لاهور شێخ جەنگی: دەمانەوێت کێشەی رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی موچە چارەسەر بکەین

07/12/2020
کۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
فۆتۆ: فۆتۆ: پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی
بەغدا

هاوسەرۆکی یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێم و عێراقیان تاوتوێکرد.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردانەکەمان بۆ شاری بەغدا، ئەمڕۆ چاومانکەوت بە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکەدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد لە بارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج و مەبەستی سەردانەکەمان بۆ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕوونکردەوە و ڕامانگەیاند کە دەمانەوێت بە تێگەیشتنی هەموو لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین کە بە هۆی ڕێکنەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەرۆکی میللەتەکەمانی گرتووە.

هاوسەرۆکی یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاند، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکان و پێویستی هێنانەدی کۆدەنگییەکی نیشتیمانیی هاوبەش لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە.