دوو ئەندامی داعش دەستگیر کراون هاوڵاتیانیان لە موسڵ گولـلەبارانکردووە

13/12/2020
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵگری لە پۆلیسی فیدراڵی عێراق دوو چەکداری پێشووی داعشی دەستگیر کردووە، کە لە شاری موسڵ هاوڵاتی بێ تاوانیان گولـلە بارانکردووە.

لە بەیاننامەیەکدا ئاژانسی هەواڵگری لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری پۆلیسی فیدراڵی بڵاویکردەوە، مەفرەزەکانی هەواڵگری توانیویانە لە ناوچەی حەی جیهادی بەغدا دوو چەکداری داوالێکراوی داعش دەستگیر بکەن، کە بە مادەی ٤ی تیرۆر داواکراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش لەناو "مەفرەزەکانی ئەبو لەیسی ئەنساری" لەژێر ناوی (ئەبو حاتەم، ئەبو عناد) کاریانکردووە، کە چەندینی پرۆسەی گولـلەبارانکردن و لە سێدارەدانیان لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لەناو نەخۆشخانەی کۆماری پارێزگای نەینەوا ئەنجامداوە.

ڕوونیشکراوەتەوە، ئەو دوو ئەندامەی داعش بەشدارییان کردووە لە چەندین هێرشی تیرۆریستی لە دژی هێزە ئەمنییەکان و بەزۆر کۆچپێکردنی هاوڵاتیان لەو کاتەی چەکدارانی داعش کۆنترۆڵی پارێزگای نەینەوایان کردبوو.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هەواڵگری پۆلیسی فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، وتەی هەردوو تۆمەتبارەکە تۆمار کراون و لە ئێستادا دەستبەسەرن، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی وردیان لەگەڵدا ئەنجام بدرێت.