یۆنگ چۆن لە ئایین دەڕوانێت؟

07/12/2020
فۆتۆ: 

دەروونشیکاری یۆنگ لەمەڕ پرسی ئایینەوە / پێشڕەو عەبدوڵڵا


                              ٧
+ دەروونشیکارییانەی فەلسەفەی ئیشراق:
لەڕاستییدا ئەوەی دەروونشیکاری تووشی شۆک دەکات لەبەرانبەر ئاییندا ئەو حاڵە نورانییە ناوەکییە کە سەرچاوەکەی ناکەوێتە ناو سایکۆی مرۆڤەوە. یۆنگ زۆر باش ئاگاداری ئەم لایەنە ڕۆحی و ویژدانییەی ئایینە، بۆیە ناتوانێت پایەماڵی بکات و چاوی لێ بپۆشت، چونکە ھەم بۆ یۆنگ و ھەم بۆ دەروونشیکارەکان ئیشراق چتێکی سەیر و سەمەرەیە و کەرەستە سایکولوژییەکان ناتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە زانینیان بۆی نییە، بەمەش خودی ناخودئاگای یۆنگ و دەروونشکارییەکان دەکەوێتەوە کار و خودئاگایان بزر دەبێت، واتە ئایین و تایبەت حاڵەتی ئیشراق لێرەش زاڵ دەبێت بەسەر زانستی دەروونناسییدا و خۆی پەرش دەکاتەوە. ھەربۆیە یۆنگ دەڵێت:( ئیشراق لە قۆناغی یەکەمدا بریتییە لە لابردنی حیجاب و پەردە لەسەر قوڵایەکانی نەفسی مرۆڤ و دەرخستنی نھێنییەکان. کەوایە لەبنەمادا حاڵەتێکی دەروونیناسانەیە، ئەگەرچی ڕەنگە شتێکی دیکەش بێت و ھەر چۆنێک بێت لەدەرەوەی ژینگەی جیھانە.) ١
ئەگەر دیقەت لەم گوتەیەی یۆنگ بدەین، لەکۆتایید کە دەڵێت ڕەنگە چتێکی دیکە بێت یان ھەرچۆنێک بێت، لێرە ئاماژەیە بۆ دەستەو وەستانی سایکۆلۆژیا لەھەمبەر ئەو ھێزە ڕوناککەرەوەی حاڵەتی ئیشراق.


کە دەشڵێت لەدەرەوەی ژینگەی جیھانە، ئەم قسەیە ڕێک پێچەوانەی قسەی پێشووی خۆیەتی، کە دەڵێت حاڵەتێکی دەروونناسانەیە یان چتێکی ناخودئاگاییە.

ئەوەی لێرە بەدیدەکەین کە دەروونشیکاری بەو کەرەستانەی لەسەر مرۆڤ بینای کردووە تا شوێنێک توانای شڕۆڤە و تەفسیرکردنی مرۆڤی ھەیە، لەو شوێنەی ئایین گوزارشت لە قوڵایی خۆی دەکات و دەچێتە دەرەوەی تەرزە سایکۆلۆژییەکان، دەروونشیکاری ھێزی باڵا دەستی خۆی لەدەست دەدات و لەسوچێکەوە دادەنیشێت. ھەروەک ئەو ھەوڵەی عەفیف ئەخزەر کە دەیەوێت بە چەمکە سایکۆلۆژییەکان لە کەسێتی پێغەمبەران تێبگات تایبەت پێغەمبەری ئیسلام و حاڵەتی وەحی بە ( الھژیان النبوە) پێناسە دەکات. واتە وڕێنەی پێغەمبەرایەتی، لەکاتێکدا حاڵەتی ئیشراق حاڵەتێکە پڕە لە حیکمەت و دانایی کە مرۆڤ پاک دەکاتەوە لە فشارە دەروونییەکان و دەکەوێت بەلای جیھانێکی دیکەدا چۆن ئەم حیکمەت و داناییە دەبێتە وڕێنە، یانی چۆن دەقێکی وەک قورئان کە تەواوی زمانی عارەبی دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، دەکرێت وەک وڕێنە و بارێکی سایکۆلۆژی پێناسە بکرێت. کاتێک یۆنگ دەڵێت لەدەرەوەی ژینگەی جیھانە، واتا ئیتر ئەوە بارێکی نورانی تایبەتە و کەرەستەکانی ئەم جیھانە ھێزی تەفسیرکردن و ڕاڤەی ئەو جیھانەی نییە.

