ترەمپ دوا ڕۆژەکانی لە کۆشکی سپی چۆن بەسەر دەبات؟

06/12/2020
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکرد، کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا چۆن دوا ڕۆژەکانی خۆی لە ناو کۆشکی سپی بەسەر دەبات، بەر لەوەی ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو کۆتایی بێت بە وادەی پۆستەکەی و دەستبەکار بوونی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا.

ڕۆژنامەکە لە زاری ژمارەیەک لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی ترەمپەوە بڵاویکردەوە، بە کەمی ترەمپ دەبینن لە کارکردن، هەروەها زۆربەی هەرە زۆری خشتەی کارەکانی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بە تایبەت ئەو کارانەی کە پەیوەندیان نییە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکانی بۆ دووبارەکردنەوەی ئەنجامەکان.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە درێژایی هەفتەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ نزیکەی ١٤٥ تویتی لە تویتەری خۆی بڵاوکردووەتەوە و رەحنە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەگرێت کە لە ئەنجامەکانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا تەنها ٤ تویتی باسی کۆرۆنای کردووە.

بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی پێش خۆیەوە، ترەمپ تا ئێستا پەیوەندی نەکردووە بە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە، ئەوە جگە لەوەی بانگهێشتیشی نەکردووە بۆ کۆشکی سپی، کە وەک پەیڕەوە لە ئەمریکا دوای هەڵبژاردنەکان سەرۆک بانگهێشتی سەرۆکی دوای خۆی دەکات.

جگە لەوەش ترەمپ چەند جارێک رایگەیاندووە، کە پێدەچێت ئامادەی ئاهەنگی دەستبەکار بوونی جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا نابێت، ئەوەش لە مێژووی ئەمریکادا لە دوای ساڵی ١٨٦٩ وە بۆ یەکەم جارە ئەو پەیڕەو دەشکێت و سەرۆکی پێشوو بەشداری ئاهەنگی دەستبەکار بوونی سەرۆکی نوێی وڵاتەکەی ناکات.

ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ترەمپ  سەرقاڵ بووە بە پرۆسەی دووبارەکردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا، کە ئیوارەی دوێنی لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمەڵەی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتەکە ڕایگەیاند، سەرکەوتن بەدەست دەهێنێتەوە، لە کاتێکدا مانگێک لەمەوبەرەوە جۆ بایدن سەرکەوتنی تێدا بە دەستهێناوە.

سەرباری بەردەوامی هێرشەکانی ترەمپ بۆسەر سیستمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندبوو چیتر بەکەڵک نەماوە، بەڵام تیمە یاساییەکەی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون بەڵگەیەکی یاسایی بدەنە دەست دادگاکان سەبارەت بە بوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.

لە کاتێکدا دووبارە بژاردنەوەی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا بەرەو ئەوە دەچێت دووبارە سەرکەوتنی جۆ بایدنی تیا رابگەیەندرێتەوە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرایکردووە، ترەمپ پەیوەندی کردووە بە بریا کمیت حاکمی ویلایەتی جۆرجیاوە، بۆ ئەوەی ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتەکە رأزی بکات بە هەڵوەشاندنەوەی سەرکەوتنی بایدن لە ولایەتەکە و داوا لە دادگاکانیش بکات فەرمان بکەن بە پێداچوونەوەی ئیمزای ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی ئیمەیڵ و پۆستەوە دەنگیان داوە.

تا ئێستا ترەمپ چەند جارێک رایگەیاندووە، توانیویەتی ٧٤ ملیۆن دەنگی دەنگدەرانی ئەمریکا بەدەست بهێنێت، بەشێوەیەک کە تا ئیستا هیچ سەرۆکێک نەیتوانیوە ژمارەی دەنگەکانی بگاتە ئەو ژمارەیە، ئەو لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا توانیویەتی ٨٠ ملیۆن دەنگی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت.

سەرباری ئەوەی وتار و لێدوانەکانی ترەمپ هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەیدا، بەڵام لە لێدوانێکیدا کە رایگەیاندبوو، ئێستا چین و ڕوسیا دڵخۆشن بەوەی کە لە چوار ساڵی داهاتوو ناتوانین ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات.