نووسەرى کورد بەختیار عەلى سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم رۆژانە دەدوێت

12/12/2020
فۆتۆ: 

ئەو نووسەرەى کە لە پاش ڕاپەڕینەوە بەردەوام دەنگێکى ڕەخنەگرانەبووە بەسەر کۆى سیستمى حوکمڕانى کوردییەوە ئەمجارەش بە کورتە نووسینێک ڕوانگەى خۆى دەربارەى ڕووداوەکانى ئەم ڕۆژانە دەخاتە ڕوو کە ئەمەى خوارەوە دەقەکەیەتى:

ڕووداوەکانی ڕۆژانی پێشوو یەک شتمان بۆ دەردەخەن. لێگەڕێین ئەو نەوە تازەیەی لە هەناوی سی ساڵ حوکمڕانی کوردییەوە دروستبووە قسەی خۆی بکات، هێزی خۆی تاقیبکاتەوە، ئەزموونی خۆی بکات.

قسەکردن بە ناوی ئەوانەوە، بیرکردنەوە لە بری ئەوان جگە لە وەکالەتێکی هەڵە و ناشەرعی هیچی تر نییە، ئەمە ئەزموونی نەوەیەکی تایبەتە کە باش یاخود خراپ پێویستییەکی زۆری بە خۆئەزموونکردن هەیە، پێویستی بەوەیە خۆی بەرپرسیارێتی چارەنوسی خۆی هەڵبگرێت.

سیاسەت وەک هونەری بەخشینی وەکالەت بە کۆمەڵێک نوێنەر لە کۆمەڵگای ئێمەدا نوشوستییەکی گەورەی هێناوە، ئەم ساتە بە بڕوای من ساتی بێدەنگبوونی سیاسەت و لەدایکبوونی خەڵکە لە دەرەوەی کایەی سیاسی، سووتاندنی بارەگای هەموو هێزەکان ئەکتێکی ڕەمزییە بۆ بێدەنگکردنی هەموو ئەو ڕوبەرەی کە پێیدەگووترێت «کایەی سیاسی». تێزێک چەندین ساڵە بەرگری لێدەکەم، ئەوەیە چارەسەر لە ناو کایەی سیاسیدا نییە.