ھەروەک لەباسی پۆڵس پێغمبەردا دەڵێت:( ئەو گۆڕانکارییەی کە لەویژدانی مرۆڤدا لەو کاریگەرییە پێک دێت، گۆڕانی حاڵەتێک کەلە پۆڵسی پێغەمبەردا  ڕووی دا. وێنەیەکی ئاشکرای ئەم خاڵەیە. کەواتە دەکرێ بگوترێت زاراوەی ئایین پیشاندەری حاڵەتێکی تایبەتی ویژدانییە کە بەھۆی تێگەیشتن لەحاڵەتی پیرۆز و نورانییەوە گۆڕدرابێ) ٢

واتە سەرچاوەی ئایین شوێنێکی دوورە دەستە و دەروونشیکار و زانست بە گشتی دەستی پێ ناگات، ئەمەش بە چەند ھۆیەکە، یەکیان ئەوەیە حاڵەتەکە زۆر تایبەتە و گشتی نییە، واتە لەنێوان کۆی مرۆڤایەتییدا چەند ھەزارێک کەسێک ھەن گەیشتوونە ئەم حاڵەتە بۆیە دەروونشیکار ناتوانێ تێی بگات چونکە نە لەنێوخۆی نە لەنێو نەخۆشە دەروونییەکانیدا نایدۆزێتەوە. ئەوەی لەبەردەستی ئەودایە، کۆمەڵێک نەخۆشن کە تووشی ھەلوەسەی ئەوەبوون گوایە ئەوان پێغەمبەرن یان خودان.

ئەمەش بۆ مرۆیی سەردەم باوەڕ پێکراو نییە و ئەو کەسە پڕە لە کێماسی و لایەنی واقیعی ژیان لەدەست ئەدات. واتە نەخۆشە بە پێغەمبەرەکان، تەنھا لەناخودئاگادا تووشی ئەو بارە بوون، بەڵام وەحی و پێغمبەرایەتی پێغەمبەران، ھەم لەخودئاگادایە ھەم لەناخودئاگادایە. چونکە ئەوان لەگەڵ بوونی بارە نورانی و ڕۆحانییەکە، تێگەیشتنێکی تەواویان ھەیە لەسەر کۆی پرسە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکان.

واتە خاوەنی حیکمەت و دانایی ئەوەن کە وەک چارەسەرکار و داڕێژەری نەخشەی گۆڕینی ژیانی خەڵک دەربکەون.

بۆیە نەخۆشە بە پێغەمبەرەکان، نابنە نموونە و عەینەی ئەوەی لە حاڵەتی دەروونی و ڕۆحی پێغەمبەرەکان تێ بگەیین.

سەرچاوە:
١- دەروونناسی ئایین، کارڵ گوستاڤ یۆنگ،ناوەندی غەزلنووس، سلێمانی،چاپی یەکەم، ٢٠١٦ لاپەڕە ١٢٠
٢. ھەمان سەرچاوە، لاپەڕە ١٦

٨
ئایین وەک پرسێکی ناچارەکی دەروونشیکاری:

