لیژنەی دارایی: هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ هەرێم لە دەرەوەی پەرلەمان ڕەتدەکەینەوە

13/12/2020
کۆبوونەوەی دوێنێی کازمی و حەلبوسی لەگەڵ شاندی باڵای هەرێم
فۆتۆ: فۆتۆ : نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەر ڕێکەوتنێک لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕەتدەکەنەوە.

سامر زیبان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هەر ڕێککەوتنێک ئەگەر ڕاو سەرنجی لیژنەی دارایی پەرلەمانی و خودی پەرلەمانی  تیا وەرنەگیرێت، هیچ پابەندبوونی نیە و پوچەڵە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە درەوەی دەسەڵاتی یاسا دانان بێ ڕادەستکردنی داهاتەکانی نەوت و دەروازە سنورییەکان بە حکومەتی فیدراڵی، بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی یاسا پێشێل بکات لە یاسای  کورتهێنانی بودجەدا، بەرپرسیاری یاسایی لە ئەستۆ دەگرێت لەناو پەرلەماندا.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو ئەندامەی لیژنەی پەرلەمان جەختیکردەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمان هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ هەرێم ڕەتدەکاتەوە، کە لە دەرەوەی پرۆژە یاسای قەرزی کورتهێناندا هەر بڕە پارەیەک ڕادەستی هەرێم بکرێت.

دوێنێش حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەر ڕێکەوتنێک سەبارەت بە نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەگەر پێچەوانەی بەندەکانی کورتهێنانی دارایی بێت پوچەڵە.

هەر دوێنێ نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی باڵای هەرێمی کوردستان،  گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای قەرزی کورتهێنانی دارایی، کە لە مانگی ڕابردوودا پەرلەمان پەسەندی کرد .

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە سەبارەت بە ئالیەتەکانی جێبەجێکردنی بەشێوەیەک لە دادپەروەری تەرخانکردنە داراییەکانی تێدا ڕەچاو بکرێت بۆ سەرجەم ناوچەکانی عێراق.