پەیامنێرانی بێسنور: لەمساڵدا زیاتر لە 380 ڕۆژنامەنووس دەستگیر کراون

14/12/2020
فۆتۆ: 

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لەمساڵدا دەستگیر کراون گەیشتووەتە٣٨٧ ڕۆژنامەنووس.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رەوشەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان لەچاو ساڵی ٢٠١٩دا باشتر نییە، لە کاتێکدا لەو ساڵەدا ٣٨٩ ڕۆژنامەنووس دەسگیر کراون.

لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕۆژنامەنووسانی بێسنور ڕوونیکردووەتەوە، زیاتر لە نیوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، کە دەکاتە ڕێژەی لە ٦١%یان لە پێنج دەوڵەت دەستگیر کراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە چین لە لوتکەی لیستەکەدایە بۆ خراپی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان و لەم ساڵدا ١١٧ ڕۆژنامەنووسی تیا دەستگیر کراوە، دوای ئەویش سعودیە دێت کە ٣٤ ڕۆژنامەنووسی تیا دەستگیرکراوە، میسر ٣٠ ڕۆژنامەنووس و ڤێتنام ٢٨ ڕۆژنامەنووس و دواترینیان سوریایە ٢٧ ڕۆژنامەنووسی تیا دەستگیر کراوە.

ڕۆژنامەنووسانی بێسنور لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختیکردووەتەوە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسە دەستگیر کراوەکان لە جیهاندا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە، لەوبارەیەوە کریستۆف دیلوار سەرۆکی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەناو ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیر کراوانەدا ژنیشیان تێدایە و ژمارەشیان زیاتر بووە، چونکە ئەوانیش بە دوور نین لە دەستگیرکردن.

بە گوێرەی راپۆرتەکە ژمارەی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی کە بێبەش بوون لە ئازادیان و دەستگیر کراون، لەمساڵدا گەیشتووەتە ٤٢ کەس، لە کاتیکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەکە ٣١ کەس بووە، بە واتای بە ڕێژەی لە ٣٥% زیادیکردووە.

بە گشتی ١٧ ڕۆژنامەنووسی ژن لە ساڵی ڕابردوودا زیندانی کراون، چوار کەسیان لە بیلاڕوسیا بووە، کە ماوەیەکی زۆرە ڕۆژنامەنووسانی تیا سەرکوت دەکرێت، بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ، کە لە ساڵی ١٩٩٤وە لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە و گومانی زۆر لەسەر هەڵبژاردنەوەی بۆ چەند جارێک دروست بووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری پەتای کۆرۆنا، بەڵام لە چین ١٤ ڕۆژنامەنووس لەسەر ڕوماڵی پەتاکە دەستگیر کراون، بەلای کەمەوە ٥٤ ڕۆژنامەنووس وەک بارمتە دەسگیر کراون لە سوریا و یەمەن و عێراق.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە لەساڵی ٢٠٢٠دا چوار ڕۆژنامەنووس بێسەروشوێنکراون لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و باشوری بیانی گەورە و ئەمریکای لاتین.