مەسەلەی ئایین و دەروونشیکاری مەسەلەیەکی چڕ و ئاڵۆزە، چونکە ھەر دووکیان لەمەیدان و مەۆی دەرووندا کاردەکەن، بۆیە ھەندێ جار بەریەک دەکەون و ھەندێ جاریش خزمەت بەیەکتر دەکەن.
ھەرچی ئایینە پێش زانستی دەروونشیکاری کە سێ کۆڵەکەی سەرەکی ھەبوو یۆنگ و فرۆید و ئادلەر، کە فرۆید دامەزرێنەر و بتنیاتنەری ئەو زانستەبوو. ئایین پرسی نەخۆشییە دەروونییەکانی لە ئەستۆ گرتبوو، بەجۆرێک کەسێک کە تووشی شڵەژان و نەوبەی ڕۆحی پیس بووبا، ھانای بۆ کڵیسا و قەشە دەبرد، ھەروەک چۆن ئێستاش لە کوردستانی خۆماندا، خەڵکی ھانا بۆ مەلا و مزگەوت و تەکییەکان دەبات.
بۆیە بابەتی دەروون، بابەتێکی ھاوبەشە بۆ ھەم بۆ ئایین ھەم بۆ دەروونشیکاری، بەڵام شێوازی ڕووبەڕووبەڕوو بوونەوە و چارەسەرییان جیاوازە، بۆیە ئەم جیاوازییە سەردەکێشێ بۆ دژایەتی ئەو دوو ڕەوتە و ھەر یەکەیان دژی ئەویتر ڕادەوەستێت.

ئەوەی گرنگە بۆ دەروونناسی ھەر ئەم خاڵە نییە، بەڵکو ئایین بۆ دەروونناسی کایەو مەیدانێکی زۆ لەبارە بۆ دەستڕاگەیشتنی بەنھێنییە شاراوەکانی دەروونی مرۆڤ. ھەر بۆیە یۆنگ دەڵێت(  ھەر ئایینێک لەناو مێژووی نەتەوەیەکدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتابێت، نوێنەری دەروونناسی ئەو نەتەوەیە، بۆ نموونە ئەو شێوە حکومەتەی ئەو نەتەوەیە ھەڵیبژاردووە، نوێنەری دەروونناسی ھەمان نەتەوەیە)٣

بۆیە ئایین بۆ دەروونشیکار چتێکی ناوازە و وەک دەڵێن شوێنی ڕاوی ئەوە. ناکرێت دەروونشیکار شارەزایی بنەما و نھێنییەکانی ئایینی ئەو کەسە نەبێت کە دەیەوێت چارەسەری بکات.

لەم نێوەشدا دیسان ئایین، باڵادەستی خۆی بەسەر دەروونشیکاردا دەسەپەێنێت، چونکە ھەرچی دەروونشیکارە لەھەوڵی ئەوەدایە کە زەبرە دەروونییە چەپێنراوەکە، لەناخودئاگاوە بھێنێتەوە ناو خودئاگا. بەڵام پیاوی ئایینی بەپێچەوانەوە لەجێی ئەوەی ئەویش ھەمان کار بەشێوازی خۆی ئەنجام بدات، ئەو زەبرە چەپێنراوە دورە دەستە دوورتر دەخاتەوە، کە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگ و رژدە بۆ قسەلەسەر کردن، کە لەبەشی دواتردا، لەباسی جنۆکە و شەیتاندا، ھەوڵ دەدەم لێی بدوێم.

ھەر ئەوەندەش نا، بەڵکو مەسەلەی شەیتان، جنۆکە، خودا، مرۆڤی پیرۆز، وەک بابەت و وەک چەمک مەیدانی کاری ھەردوو بوارەکەیە.

بەڵام ھەریەکەیان بەشێوازی خۆی لێی دەدوێ، کە دەروونناسی ھەموو ئەو چەمککانە بە درووستکراو و داھێنانی ناخودئاگای مرۆڤ دەزانێت، بەپێچەوانەی ئایینەوە کە ھەموو ئەو چەممکانە وەک چتێک لەدەرەوەی جیھان پێناسە دەکات.

سەرچاوە:

٣. سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ١٣١

                             ٩

جنۆکە لەنێوان ئایین و زانستی دەروونناسییدا:

