50 وتەی باوەڕپێنەکراوی سەدام حسێن لە کتێبی (دانپێدانانەکانی سەدام حسێن بۆ (FBI)

07/12/2020
فۆتۆ: 

دەزگای (ئێف بی ئای) ئەمریکی ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ماوەیەک لێکۆڵینەوەی لەگەڵ (سەدام حسێن)دا کردووە و دواتر بە ناوی (دانپێدانانەکانی سەدام حوسێن) بڵاوبۆتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم قسانەی کە لە کتێبی (دانپێدانانەکانی سەدام حسێن بۆ (FBI) دا، ھاتوون ھەرکەس دەیانخوێنێتەوە لەو بڕوایەدا نییە قسەی دیکتاتۆرێکی وەکو سەدام بن، ئەگەرچی دیکتاتۆرەکان زۆرجار پێچەوانەی ڕەفتار و کردارەکانیان قسەیان کردووە و ئەوەی لە چاوی خەڵکییەوە لەوان بینراوە، ھەرگیز خۆیان بەو جۆرەیان نەبینیوە، تەنانەت بۆ دیکتاتۆرێکی وەکو سەدام تاکو ساتەوەختەکانی پێش لە سێدارەدان و ئەو ماوەیەش کە قەفەزی دادگادابوو، بە جۆرێک قسەی دەکرد و خۆی دەنواند کە ئەو کەسێکی تەواو دوورە لەو کەسەی کە ئەوان دەیانەوێت نیشانی بدەن، لە کاتێکدا دیکتاتۆریەتی سەدام پێویستی بە ناساندن و نیشاندان نەبوو، کەچی ئەو بەردەوام خەریکی خۆشاردنەوەبوو لەو کەسەی کە لە خۆییدا ھەبوو. 


ئەم قسانەش کە لێرەدا دەیانخوێننەوە درێژکراوەی ئەو ھەوڵانەی سەدامن بۆ شاردنەوەی خودە ڕاستەقینەکەی و نمایشکردنی خوێکی ساختە و درۆزنانە، وەک دەبینین قسەکانی بەجۆرێکن مرۆڤ کاتێک دەیانخوێنێتەوە ئەگەر بێت و بەرچاوڕوونی تەواوی نەبێت لەسەر سەردەمی حوکمڕانییە دیکتاتۆرییەکەی، ئەوە ئەگەر ھەیە وەک قوربانییەک وێنای بکات، نەک دیکتاتۆرێک کە ڕۆژانە بە شێوازی جۆراوجۆر خەریکی کوشتن و سزادان و لەناوبردنی گەلەکەی بوو.

وتەکانی سەدام:

١- دوژمنی دوژمنەکەم برامە. لاپەڕە ٢٢
٢- ئەنوەر سادات سەرۆکی پێشووتری میسر بەھۆی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل شەرەفی خۆی لەدەستداوە. لاپەڕەی ٣٦ و٧٣
٣- سوریا وڵاتێکی فاشلە و سەری لە قاچی جیاناکاتەوە. لاپەڕەی ٣٧
٤- ھیچ کەسێک لە عیراقییەکان بەخشندەتر نییە. لاپەڕەی ٣٧
٥-دوای مردنم بەکەسێکی دادپەروەر و دژ بە ستەمکاری ناوبانگ دەردەکەم.لاپەڕەی ٤٣
٦- لەگەڵ ئەوەی سەدام سەرۆک نەمابوو، کەچی ھەر خۆی بە سەرۆک دەزانی و دەیگوت: ھەمووی بەدەستی خوایە و لەگەڵ ویستی خوا ھیچم پێناکرێت. لاپەڕەی ٤٤
٧-دوای مردنم گەلەکەم خۆشیان دەوێم و بۆم بە پەرۆش دەبن. لاپەڕەی ٤٥
٨-دەربارەی خومەینەوە دەڵێت: کاتێک خومەینی ساڵی ١٩٧٩ گەیشتە دەسەڵات دوو مەسەلەی لەخەیاڵدا ھەبوو، یەکەم : لەبەر ئەوەی پیاوێکی ئایینی دەمارگیر و توندەڕو بوو، وای دەزانی ھەموو سەرکردەکان وەکو شای ئێران وان، زوو دەڕووخێن، بۆیە خومەینی پێی وابوو لەبەر ئەوەی بە ئاسانی شای ڕووخاندووە دەشتوانێت ھەمان شت لە شوێنێکی تریش بکات لەوانەش عیراق. دووەم: خومەینی گرێیەکی ھەبوو بەرامبەر بە دەرکردنی لە عیراق لە کۆتایی حەفتاکاندا. چونکە خومەینی دوای دوورخستنەوەی لە ئێران، بووە میوان لە عیراق و جێگە و ڕێگەیەکی لە نەجەف پێدرابوو ئیتر لەوێوە دەستی بە قسەکردن لەدژی شا و حکومەتی ئێران کرد. خومەینی ڕێزی لە ڕێککەوتنی جەزائیر نەگرتووە کە لەنێوان ئێران و عیراقدا ئیمزا کراوە، ھەروەک دەستی لەکاروباری ناوخۆ وەردا، بۆیە حکومەتی عیراق ھەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە پێڕاگەیاند. لاپەڕەی ٤٦ و ٤٧
٩- دوای شەڕەکە( شەڕی عیراق و ئێران) عیراق ئەوەندە قەرزدار نەبووە چونکە لەلایەن چەند دەوڵەتێکی عەرەبی یارمەتی دەدرا، وامدەزانی ئەوە قەرز نییە، بەڵام دوای تەواوبوونی شەڕەکە ئەو دەوڵەتانە ھەڵوێستیان گۆڕی و داوای قەرزەکانیان دەکردەوە. ئەو دەوڵەتانە عیراقیان بە ھەڕەشەیەکی سەربازی دەزانی لەکاتێکدا ئێرانیان بە ھەڕەشە نەدەزانی. لاپەڕەی ٤٨
١٠-خومەینی وایدەزانی شیعەکانی باشووری عیراق لایەنگری دەکەن، بەڵام لەدژی جەنگان. لاپەڕەی ٤٨
١١- من دەمتوانی ببمە سیاسەتمەدار ئەگەر بمویستایە، بەڵام حەزم لە سیاسەت و سیاسییەکانیش نییە. لاپەڕەی ٤٩
١٢بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ خزمەتی گەلی عیراقی کردووە. لاپەڕەی ٥٠
١٣-گەلی عیراق خۆی حوکمی خۆی دەکات چونکە عیراق وڵاتێکی نەمرە. لاپەڕەی ٥٢
١٤-بۆ چرکەیەکیش خۆم لەبیر ناچێت کە لە عیراقدا چی بووم و ئێستا لە زیندانم. لەدوای مردنم گەلەکەم خۆشیان دەوێم زیاتر لەوەی کە لەژیاندا خۆشیان ویستووم. لاپەڕەی ٥٤
١٥-کوردەکان باوەڕیان بە سۆشیالیستی نەبوو. لاپەڕەی ٥٦
١٦-ھەرکەسێکی دڵسۆز بۆ عیراق، بۆ گەلی عیراق بەشێکە لە بەعس، ھەر بەعسیش بەرپرسیارێتی سەرکەوتن و ھەڵەکان دەگرێتە ئەستۆ. لاپەڕەی ٥٦
١٧- ژیان ئیتر تەنھا بیرێک قبووڵە ناکات، بەڵکوو تەنھا خوایەکی پێ قبووڵە. لاپەڕەی ٥٦
١٨-ترس فەرمانڕەوا دروست دەکات، بەڵام واناکات گەل سەرکردەیان خۆشبوێت، خۆشەویستی نێوان گەل و سەرکردە لەڕێگە پێکەوە گونجانەوە دەبێت. لاپەڕەی ٥٧
١٩-دوای دوومانگ لە دەستگیرکردنەکەم نازانم لە جیھان چی ڕوویداوە. لاپەڕەی ٥٨
٢٠-ئەمریکا ساڵی ١٩٨٩ پلانی بۆ وێرانکردنی عیراق داڕشت. لاپەڕەی ٥٩
٢١-ناتوانم خۆم وەکو سەرۆک لە بیر بکەم. لاپەڕەی ٦١
٢٢-ئێران بە ھەڵگیرسێنەری شەڕی و پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر دەزانێت ، چونکە دەستی لەکاروباری سیاسی عیراق وەردەدا، بەڕای سەدام ئێران جگە لە شەڕ ھیچ ڕێگەیەکی تری بۆ عیراق نەھێشتبووە. لاپەڕەی ٦١ و ٦٢
٢٣- میوان نابێت ھەرچییەکی دەیەوێت لەسەر مێزی نانخواردنی بەیانی و نێوەڕۆ و ئێوارە داوای بکات. لاپەڕەی ٦٣
٢٤- ئێرانییەکان ئەگەر سەریان نەشکێنی تێناگەن. لاپەڕەی ٦٨
٢٥قسە لەسەر ھەموو شتێک دەکەم، جگە لەو شتانەی کە زیان بە گەل و ھاوڕێکانم و سوپاکەم دەگەیەنێت. لاپەڕەی ٦٩
ئەوە ڕاست نییە کە سەرکردە گلەییەکان بخاتە سەر شانی خەڵکانی دیکە. لاپەڕەی ٧٠
٢٦ من لەو کاتەوەی بە گەنجی لەناو حیزبی بەعسدا تێکۆشاوم باوەڕم بە ھەر ڕێکخراوێک ھەبووە، کە لە ناوەوە جەنگاوە نە وەک لە دەرەوە، چونکە ھەر ھەوڵدانێک لە دەرەوە لە قسە یان خود کارێکی ناجدی تێناپەڕێت. لاپەڕەی ٧٧
٢٧- ھەر فەلەستینییەک بیویستایا مەشقی پێبکرێت، بچێت بۆ شەڕ لە پێناوی فەلەستین دەموت مەشقی پێبکەن، بەڵام پارە و چەک لە مەشق پێکردن جیاوازە. لاپەڕە ٧٩
٢٨-کوڕەکانم بەر لەوەی تەمەنی یاسایی تەواو بکەن لە ھەشتاکان دژی ئێران جەنگاون. لاپەڕەی ٨١
٢٩-عیراق ھەڵەی کرد بە بێ سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چەکەکانی لەناو برد. لاپەڕەی ٨١
٣٠- ئەمریکا لەشەڕی ڤێتنام چەکی قەدەغەکراوی بەکارھێناوە. لاپەڕە ٨٧
٣١-ئایا واشنتۆن پێی خۆشە عیراقییەکان کۆشکی سپی بپشکنن و بە دوای چەکدا بگڕێن. لاپەڕەی ٨٧
٣٢-ئەو دەوڵەتەی بە بەزاندن و پێشێلکردن ڕازی بێت سووکایەتی بە گەلەکەی دەکات. لاپەڕە ٨٧
٣٣-دانوستان تەنھا ڕێگەی ئاساییە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بە تایبەتیش لەنێوان وڵاتاندا. لاپەڕەی ٨٧
٣٤-مرۆڤی بێ بیر و باوەر ھیچ بەھایەکی نییە، ئەگەر کەسێک کۆڵ لە بیر و باوەری خۆی بنێت ئەوا ژیانی ھیچ بەھایەکی نامێنێت. ئەگەر عیراق واز لە بیر و باوەڕەکانی بێنێت ئەوا ئێمەش کەمترین بەھامان نەدەبوو. لاپەڕەکانی ٨٨ و ٨٩
٣٥- یەکەم بەعسی بووم بە تانکەوە ھەڵمکوتایە سەر کۆشکی کۆماری . لاپەڕەی ٩٠
٣٦-ئەگەر چەکی قەدەغەکراوم ھەبوایە ئایا دەمھێشت ھێزەکانی ئەمریکا لە کوەیت بمێننەوە؟ لاپەڕەی ٩١
٣٧-قورسە خۆت لە کەسێک بپارێزیت کە لەبەردەکی ماڵەکەت وەستاوە تەنھا دەبێت بچیتە دەرەوە و تەقەی لێبکەیت. لاپەڕەی ٩٢
٣٨-ساڵی ١٩٦٣ زۆربەی سەرکردەکانی بەعس شیعە بوون. لاپەڕەی ٩٣
٣٩-ئەمینداری حزبی بەعس لەساڵی ١٩٦٤ کورد بوو. لاپەڕە٩٤
٤٠-وەرگرتنی سەرکردایەتی لە قورسترین ئەرکەکانی ژیانە، بۆیە ھەر کەسێک کە بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی حیزب و جەماوەری پێ بسپێرێت دەبێت سەلیقەی ھەبێت بۆ ئەو پۆستەی دەیدرێتێ. لاپەڕەکانی ٩٤ و ٩٥
٤١-کاتێک بەڵێنی شتێک بدەم دەیبەمە سەر، من خاوەنی قسەی خۆمم. لاپەڕەی ١٠١
 ھەڵوێستەکان دەگۆڕێن، پەیوەندییەکان ناگۆڕێن. لاپەڕەی ١٠٥
٤٢-تارق عەزیز یەکێک نەبوو لە بەعسییە شۆڕشگێڕەکانٌ، عەزیز ھاوڕێیەکی کۆنە، زۆرم ڕێز لێدەگرت. لاپەڕەکانی ١٠٥ و ١٠٦
٤٣- کەسە باشەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەڕۆن. لاپەڕە ١٠٧
٤٤- سەرکردە لە یەکێک لە کارگەکانی ئەوروپا دروست ناکرێت، بەڵکوو سەرکردایەتی وردە وردە پێشدەکەوێت. لاپەڕەی ١٠٧
٤٥- جێگەی شەرمەزارییە مرۆڤ باسی پۆستەکانی خۆی بکات. لاپەڕەی ١٢٩
٤٦- بەلامەوە قورسە باسی خۆم بکەم چونکە لەناو بەعسدا شیاو نییە کەسانێک ھەبن باسی خۆیان بکەن، بۆیە ڕامسپارد کە ھیچ کەسێک باسی خۆی نەکات. لاپەڕە ١٣٠
٤٧- پێکھێنانی پەرلەمان لە قۆناغی سەرەتایی شۆڕشدا نابێت، بەڵکوو لە قۆناغی دووەمدا پەرلەمانێک یان لیژنەیەک یان دەستەیەکی میللی دێتە کایەوە. لاپەڕەی ١٣٣
٤٨-کەس دژی ئەوە نەبوو شوێنی ئەحمەد حەسەن بەکر بگرمەوە. لاپەڕەی ١٤٥
٤٩-ھەر شتێک پشت بە پیلانگێڕی ببەستێت ھیچ بەھایەکی نییە. لاپەڕە ١٥٤
٥٠-مێژوو پێمان دەڵێت کە کوەیت بەشێکە لە عیراق. لاپەڕەکانی ١٦٦ و ١٦٧