جەماوەر کێیە؟

10/12/2020
فۆتۆ: 

نەجات نوری

جەماوەر هەیە تاوانبارە و جەماوەریش هەیە چاکەکار و پاڵەوانە... 

                                                                                 گۆستاڤ لۆبۆن

ھەوڵدان بۆ ناسینی جەماوەر لای خوێنەری کورد کارێکی گرانە، لەلایەک تاکو ئێستا زۆرکەم سەرچاوە و لێکۆڵینەوە لە بەردەستی ئەم خوێنەرە دایە، خانە و دەزگاکانی  بڵاوکردنەوەش تاکە تاکە ئەو کتێبانەیان چاپکردوە کە جەماوەر بە شێوەیەکی ورد و بابەتیانە  بەخوێنەری کورد بناسێنێت. لەم چەند ساڵەی دوایدا نوسەران لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نەیان توانیوە بە لێکۆلینەوەی ورد و زانستیانە لە سەر جەماوەر نوسینەکانیان بڵاوبکەنەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرانی قسەکردن لەسەر جەماوەر، زانایانی دەرونناسی و بیرمەندانیش ھەمیشە ناسینی خۆیان بۆ جەماوەر بەگران ناوبردوە.

خوێنەر تا ئەوکاتانەی دەگات بە کۆتایی خوێندنەوەی (سایکۆلۆژیای جەماوەر) لەگەڵ ھەر بەشێکیدا دەیان پرسیار لە خۆی دەکات بۆ ناسینی جەماوەر، بۆ بیر کردنەوە و بۆ کار و کردەوەکانیان، بۆ ئەوکاتانەی کە ئیتر ھەمووشتێک لای جەماوەر لەو پەڕی پیرۆزییەوە دەگۆڕدرێت بۆ تێکدان و ھەڵوەشادنەوەی ئەو پیرۆزیانە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ خوێنەری کورد تا ڕادەیەکی باش وەڵامی ئەو پرسیارەی دەداتەوە کە ھەمیشە دەپرسین جەماوەر کێ یە؟ ھەر وەکو لە پێشەکی ئەم کتێبەشدا ھاتوە باشترین کتێبی (گۆستاڤ لۆبۆن)ە و لەلایەن زۆربەی پسپۆڕانەوە کتێبی (سایکۆلۆژیای جەماوەر) تاکە کتێبیەتی کە زانکۆ خستویەتییە پڕۆگرامی خوێندنی خۆیەوە، وەکو سەرچاوە بەکاری ھێناوە. گۆستاڤ لۆبۆن ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٨٩٥ دا نوسیوە. کە تاکو ئێستاش لەدوای دەیان ساڵ بایەخی ئەم کتێبە بۆ خوێنەران و بیرمەندانی ئەو بوارە بایەخی خۆی ماوە. گەرچی ھەموومان وەکو خوێنەر ڕەنگە ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و بیرکردنەوی جەماوەری ئەوکاتانەی (گۆستاڤ لۆبۆن) کتێبەکەی تێدا نوسیوە لەگەڵ ئێستادا بە جیاواز بزانین، ناشکرێت وەکو یەک تەماشای سەد ساڵا زیاتر وەکو یەک بکەین ‌و جیاوازیان لە نێواندا نەکەین.

 بەڵام ھێشتا ئەوەی لای خوێنەر تێبینی دەکرێت جەماوەر ئەو کاتانەی زۆری بۆدێت یان ئیتر لەلایەن دەوڵەت و کار بەدەستانەوە کە ڕۆژگارێک جەماوەر متمانەی پێداون و قوربانیان بۆ داوە ئەو جەماوەر ھەر خۆی بەرگەی ئەو کار و کردەوانەی کاربەدەست و دەوڵەت ناگرێت کە خواستەکانیان بۆ نایەننە دی و پشتگوێ دەخرێن، ھەر ئەو جەماوەرە بۆ خۆی داوای لابردن و گۆڕینی ڕژێمەکان دەکات، کە ڕۆژگارێک خۆی قوربانی بۆداوە، ئەم جوڵانی جەماوەرە  ئیتر لە ئێستادا بێت یان لەڕابوردودا وەکو یەک تەماشادەکرێن. ناتوانین ھیچ پێناسەیەکی تر بۆ جەماوەربکەین کە لە ھەموو سەردەمەکاندا بۆ بەدی ھێنانی خواستەکانیان خەبات دەکەن، لەکاتێکدا ئەم خەباتە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوڕدرێت. جەماور بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکان بە جۆرێکی تر خەباتی خۆیان بە ئەنجام دەگەیەنن ڕەنگە زۆرترین قوربانی بۆ ڕزگاربوون بدەن، ئەم قوربانی دانە لە ھەموو لایەکی دونیادا ئەگەر لە زۆر ڕوەوە جیاوازبن بۆ فیکرو بۆ ڕابەرایەتی کردنیان ئەوا لەوەدا یەک دەگرنەوە کە ئامانجی جەماوەر ڕوخاندنی دیکتاتۆرەکان و گەیشتنە بە ئازادی و لابردنی ئەو دەسەڵاتانەیەکە خواستی جەماوەر پشتگوێ دەخەن. 

خوێنەر لەناو باسەکانی ئەم کتێبەدا جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێی لادروست دەبێت، ئەوەش ئەوەیە کە جەماوەر تاسەر ھیچ بەھایەک بە پیرۆزی لای خۆی ناھیڵێتەوە، ئەو وێنە و دروشمانەی ڕۆژگارێک خودی جەماوەر قوربانی بۆ دەدا ئەوا لە ڕۆژگارێکی تردا ھەر خودی ئەو جەماوەرە ئەو وێنە و دروشمانە تێکوپێک دەدات و دەیگوڕێت بە وێنە و دروشمی تر، گۆڕینی ئاراستەی جەماوەر لەم کتێبەدا لە ھەلومەرجە جیاکاندا خوێنەر توشی سەرسامی دەکات. لەھەموو سەردەمی دەسەڵاتەکاندا جەماوەر ئەو ترسەبووە کە دیکتاتۆر و حوکمڕانە دیموکراسیەکانیش لێی سڵەمیونەتە و ھەمیشە بە ترسەوە جوڵەی جەماوەریان لە بەرچاوگرتوە. خوێنەر ئەو نمونانە لەبەر چاو دەگرێت کە جەماوەر زۆرکات دەسەڵاتی ڕژێمێکی پاشایەتی دەگۆرێت بە دەسەڵاتێکی ئاینی یان ئەو شۆڕشەی بۆ خۆی خەباتی بۆ کردوە و قۆربانی بۆداوە تا گەیاندویەتی بە دەسەڵات کەچی لەدوای چەند ساڵێک ھەر ئەو جەماوەر وێنە و کاروکردوەکانی سەرانی ئەو شۆرشە پیرۆزەی لا دەبێتە کاری شەیتان و جارێکی تر ھەوڵی گۆڕینی دەدات. 

لێرەوە خوێنەر زۆر بەگران دەتوانێت جەماوەر بناسێت. ئەو کاتانەی مێژو‌وی دەسەڵاتەکان لەسەر دەستی جەماوەردا دەگۆڕدرێن بە مێژوویەکی تر و جۆرێک لە دەسەڵاتی تر، ئەوا ھیچ کاتێک تاسەر نە لە ئێستاو نە لە ڕابردووشدا ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بەر بەویستی جەماوەر بگرێت، ئەوەی دیارە لای خوێنەر ئەوەیە ئەگەر بەویستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بوایە بەپارە و ھێزی سەبازی بوایە ئەوا ئێستا سەر تاسەری دوونیا بەدەست  پیاوانی دیکتاتۆرەوە دەبوو، بەڵام چونکە ئیرادەی جەماوەر لەسەروو ویستی ئەم دەسەڵاتانەوەیە وای کردووە ئیرادەی ئازادی و نەمانی ئەم دەسەڵاتانە لەسەر دەستی جەماوەردا ئەگەر بەدرەنگیش بوبێت شکستی ھیناوە و کۆتاییان ھاتووە. ئەوە لای خوێنەر دیارە زۆرکات لە مێژوودا دەیان حاکم و دەسەڵاتی پاشاو بەگزادە و قەشە و کلێساکان و ڕژێمە دیکتاتۆرەکان بۆ زەمەنێکی زۆر توانیویانە جەماوەر لە ژێر ناو بۆچوونە پیرۆز و کایە فیکرییەکانیاندا بھێڵنەوە، سەر ئەنجام جەماوەر ئەم دەسەڵاتانە بە ھەموو مانا پیرۆزەکایانەوە ڕادەماڵێت.

