تەندروستی سلێمانی: ئەمڕۆ دوو توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

05/12/2020
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ٥ی١٢ی٢٠٢٠، ١٣ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و دوو کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

روونیشیکردووەتەوە، لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن یەک تووشبوو و لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ توشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ ١٦ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ١٣٨ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٩٨ هەزار و ١٠٩ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٢١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦١ هەزار و ٩٦٢ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.