عەمر موسا ناوەرۆکی دوا دیداری خۆی لەگەڵ سەدام ئاشکرا دەکات

07/12/2020
دیدارێکی پێشتری نێوان سەدام حسین و عەمر موسا
فۆتۆ: فۆتۆ : ئەرشیف

عەمر موسا ئەمینداری گشتی پێشووی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی لە کتێبێکی نوێدا باس لە هەوڵەکانی خۆی دەکات بۆ ڕازیکردنی سەدام حسین سەرۆکی پێشووتری عێراق، بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە گەڕانەوەی پشکنەرە نێودەوڵەتانی تایبەت بە چەکە کۆمەڵکوژەکان، وەک هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی وڵاتەکەی لە جەنگ بەر لە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا.

عەمر موسا لەو کتێبە نوێیەدا بەناوی (ساڵەکانی کۆمکاری عەرەبی) کە بەم نزیکانە لە خانەی (ئەلشروق)ی میسری بڵاودەکرێتەوە، بە وردی تیشکی خستووەتە سەر وەستانی وتوێژەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پشکینی چەکە کۆمەڵکوژەکانی عێراق، کە ئەو کات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پروپاگەندەی ئەوەی دەکرد عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.

عەمر موسا باس لەوە دەکات سەردانەکەی بۆ بەغدا لە لایەن "ناجی سەبری" وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی عێراقەوە ڕێکخراوە و لە ڕۆژی دواتردا چاوی بە سەدام حسین کەوتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەدام حسێن لێی پرسیوە ئایا عێراق خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و ترسی لە پشکینی هەیە، سەدام حسین جەختیکردووەتەوە لەوەی کە نییانە، بەڵام ترسی لەوە هەیە سەرجەم ئەو پشکنەرانەی کە سەردانی عێراق دەکەن، سیخوڕی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بن.

عەمر موسا ئاشکرایکردووە، لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەدام حسین کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدا و بە توڕەییەوە بە سەرۆکی ئەو کاتەی عێراقی ڕاگەیاندووە، لێکدانەوە سود بە عێراق ناگەیەنێت و ڕوبەڕوی هێرشێکی کەمەرشکێنی ئەمریکا دەبێتەوە و پێی وتووە "ئایا تۆ ئاگاداری کە وڵاتەکەت ڕوبەڕوی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە، ئایا تۆ ئاگاداری بەرپرسیارێتی خۆتی لەوەی عێراق دووربخەیتەوە لە وێرانکاری؟".

عەمر موسا دەڵێت وا هەستیکردووە کە سەدام حسین لە بێئاگایدایە و بە روونی پێم وتووە "جیهان گۆڕاوە نە ئەوروپییەکان و نە روسیا هاوکاریت ناکەن چارەنووسی گەلی عێراق بەدەست تۆیە".

ڕوونیشیکردووەتەوە، دوای ئەو قسانە هەستیکردووە سەدام لە دۆخەکە تێدەکات و لە کۆتایدا بە عەمر موسای ڕاگەیاندووە "من سەرپشکت دەکەم بەناوی عێراقەوە قسە بکەیت و پەیوەندیی بە ئەمریکا و کۆفی ئەنان ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بکەیت".

ئەمینداری گشتی پێشووی کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەڕانەوەی لە بەغدا دەستبەجی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و کۆفی ئەنان ئەنجامداوە، بەڵام بە داخەوە بڕیاری جەنگ درابوو، چونکە کاتێک پەیوەندی کردبوو بە "کۆڵن پاوڵ" وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکاوە، ڕاشکاوان پێی وتووە، نە تۆ و نە کۆفی ئەنان ناتوانن هیچ شتێک بکەن، چونکە بڕیاری لێدانی عێراق دراوە و ئامادەکارییەکانی لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە خەریکە تەواو دەبێت.