێرگەلەکان و هەمو ئەوپێداویستیانەی رۆژانە بەکاریدەهێنن بشۆردرێن و بەشێوەیەکی تەندروست پێشکەش بەبەکارهێنەران و نێرگەلە کێشان بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر و لەرێی هۆکارەکانی راگەیاندن و سەردانی لیژنە هاوبەشەکانەوە سەرجەم گازینۆ، کافتریا و کۆپی شۆپی نێرگەلە کێشان و شوێنەکانی خواردنەوە کحولییەکان ئاگادار کراونەتەوە رێگری لە هاتوچۆ کردنی مناڵی خوار تەمەن هەژدەساڵ و نەوجەوان بکەن و نێرگەلە و خواردنەوەی کحولیان پێشکەش نەکرێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی راشیگەیاند، مەبەست لە سەردانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ دوکان و بازاڕ وشوێنە گشتییەکان زیان گەیاندن نیە بەکار و بازاڕی کەس و سزادانی خاوەنەکانیان، بەڵام لەپێناوی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی لیژنەکان ناچاردەبن سەرپێچیکاران روبەڕوی سزای یاسایی بکەنەوە.