جەماوەر تا ئەوکاتەی لە ژێر دروشم و وێنەی سەرکردەکاندا لە خەودایە ناتوانێت وەکو پێویست کار بۆ داواکانی خۆی بکات، زۆرکات جەماوەریش بۆ زەمەنێکی زۆر دەکەوتە ژێر سیحری ئەو وێنە و دروشمانەوە کە سەرکردە بۆ بنیات نانی دەسەڵاتەکەی وەکو بەڵێن بە جەماوەری دەدات، جەماوەر ئەوکاتانەی گوێگری وتەکانی قەشەیەک یان پاشایەک یان سەرکردەیەکی شۆڕشگێردەبن، ئەو وێنانەی وەکو وەھم لە زەینی جەماوەردا دروست دەبێت لە ئەنجامی قسەی ئەو کەسانەوە کە بۆ جەماوەر دەدوێن، ھیوایەک بۆ ئایندەیان بەو وێنە و قسانە ھەڵدەچنن. ئیتر ڕۆحی جەماوەر بۆ زەمەنێکی زۆربێت یان کەم لە ژێر ئەو وێنە وەھمیانەدا ملکەچ دەبێت و لە جۆشدانەکانی خۆی تا زەمەنێکدا دادەمرکێتەوە.

ھەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی دێنەدی لەکایە سیاسییەکاندا لە ھەر کوێیەکی دوونیادابن زۆربەیان لە سەردەستی جەماوەردا کراون، گەرچی زۆرکات کەسانێک کە ڕۆڵیان وەکو سەرکردەیەک دەردەکەوێت ئەوانە دەتوانن جەماوەر بە ئاگا بێنن و بیان ھێننە سەر شەقامەکان بۆ گۆڕینی ڕژێمەکان، ڕۆڵی تاک ھەمیشە بۆ گۆڕانکاری ‌و بەئاگا ھێنانی جەماوەر ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی ھەبووە لە مێژوودا، ھەموو ئەو جۆشدان و خرۆشانەی جەماوەریش ڕۆحێکی گەورە و گران دەخوڵقێنێت، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی.

(جەماوەر زۆر حەزی لە تێڕامان ‌و بیرکردنەوە نییە ‌و ئامادەیشی تێدانییە مشتومڕی عەقڵی بکات، گەرچی زۆر حەزی لەوەیە بخزێتە ناو مومارەسە و کارکردنەوە لا ٦٤) نمونەکانی ناو ئەم کتێبە دەبنە جێگەی پرسیار لای خوێنەر و ڕەنگە زۆرکاتیش بڕوا بەوە نەھێنن و لەگەڵ بۆچوونەکانی گۆستاڤ لۆبۆن یەک نەگرنەوە و پێیان وایە کە جەماوەر لەم سەردەمەدا جیایە لەو جەماوەری کە تەمەنی نوسەری تێدا بووە، بۆچی جەماوەر حەزی لە تێڕامان و بیرکردنەوە نییە؟ لای خوێنەر ئەوە ئاشکرایە کە کاربەدەست ‌و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان کاریان بۆ ئەوەکردوە کە ناڕەزایەکانی جەماوەر بە قسەو بەڵێنەکانیان دابمرکێنەوە. پێیان خۆش نییە ڕەخنە و داواکاریان ڕووبە ڕوبکرێتەوە ، لە ھەموو سەردەمانێکدا جەماوەر داوای کار و پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خۆی کردووە لە دەسەڵاتداران، بڕوایشیان بەوە نییە تاسەر لە ژێر وێنە و دروشمە وەھمیەکاندا بمێننەوە، جەماوەر و دەسەڵات ھەمیشە دوو سەنگەری جیاوازن و ڕوبەڕوی یەکتری وەستاون تا کاتی ئەوەی کە ئیتر ئەم دوو سەنگەرە بەیەکدا دەدەن. ھەموو ئەو دەەسەڵاتانەی کاریان بۆ خواستەکانی جەماوەر و ھێنانەی دی داواکانی جەماوەر کردبێت شەڕی جەماوەریان بۆ ماوەیەکی کاتی لە خۆیان دوورخستۆتەوە.

 ئێمەی خوێنەر ناتوانین لە ئێستادا ئەو نمونەیە پەسەند بکەین کە (گۆستاڤ لۆبۆن) ھێزی جەماوەر بە ھێزێکی تێکدەر و ڕوخێنەر ناودەبات، ئەو کاتانەی جەماوەر کە دێنە سەر شەقامەکان بۆ داواکاریەکانیان زۆرکات ئەم جەماوەرە دەبنە ھۆی  تێکدانی دەیان داموودەزگا و بیانی دەوڵەت، خوێنەر لێرەوە دەپرسێت ئایا جیاوازی دەمێنێت لە نێوان نەخوێنەدەوارێک ‌و ڕۆشنبیرێکدا ئایا ئەوانەی جەماوەر پێکدێنن ھەموویان وەکو یەک کار بۆ تێکدان و ھەڵوەشانەوەی دامودەزگاکان دەکەن ئایا دەکرێ ھەموویان وەکو یەک تەماشابکەین؟ (ھەتا ئێستاش شارستانێتییەکان لەسەر دەستی ئەرستۆکراسییەکی ڕۆشنبیری کەمینە دامەزراوە ‌و ئاراستەکراوە، نەک لەسەر دەستی جەماوەر. جەماوەر ھێزی خۆی تەنھا بۆ تێکدان و ڕوخاندن بەکاردەھێنێت. ھەروەھا ھەژموونی جەماوەر ھەمیشە قۆناغێک دەبێت لە قۆناغەکانی پاشاگەردانی لا٦٥ ) زۆربەمان ناتوانین لە ئێستادا ھاوڕابین لەگەڵ دەیان نموونەی ناو ئەم کتێبەدا کە گۆستاڤ لۆبۆن دەربارەی جەماوەر ھێناوینێتێوە، گرانیش نیە ژمارەیەکی زۆری خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی کتێبی (سایکۆلۆژیای جەماوەر) بۆ چونەکانی (گۆستاڤ لۆبۆن) قبوڵبکەن. ھەر لەسەرەتاوە (گۆستاڤ لۆبۆن) ئاماژە بەوەدەکات کە جەماوەر ھەیە تاوانبارە و جەماوەریش ھەیە چاکە کار و پاڵەوانە، خوێنەر لەناو دێڕەکانی ئەم کتێبەدا پێویستی بەوە ھەیە ژیرانە و وریایانە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە تا بەباشی لە بۆچون و بیری (گۆستاڤ لۆبۆن) تێبگات، ئەوخوێنەرەی نەتوانێت جدیانە ئەم کتێبە بخوێنێتەوە ئەوا دەکەوێتە نێوان بەرداشی دەیان پرسیاری جۆراو جۆرەوە، دورنیە لای ئەو خوێنەرە جەماوەر ھەموویان ببنە دڕندە و تاوانکار، چونکە لای (گۆستاڤ لۆبۆن) زۆربەی شارستانێتییەکان ھەتا ساتی داڕمانیان جەماوەر ڕۆلی گەورەی تێدا گێڕاوە. بۆیە گرنگە خوێنەری لەدوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە ژیرانە دوا بڕیاری خۆی لەسەر جەماوەربدات، چونکە ناکرێت ھەموومان جەماوەر بە ھێزێکی ناھوشیارو شەڕانگێزی بناسین، پێویستیمان بە خوێندنەوەی دەیان وتار و کتێبی ترھەیە بۆ ناسینی جەماوەر، گرنگە ئێمەی خوێنەر بەتەنھا ڕاکانی (گۆستاڤ لۆبۆن) بە ھەند وەرنەگرین لەسەر جەماوەر تا دەگەڕینەوە بۆ دەیان سەرچاوەو پرسی بیرمەندان و زانایانی تر لەم سەردەمەی ئێستاماندا.

