شاندی هەرێم لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر كۆبوەوە

11/12/2020
فۆتۆ: 

وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر كۆبووەوە، سەرۆكی دەستەكە رایگەیاند، سامانی عێراق هی هەموو عێراقییەكانە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پشتیوانی دەربڕی بۆ چارەسەركردنی یاسایی و دەستورییانەی كێشەكان.

وەفدەكەی حكومەتی هەرێم كە لە رۆژی چوار شەممەوە لە بەغدایە و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی دەكات ئەمڕۆ لەگەڵ نەسار روبەیعی، سەرۆكی دەستە‌ی سیاسی رەوتی سەدر كۆبوویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد. 

روبەیعی لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكرد، سامانی عێراق هی هەموو عێراقییەكانە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پشتیوانی رەوتەكەی دەربڕی بۆ چارەسەركردنی یاسایی و دەستورییانەی كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەموواندا بێت. 

 هەر لەو كۆبوونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە، مەبەستیانە پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بەهێزتر بكەن و چارەسەری دەستوریی بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەكان بدۆزنەوە، ئامادەیی هەرێمی نیشاندا بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆكی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی.

بە گوێرەی راگەیەندراوی شاندی هەرێم لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا كۆك بوون لەسەر جێبەجێكردنی ماددە‌كانی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لە‌پێناو چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌ داراییە‌كان.