کتێب لە قوڕ و پاپیرۆسەوە بۆ سەر شاشە

10/12/2020
فۆتۆ: 

جەبار جەمال غەریب

ساڵانی حەفتاکان سەردەمی زێڕینی خوێندنەوە و خوێندەواریی کورد بووە. ئارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەی چاپخانە، ھۆکاری سەرەکی بوون. ئەو سەردەمە کتێب نھێنییەکی شیرینی لەخۆیەوە پێچا بوو. چ بۆ ئەوانەی دەیانخوێند و ھەوڵی بەدەستھێنانی بڕوانامە و زانیارییان دەدا، چ بۆ ئەوانەی باوەڕیان وابوو کە بەھۆی خوێندنەوەوە گەشە بە فکر و عەقڵ و ژیانیان دەدەن یان لەزەتی لێ دەکەن.

کەسایەتیی کورد و کتێب
ئایا کورد لە ڕێگای کتێبەوە کەسایەتیی خۆی بنیات ناوە؟ ئایا کتێب بووەتە ھۆی گەشەکردنی کارێکتەری کوردی؟
ئەوەی ئاشکرایە کتێب بە ھێزی میروولەوە کار دەکات، ھێواش و ئاسنین. بە دەنکە خۆڵ (مەبەستم وشەیە) کەسایەتیەکی تازە بۆ خوێنەر دروست دەکات، کە دواتر بە ھیچ ھێزیک ناڕووخێت. بە دوای بەڵگە و لۆژیکدا دەگەڕێت. خۆی دەبێتە سەنتەر و دنیا بە دەوری ئەوەوەیە و ڕووداوەکان بە چاوی خۆی دەبینێ.

ئایا کورد ئەو کەسایەتیەی لە ناخیدا دروست بووە؟ ئەو کەسایەتییەی کتێب دروستی دەکات، کەسایەتییەکی ئازاد و سەربەخۆیە. بە ئاسانی ناچێتە ژێر کاریگەریی ڕوواڵەتبازی؟ ھەموو شتێک وەرنەگرێت و ھەموو شتێک قبووڵ ناکات؟ بە باوەڕی خۆی نەبێت ھیچ شتێک ڕەت نەکاتەوە؟ دوای فتوا و شمشێربازی و ھەراجی قسە نەکەوێت؟

- ئایا کتێب ئەو کارێکتەرە ئاسنینەی لە ناخی خوێنەری کورددا دروست کردووە؟
- ئایا خوێنەری کورد خاوەنی خۆیەتی؟
- ئایا خوێنەری کورد بووەتە خاوەنی ئەو کیلۆگرامەی ژیانی ئاڕاستە دەکات، مەبەستم مێشکیەتی؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە چەند ئاسانن ئەوەندەش ئاڵۆزن.
زۆر بەئاسانی کارێکتەری کورد نەبووەتە خاوەنی خۆی.

چونکە کتێب ھەڵبژاردەی خۆی نەبووە، ھەڵبژاردەی بیروباوەڕ و فکرەکەی بوو، ئەوە چۆن؟
- مێژووی خوێندنەوە یان کاروانی خوێندنەوە لە کوردستان بە تەواوی پەیوەستە بە مێژووی سیاسییەوە، چ سیاسەتێک باڵادەست بووبێ، خوێنەر ڕووی لەو جۆرە کتێبانە کردووە. ھەر جۆرێکیش لە کتێب نەک کەسایەتییەکی سەربەخۆی بۆ دروست نەکردووە، بەڵکوو زیاتر لە بیروباوەڕەکەیدا نقومی کردووە، واتا زیاتر لە دەرەوەی خۆی دابڕاوە. سەردەمێک کتێبەکان ھەموویان چەپ و مارکسی بوون، سەردەمێک نەتەوەیی و ئێستاش ئیسلامی. بێگومان ناونانی منداڵیش ھەر ڕەنگدانەوەی سیاسەت و حزب و ھەمان چیرۆکی کتێبە. کە خۆت دەتوانی بیر لەو بابەتە بکەیەوە.

واتا کارێکتەرێکی کوردی، خوێنەرێکی کوردی لە دەرەوەی بیروباوەڕ و عەقیدەکەی نەیتوانیوە (ھەبێت). واتا کارێکتەری کوردی خۆی نەخەمڵاندووە، بەڵکوو لە ڕێگای خوێندنەوەوە ھەمیشە پەیوەستبوونی بە بیروباوەڕەکەیەوە دووپات کردووەتەوە. دروست ئەو جۆرە لە خوێندنەوە دژی ئەرکی کتێبن، ئەو جۆرە لە خوێنەر دژی بیرکردنەوە و داھێنان، دژی خۆ پەروەردەکردن و کردنەوەی دەرگای تازەن بەسەر تاکەوە.

- تا ئەمڕۆ خوێنەری کورد ساڵانە نیو (لاپەڕە؟) دەخوێنێتەوە (تێکڕایی)، من ھیچ ئامارێکی باوەڕپێکراوی کوردیم لەبەردەستدا نییە. تەنیا بەراوردی دەکەم لەگەڵ کۆمەڵگەی عەرەبیدا. تێکڕای خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی عەرەبیدا بەپێی ئاماری لیژنەیەکی سەر بە ئەنجومەنی باڵای ڕۆشنبیری عەرەبی لە وڵاتی میسر (ھەر کەسێک ساڵانە تەنیا چارەکە لاپەڕەیەک دەخوێنێتەوە، یەک لەسەر چواری پەڕەیەک). ڕاپۆرتی ساڵانەی گەشەکردنی مرۆیی لە دەزگای فکری عەرەبی ساڵی ٢٠١١ ئەوە نیشان دەدات کە تێکڕای خوێندنەوەی کەسێکی عەرەبی شەش دەقیقەیە لە ساڵێکدا، لە کاتێکدا ئەورووپییەک دووسەد سەعات دەخوێنێتەوە لە ساڵێکدا.

مادام دەزگا عەرەبیەکان ئاماریان ھەیە و ئێمە نیمانە، کەواتە ئێمە لە ئەوان خراپتر نەبین باشتر نین. لەلایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتی گەشەی ڕۆشنبیریی ڕێکخراوی یۆنسکۆی ساڵی ٢٠١٣ دەڵێت: ”ھەر ھەشتا عەرەب ساڵی یەک کتێب دەخوێننەوە لە کاتێکدا ھەر یەک کەسی ئەورووپایی ساڵانە ٣٥ کتێب بەتەنیا دەخوێنێتەوە، کەسێکی ئیسڕائیلی ٤٠ کتێب دەخوێنێتەوە “.

- پرسیارەکە ئەوەیە کە ھەر کەسێکی کورد ساڵانە چارەکە لاپەڕەیەک بخوێنێتەوە، یان شەش دەقیقە بخوێنێتەوە لە ساڵێکدا، بۆ ئەو کەسە کتێب کاغەزیینە یان ئەلیکترۆنە چ گرینگییەکی ھەیە؟ کەسێک لە ساڵێکدا تەنیا شەش دەقیقە بخوێنێتەوە ئیدی لە سەر شاشەیەک یان لەسەر کاغەز یان لەسەر بەرد و قوڕ بخوێنێتەوە چ جیاوازییەکی ھەیە؟

کتێب کۆکراوەی بیر و ھۆشیاریی مرۆڤە، کتێب کۆکراوەی ئەزموون و کارەسات و جوانیەکانی جیھانە، شەڕ و عەشق و نھێنییەکانیەتی. سەردەمێک لە سەر قوڕ و سەردەمێک لەسەر چەرم و ڕۆژگارێک لەسەر پاپیڕۆس و تەختە و گەڵای پان نووسراوە. بەگۆڕانی شێوازەکەی، بە گۆڕانی مادەی بەکارھاتوو نەک تووشی شکست نەبووە، نەک گرینگیی کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ بەھا و پێویستی زیادی کردووە.

 دەشێت ئەو سەردەمەش سەردەمی کتێبی ئەلیکترۆنی بێت، سەردەمی کتێبی ڕووناکیی سەر شاشە بێت، وەک سەردەمەکانی دیکە، کتێب بەو شێوازەش ھەر خۆیەتی، ھەر ئەوەی ھەیەتی ئەوە پێشکەش دەکات، چۆن سەردەمی کتێبی چەرم و پاپیرۆس تێپەڕی ھەر بە ھەمان شێوە سەردەمی کتێبی کاغەزینیش تێدەپەڕێ، بەڵام سەردەمی کتێب تێناپەڕێت و ھەموو ڕۆژێ سەردەمی کتێبە.

لەبەر ئەوەی کورد ھەرگیز دڵی کتێبی نەبووە، ڕۆڵەی وشە و ئارامی کاغەز و ڕستە نەبووە، لەبەر ئەوەی کورد لە ژیان و بیرکردنەوەیدا شوێنیکی بۆ کتێب نەبووە، نە لە مێشکیدا و نە لە ماڵەکەیدا کتێبخانەی نەبووە. بەڕێکەوت چاوی بە کتێب کەوتووە، بۆیە بۆ کورد کتێب کاغەزینە یان ئەلیکتڕۆن ھیچ گرینگییەکی نییە. کورد دۆستی کتێب نەبووە و ھەگیز لە تەنیاییدا بیری لەو دۆستەی نەکردووەتەوە کە نە گۆرەویەکانی بۆگەنی لێ ھاتووە و نە شەو پرخە.