ھەولێر، جەھەننەمی بچووک!

06/12/2020
فۆتۆ: 

غەمگین خدر

شاریش بە ھەموو پیاسەکانەوە 
بێزارە
پێیەکانیشم 
نەخۆشی ئەو شۆستانەن 
 بە کەڵکی پیاسەی دوو دڵی پاک نایەن
پلەی گەرمی گەڕەکەکان 
لە جەستەی مندا بەرزبوونەتەوە و
منیش کە شار لە پێیەکانمدا،
 بەربێتەوە
شەیتان 
پێش من 
دەست لەو شارە دەشوات.

دەمەوێت ترسێکی گەورەتر  لە باڵەخانەکان
لە دڵمدا 
قیچ
 قیچ 
باڵا بکات 
دەمەوێت لەسەر ڕێگە ڕەشەکان 
بە سپی بنووسم:
باڵەخانەکان دووکەڵ لە کەپوویان بەرز دەبێتەوە 
دووکەڵ،
 دەچێتە خەیاڵی ھەورەکانەوە
پەنجەرەکان ئارەقەیان بە دیوارەکاندا دێتە خوارەوە
پیاوێکیش بە خەونێکی سپییەوە
نازانێت چیڕۆکی خۆی بگێڕێتەوە.

پیاوێکیش شاری نەماوە 
بۆ پیاسەیەکی عەسرانە
پیاوێکیش کۆڵانێکی نەماوە 
بۆ بێدەنگبوونی کۆخە کۆخی گزۆزی تڕۆمبێلەکان
پیاوێکیش باغچەیەکی نەماوە 
بۆ دۆزینەوەی ھەوای فێنکی ئاسوودەیی
پیاوێکیش بازاڕێکی نەماوە 
خۆی بۆ قاوەخانەکان ڕووت نەکاتەوە
پیاوێکیش مرۆڤی خۆماڵی نەماوە 
بۆ گوتەی ڕاستگۆیی 
پیاوێکیش کە منم 
ڕووت ڕووت لەناو گەرمادا  دانیشتووم و 
باوەشێنە لە گەرمای ئێستام دەکەم.

پیاوێکیش، شاری جمەی دێت لە ئاسەواری دووکەڵ 
شارێکیش، پڕ لە دووکەڵی ڕەنگاوڕەنگە
شارێک پڕە لە دووکەڵی گوللەی ڕەش
شارێک پڕە لە دووکەڵی ئومێدی کوێر
شارێک پڕە لە دووکەڵی مرۆڤەکان
پیاوێکی ماندووی ئەو شارەم 
                              منیش کە بە تەنیا منم!

دەمەوێت لەسەر ئەو دیوارە کون کونانە بنووسم:
پیاسەکانمان نەخۆشن
پێڵاوەکانمان ماندوون
ھەنگاوەکانمان پڕ تاسەن
شارەکانمان پڕن لەو پیاوانەی مێشکییان بۆگەنی بووە
پیاوەکان وەک ئەو مریشکانەن 
کە لەسەر ھێلکەی قەلەڕەشەکان کڕکەوتوون.

من بیر لەو شارە دەکەمەوە
کە پیاوێک مێشکی بۆگەنی دەبێت و 
خۆی لەناو بازاڕی ژناندا دەتەقێنێتەوە 
سەدان قاچ بۆ ڕێگەی ھەتاھەتایی ماڵەوە کوێر دەکات 
پیاسەکانی سەدان پیاو دەکەونە نەخۆشخانە
دەستێک بینایی دەڕژێت
پەرچەمێکی قەترانی ھەڵدەکروزێت
ژنەکان بۆ پرتەقاڵی پیاوەکانیان دەگریێن.

دووکەڵ دووکەڵ دووکەڵ...
 ڕەش 
ڕەش
 بەرز دەبێتەوە.
 
ھاوارەکان دەگەنە ئاسمانی شین 
ئاسمانی شینی پاک
لە شەرمی دووکەڵ
 ڕەش
ڕەش
 ھەڵدەگرێت.

خۆریش پڕ دەبێت لە دووکەڵ
مانگیش سیاپۆش ھەڵدەگرێت.

پیاوێکیش کە منم
سەرزەویم قەفەزێکی گەورە و
شارەکەم جەھەننەمێکی بچووک.

شارەکانمان ھەناسەی ژیانیان تێدا تەنگ بووە
مرۆڤەکان نەخۆشی غەمگینییان گرتووە 
مرۆڤەکان نەخۆشی خۆونکردنیان گرتووە 
مرۆڤەکان نەخۆشی ڕەشبینییان گرتووە 
من دەبێت مرۆڤی ڕاستەقینەی ئەو شارەبم
من دەبێت بزانم، 
بۆچی ھەواڵی بەھەشت مرۆڤەکانی گێژ کردووە؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی زەوی لەبەر تەقینەوە خەونەکانی نەزیف بووە؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی قاچەکان بەڵایەکی خۆشن بەسەر زەوییەوە؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی قاچەکان لەناو پێڵاودا زیندانن؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی قەبرستان جلوبەرگی ژیانێکی ڕەشە؟
من دەبێت بزانم،
 بۆچی گۆڕ خەوێکی دوور و درێژی مەرگە؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی عەشقی شارە مۆدێرنەکان خوێنساردن؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی ماچی ئێستا لەناو ساردکەرەرەوە ھەڵدەگیرێت؟
من دەبێت بزانم، 
بۆچی یاسا لاستیقی پارەیە؟
من دەبێت بزانم،
 بۆچی گوڵی دەستکرد پارەی زیاتر دەکات؟

منیش پیاوێکی ماندووم و 
جەھەننەمێک لە مندا خۆی تا ڕەش دەژمێرت
ژوورەکەم پڕ دەکەم لە عەلاگەی ھەوای ڕەنگاوڕەنگ 
وەک پرچی ئاڵۆزکاوی بەیانیان 
حەوسەلەم تێکئاڵاوە
وەک موبەریدەیەکی بەر ھەتاو 
خەیاڵەکانم چوونەتە باغچەیەکی فێنکەوە
وەک تڕومبێلێکی ماندووی پیاوێکی ورگن
خەیاڵەکانم چوونەتە گەراجێکی پەراوێزەوە
من ماندووم وەک ژیانی مۆدێرنە
من ماندووم 
وەک مرۆڤی ئەو شارەی جەھەننەمێکی ھەڵگرتووە
جەھەننەمێکی ڕەش.

پیاوێک لەسەر عارەبانەیەک 
باوەشێنی لە خۆی دەکرد 
پیاوێک بیری لە فانیلەی نیوقۆڵ و 
دەرپێ قووتە دەکردەوە
پیاوێک سەیری سیمای بە دووکەڵی گەرەکەکانی دەکرد
پیاوێک دەیویست بە جۆرێکی دیکە بۆ ئەو شارە بژیت
پیاوێک دەیەوێت ھەوای فێنکی باغچەیەک بکڕێت
باغچەکانی شاریش ھەوای فێنکییان فرۆشراوە
پیاوێکیش کە منم
                                 بەسەر ئەو شۆستانەوە 
دووکەڵی ڕەش لە شانەکانم بەرز دەبێتەوە.

ئەوەندە بۆ ئەو ژیانەخوارەم گەشبین بووم
ھەتا پرچی ڕەشیشم ڕەش دەکردەوە
ھەتا ڕۆژی سپیشم شەو دەکردەوە
بەخەیاڵێکی سپی سپی
بیرم لە جەھەننەمی ڕەشی خۆم دەکردەوە.

بێتاقەتی ڕۆژەکانم 
دەبردەوە 
بۆ برایەکانم.

تازە دەبێت جەھەننەمێکی ڕەش لە دڵمدا ھەڵگرم
تازە دەبێت پێڵاوەکانم ڕەش نەکەمەوە
تازە دەبێت قەمیسەکان وتوو نەکەمەوە
تازە دەبێت شپڕزەیی ژوورەکەم ڕێک نەخەمەوە
تازە دەبێت بەھەشتێکی سپی
لە جەھەننەمێکی ڕەش دروست نەکەمەوە.

تازە تاکە پێڵاوی ڕاستەم لەبەر دەرگە خەوتووە
تازە تاکە پێڵاوی چەپەم لەسەر شۆستە ونبووە
تازە تاکە پێڵاوی ڕاستەم نامگەیەنێتە بەھەشتێکی ڕەش 
تازە تاکە پێڵاوی چەپەم نامگەیەنێتە جەھەننەمێکی سپی.

بەیادی شەقامێکی پڕ ژیان 
تڕۆمبێلەکەم لێدەخوڕم
شار لە فولکەی ئومێدێکی دڵفێنک
                                      دەسووڕێنمەوە
لە گەراجێکی چەپی کەلاوەدا
بە قاچی ڕاستم 
ئیستۆپ 
لە ژیانێکی چەپ دەکەم.

شەکەت 
شەکەت ..

ھەنگاوەکانی تڕۆمبێلەکەم تێدەپەڕن و
بە ماندوویێتی بیر لە پشوودان دەکەنەوە.

ڕاناوەستێت
تڕۆمبێل !
بە دەنگی گۆرانییەکی ماندووەوە 
ڕادەوەستێت.

گۆرانییەکی ماندوو 
باسی ژیانی پیاوێک دەکات و
من لەناو تڕۆمبێلەکەمەوە..
 گوێم لە پەیڤەکانی خۆم دەبێت 
من چیرۆکی ئەو ژیانەخوارەم دەناسمەوە .

بەیادی یادەکان
دەرگەی تڕۆمبێلەکەم دەکەمەوە و
دێمە خوارەوە
لە جەھەننەمی ئەو شارە ڕەشەیش 
دێمە خوارەوە.

لە خوارەوەش...
کەمێک زیاتر دێمە خوارەوە و
لەوێشڕا، سەیری خوار خوارەوەی خۆم دەکەم.