دەربارەی جەماوەر، پێویستە بەراوردێک بکەین لە نێوان نوسینی ئەم کتێبە کە مێژوی نوسینی دەگەڕێتەوە بۆ زیارتر لە ١١٧ ساڵ بەر لەئێستا، ھەرچۆنێکبێت جیاوازی کەم و زۆر ھەیە لە نێوان جەماوەری ئێستاو ئەوسادا، چ لە ڕوی کار و کردەوە و بیر کردنەوەیانەوە. ئەمەیش بۆ خوێنەر گرنگە تا وردتر لە سەرچاوە جیاجیاکانەوە جەماوەر بناسێت. نەک لە نوسینی یەک دوو نوسەرو بیرمەندەوە. بریاردان لەسەر جەماوەر و کردارەکانیان بۆ ئێمەی خوێنەر کارێکە پێویستی بە ھەڵوێستە و بیرکردنەوە ھەیە تا دەگەینە ڕاستی ئەو پرسیارەی ئایا بە درێژای مێژووی ڕووداوەکان و تێکدانی شارستانیتیەکان و دەیان دامودەزگا و شوێنی تر ھەمووی لە ناھوشیار و شەڕەنگێزی جەماوەرەوە سەر چاوەی گرتووە، بۆ ئەوەی خوێنەر بگات بە وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستی بەکات و خوێندنەوەی زیاترو ھەڵدانەوەی دەیان سەرچاوەی مێژووی ھەیە، چونکە زۆرکات بڕیاردان لەسەر جەماوەر و کردارەکانیان وەکو پێویست لای خوێنەر ناکەوێتەوە.

(ڕوخانی شار ستانێتییە دێریینەکان ھەتا ساتی داڕمینیان جەماوەر ڕۆلی گەورەی تێدا گێراوە) خوێنەر دەبێت چۆن چۆنی لەئێستاو ڕابردوودا لە جەماوەر تێبگات، ئەو سەرچاوانە بگرێت کە پێی وایە جەماوەر لە ھەموو سەردەمەکاندا کاریان بۆ تێکدان و داڕوخانی دەوڵەت و دامودەزگاکانی کردووە، یان جەماوەر کاریان بۆ بنیات نانی شارستانیەتەکان بووە، خوێنەر بە درێژای خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەکەوێتە شوێن ئەو بۆچونەی کە دەڵێت زۆرکات جەماوەر تەنھا کاریان تێکدان و داڕوخانە. دەبێت ئەوەیش لە خۆمان بپرسین ئایا ئەو جەماوەری کە زیندانی باستێلیان ڕوخان و کۆمۆنەی پاریسیان بنیات نا لەساڵی ١٨٧١دا، و دەیان کاری نابەجێیان ئەنجامدا ئایا ھەمان ئەو جەماوەرەن کە ساڵێک لەمەو بەر لە دەورو بەری پاریس دەیان دامودەزگاو ئۆتۆمۆبیلیان سوتاندن، دەکرێ ھەر ئەو جەماوەرە بە جەماوەری ڕواندا و کۆسۆڤۆ بەیەک بچوێنین، بیرکردنەوە و جوگرافیای ئەم جەماوەرە چۆن لەیەک جیابکەینەوە لە کاتێکدا لە چەند جوگرافیایەکی جیادا جەماوەر وەکو یەک زۆرکات کار بۆ کوشت و کوشتار و تێکدان دەکەن، گەر جیاوازی زۆریشیان لە نێواندابێت لەڕووی بیرکردنەوەو شارستانیەتیشەوە، بۆیە زۆرکات خوێنەر ناتوانێت جیاوازی لەنێوان ڕەفتاری جەماوەری ئێرە و دەوڵەتانی تردابکات لەڕووی کاری توندوتیژییەوە. تاکێکی ناو کۆمەڵیش گەر منی خوێنەریشبم یان کەسێکی ھوشیار و ڕوناکبیرش ئەو کاتانەی تێکەڵ بەو جەماوەرە دەبین ھیچ جیاوازیەکمان نامێنێت بە غەریزە دەگۆڕێن بۆ کەسێکی کۆنترۆڵکراو دڕندە.  

لە ئێستادا خوێنەر گەر زۆر وریای ئەم نمونانە نەبێت ئەوا ناتوانێت کار بۆ ناسینی جەماوەر و خۆیشی بکات (... ھەر وەختێک تاک بچێتە نێو ڕیزی جەماوەرەوە ئەوا چەند پلەیەک لەپەیژەی شارستانێتی خۆی دەھێنێتە خوار. ڕەنگە ئەو تاکە وەختێک بە تەنیابیگریت مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و ژیربێت، بەڵام ھەر کە تێکەڵ بەجەماوەر بوو بە غەریزە دەگۆڕێت بە کەسێکی کۆنترۆڵکراو و دڕندە... لا ٨٣ ) کۆی سەرنجەکانمان لەوەدا پوخت دەکەینەوە کە جەماوەر، لە ڕووی عەقڵی ‌و فیکرییەوە، ھەمیشە گوزارشت لە نزمترین ئاستی ھوشیاری تاک دەکات ...لا ٨٥ ) (دەشێت خوێڕیترین کەس تەنھا بە چونە نێو ڕیزێکی جەماوەر ببێتە ھەڵگری چەندین پرەنسیپی ئەخلاقی لا ١١٣) لەم دێڕانەوە خوێنەر دەگات بە بۆ چونەکانی (گۆستاڤ لۆبۆن) کە لە سەرێکەوە جەماوەر بە تێکدەر و داڕوخێنەر ناو دەبات و تاکیش لەناو ئەم جەماوەرەوە بە خوێنەر دەناسێنێت کە زۆرکات پێناسەیەکی ئیزدیواجیانە بۆ تاک لەم کتێبەدا دەبینینەوە. کەواتە (گۆستاڤ لۆبۆن) لەم کتێبەدا جەماوەرمان لەڕوی ئەخلاقی و فیکریەوە پێ دەناسێنێت. 

خوێنەر ئەم بەشانە لەم کتێبەدا ئەخوێنێتەوە: (پێشەکی  سەردەمی جەماوەر.
کتێبی یەکەم : ڕۆحی جەماوەر لە چوار بەشدان.
کتێبی دووەم : بیرو ڕاکانی جەماوەر و بیروباوەڕەکانی لە چوار بەشدا.
کتێبی سێھەم : پۆلێنکردنی توێژە جیاوازەکانی جەماوەرو توێژینەوەیان لە پێنج بەشدا). 

بۆ ھەر بەشێک لەم کتێبە خوێنەر دەکەوێتە شوێن ئەو ڕەخنانەی کە گۆستاڤ لۆبۆن ڕوو بەڕوی جەماوەری دەکاتەوە وەکو کائینێکی تێکدەر و نا ھوشیار، و ھێشتنەوەی نوخبەیەکی دیاری کراو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت ‌و کۆمەڵ (گۆستاڤ لۆبۆن) ئەوەمان بۆ دەست نیشان دەکات کە ھەرچ کاتێک دەوڵەت و گرتنە دەستی دەسەڵات لە دەست ئەم نوخبە ھوشیارە ھاتە دەرەوە ئەوا ئیتر جەماوەر کۆنترۆڵناکرێت و ھەمووشتەکان لەسەردەستی ئەم جەماوەردا تێکوپێک دەدرێت. ئەو وێنە و وشانە چین کە سەرکردە و نوخبەکانی ناو کۆمەڵ پێویستیان پێیەتی تا ڕۆحی جەماوەری پێ بگۆڕن بۆ دەست بەسەراگرتنی ھێزی جەماوەر، زۆرکات وێنە و وشەکان لەلایەن سەرکردە و نوخبە ھوشیارەکانی ناو کۆمەڵەوە زۆرباش بۆ زەمەنێکی زۆر توانیویانە ڕۆحی جەماوەر لە خرۆشان و جوڵە ڕابگرن ئەگەر بۆ کاتێکی کەمیش بوبێ، کام سەرکردە و کەسانی تر توانیبێتیان ئەم وێنە و وشانە بەباشی بگەیەنە ڕۆحی جەماوەر ئەوا زۆرتر دەسەڵاتی خۆیان ھێڵاوەتەوە. سەرجەم بەشەکانی ئەم کتێبە بۆ ئێستا لەلایەک بۆ خوێنەر چەند گرنگە ئەوەندەیش جێگەی پرسیارو تێڕامانە بۆ بیرکردنەوەکانی (گۆستاڤ لۆبۆنە) لەلایەن خوێنەرەوە. 


سەرچاوە: سایکۆلۆژیای جەماوەر  / گۆستاف لۆبۆن  ٣٠٤ لاپەڕە/ وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئارام جەمال سابیر     لەبڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیرو ھۆشیاری (ی ن ک)