ئەتوانم بڵێم جنۆکە، خاڵی بەھێزی نێوان ئایین و دەروونناسییە و ئەوەی وادەکات کە کێشە بکەوێتە نێوان پیاوانی ئایینی و دەروونشیکارەوە مەسەلەی جنۆکەیە، چونکە ھەردوو چینەکە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ کەسی نەخۆش و دڵتوند و پەرێشاندا، ڕووبەڕووی ھێزێکی مەعنەوی نەستی دەبنەوە، بەڵام پیاوی ئایینی ناوی ناوە جنۆکە، کە ھێزێکە لەدەرەوەی مرۆڤە دڵشکاوەکانەوە دێت و دەروون و خەیاڵی کەسەکە داگیردەکات و ڕێی لێدەگرێت، کە بەرەو ڕووناکی خودا ھەنگاو بنێت. ھەرچی دەروونشیکارە وەک چەپاندێکی نەستی و ناخودئاگا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کە ڕێدەگرێت لەوەی کەسەکە ژیانێکی ئاسایی بژیت و خودگایانە ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە.
کەواتە ھەردوو کۆکن لەسەر ئەوەی جنۆکە، ڕێگرە لەوەی مرۆڤ عاقڵ و خودئاگایە بژێت بەڵام سەرچاوەکەی جیاوازە بۆ ھەردووکیان. ھەروەھا ڕێگەی چارەسەرییان جیاوازە، دەروونشیکار ھەموو ھەوڵی بۆ ئەوەیە، کە ئەو چتە چەپێنراو و بەئازارە، کە ناخودئاگا دایپۆشیوە و خودئاگاش، ئیحا دەداتە ناخودئاگا، کە ھەتا پێیدەکرێت لێی دووربخاتەوە. چونکە دەبێتە ھۆی شڵەژانی خودئاگا و ناڕاحەتی دەکات، ھەر بۆیە کێشەی چارەسەرکاری دەروونی لەگەڵ ئەو تەرزە چەپێنراوە ئەوەیە، کە خۆنادا بەدەستەوە و نایەتەوە بە ڕۆشنایی خودئاگا.

ھەرچی پیاوی ئاینییە، ئەمە ناکات، واتە پیاوی ئیش لەسەر ئەوە ناکات، کە ئەو تارماییە بێنێتەوە بە زەینی کەسەکە تا تێی بگات.

بەڵکو ھەر لەناو عالەمە ڕۆحانییەکە، تەسلیمی ھێزێکی بانتری دەکات کە ئەویش خودایە، واتە خودا وەک بوویەکی ڕۆحی لە ناخودئاگای کەسەکەدا، ھەموو ھێز و دەسەڵاتێکی دراوەتێ، بۆیە جنۆکەکان لای دەبەسرێنەوە. بۆیە زۆربەی جار چارەسەری پیاوانی ئایینی سەرکەوتوترە، لە دەروونشیکارەکان، چونکە پیاوی ئاینی ھەر لەناو ناخودئاگادا کێشەکە چارە دەکات، بەڵام دەروونشیکار دێتە ناو ناوچەی خودئاگاوە. بۆیە ڕووبەرووی ئەوە دەبێتەوە کە ئەنجامی دەستگیرنابێت.

کێشەی فرۆیدیش ئەمە بووە، کە ھەمیشە لە ئەنجامی کارەکان ترساوە و نائومێد بووە لەزۆر تەکنیکی دەروونی وەک ھیپنۆتیزم، کە دەستی لێ بەرداو لێی بێ ئومێد بوو.

بەڵام پیاوی ئایینی بێئومێد نییە لە کارەکەی و بەردەوام خودا، زاڵ دەکات بەسەر جنۆکەکاندا.

(لەو دەمەد پیاوی تووش بوو بەشێرپەنجەی خەیاڵی ڕەنگ بوو بەتەواوی بۆچونی بەرانبەر ئەو خەیاڵەدا بەشێوەیەکی دیکە بێت. ڕەنگە ئەو وای زانیبا کەسێک دژ بەو ئەو سیحری ئەنجام دابێت، یان شەیتان چۆتە گیانی، بەڵام ھەرگیز خۆی بەسازێنەری ئەو خەیاڵە نەدەزانی)٤

یۆنگ مەسەلەی جنۆکە بە شێرپەنجەی خەیاڵ پێناسە دەکات و پێی وایە خۆی سازێنەری ئەو خەیاڵەیە نەک ئەوەی سیحری لێکراوە یان  شەیتان چۆتە ناو گیانییەوە، کە ئەمە ڕێک پێچەوانەی باوەڕی پیاوانی ئایینییە.

سەرچاوە:
٤. سەرچاوی پێشوو، لاپەڕە ٢٤