سوتاندنى موڵکى گشتى چارەسەرە!

10/12/2020
فۆتۆ: 

سوتاندنی فەرمانگە حکومییەکان و موڵکی گشتی، چ قازانجێک بە خۆپیشاندەران دەگەیەنێت؟ ئایا ئامانجەکانی خۆپیشاندەران بەدیدەهێنێت؟ یان بەهانە دەداتە دەسەڵاتداران تا بە گێرەشێوێن و تێکدەر ناویان بهێنن!


ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووەوە، زۆرترین جار دووبارە دەبنەوە و بووەتە باس و خواسی نێوان هاوڵاتیانیش.

بەشێک لە خۆپیشاندەران شانبەشانی سوتاندنی بارەگا حزبییەکان، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر  فەرمانگە حکومییەکان و موڵکی گشتی، تەنیا رۆژی سێشەممە لە پێنجوێن و خورماڵ و شارەزوور و سەیدسادق  و چەند شارۆچکەیەکی دیکە، 10 فەرمانگەی حکومی سوتێنران لە نێویاندا بیناکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، هاتووچۆ، قایمقامییەت، ناحیە، پۆلیس و لە هەندێک شوێنیش فەرمانگەی وەک ڤێتێرنەری سوتێندراوە.

چالاکانی مەدەنی دەڵێن بەپێی هەموو پێوەرەکان سوتاندنی بینای ئەو فەرمانگانە پێش هەموو کەسێک زیانە بۆ خۆپیشاندەران و خەڵکی ئەو ناوچانە، چونکە قەزا و ناحییەکان لە لایەن حکومەتەوە کەمترین بودجەیان بۆ دابین دەکرێت، لەمەودواش بەهۆی سوتانی ئەو فەرمانگانەوە، یەکە ئیدارییەکان ناچار دەبن لەبری ئەنجامدانی خزمەتگوزاری بەشێک لە بودجەی خۆیان بۆ چاککردنەوەی ئەو بینایانە خەرج بکەن.

بەشێک لە چالاکانی خۆپیشاندانەکان جەخت لەوە دەکەنەوە سوتاندنی ئەو فەرمانگانە ئامانجەکانی خۆپیشاندەران ناهێنێتە دی و تەنیا زیان بە خەڵک خۆی دەگات چونکە ئەو فەرمانگانە تەنها کاریان خزمەتکردنی هاوڵاتیانە.

چالاکانی خۆپیشاندانەکان باسلەوەش دەکەن، بەکارهێنانی توندوتیژی  و سوتاندنی فەرمانگەکان بەهانەی ئەوە دەدات بەدەست دەزگا ئەمنییەکان و حکومەت کە رێگە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان نەدەن.

دیاری رەفیق، قایمقامی سەیدسادق کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردوودا بینای قایمقامیەتییەکەی و ماڵەکەی خۆشی لە لایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە سوتێندرا، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی بەناوی خۆپیشاندانەوە هەڵیانکوتایە سەر بارەگا حزبی و حکومییەکان، زیانێکی زۆریان لە قەزاکە داوە کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە چونکە دۆسیە و دۆکیۆمێنتی گرنگی هاوڵاتیان سوتێندراوە.

هاوکات عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی پشتگیریی داواکاری خۆپیشاندەران دەکات دەڵێت، ھیوامان وایە گەنجە دڵسۆز و ئازاکان، خۆیان لە سوتاندنی موڵکی گشتی بپارێزن، فەرمانگەکانی شار و شارۆچکەکان موڵکی ئێوەن نەک ئەو بەرپرسانەی کە بە چەندین ساڵیش ڕێگایان ناکەوێتە ناحیە و قەزاکان.

بەلای چالاکانی مەدەنی، سوتاندنی فەرمانگە حکومییەکان هیچ خزمەتێک ناگەیەنێت بە داواکانی هاوڵاتیان بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری سیاسی و کارگێڕی بەڵکو تەنها زیانبەخشە بە دیکۆمێنتی فەرمانگەکان کە دۆسیەی خەڵک لە ناودەچێت لەهەمانکاتدا ئاراستەی داواکانی هاوڵاتیان لەباردەبات.