سوپای پاسداران زانیاری نوێ لەبارەی چۆنیەتی کوشتنی فەخریزادە بڵاودەکاتەوە

06/12/2020
سوپای پاسداران زانیاری نوێ لەبارەی چۆنیەتی کوشتنی فەخریزادە بڵاودەکاتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران زانیاری نوێی لەبارەی چۆنیەتی کوشتنی موحسن فەخریزادە زانای ئەتۆمیی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ناوبرا لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە تیرۆر کراوە.

رەمەزان شەریف وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، موحسن فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنانی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەمان، لەڕێگەی چەکی ئەلەکترۆنی پێشکەوتوو و مانگی دەستکردەوە تیرۆر کراوە، بۆیە ناتوانرێت توانای دەزگا ئەمنییەکانمان بخرێتەژێر پرسیارەوە.

پێشتریش کەناڵی ئەلعالەم و چەند میدیایەکی ئێران بڵاویانکردبووەوە، کە هێزی مرۆیی بەشدارنەبووە لە کوشتنی فەخریزادەدا و ناوبراوە بە چەکی پێشکەوتوو و ریموت کۆنتڕۆڵ تیرۆر کراوە و چەکەکەش دروستکراوی ئیسرائیل بووە.

وتەبێژی سوپای پاسداران راشیگەیاند، ماوەی ٢١ ساڵە حکومەتی ئیسرائیل بەدوای فەخریزادەوە بووە و هەوڵی تیرۆرکردنی داوە و لە تەواوی ئەو ماوەیەدا حکومەتی ئێران پارێزگاری لێکردووە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٢٧ی١١ی٢٠٢٠، موحسن فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی وەزارەتی بەرگری و یەکێک لە بەتواناترین زانایانی ئەتۆمیی ئێران، کە چەندین نازناوی وک باوکی ئەتومی ئێران و قاسم سلێمانی بواری پیشەسازی ئەتومیی ئێران هەبوو، لە ناوچەی دەماوەندی تاران تیرۆرکرا.

چەند رۆژ دواتر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان توانیویانە چەند سەرەداوێک لە ئەنجامدەرانی تیرۆرکردنی موحسن فەخریزادە بەدەستبهێنن و لە داهاتوویەکی نزیکدا زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا روونکردنەوەی زیاتریان نەداوە.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بەپرسانی ئێران بە پلەی یەکەم ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکەن، چونکە پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی موحسن فەخریزادەی کردبوو.