ئەمریکا بە فەرمی سودانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

14/12/2020
فۆتۆ: 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ناوی دەوڵەتی سودانی لە لیستەکەی دەرهێنا کە چاودێری تیرۆر دەکەن، کە لە ساڵی ١٩٩٣ سودان خراوەتە ئەو لیستەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خەرتومی پایتەختی سودان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، وای تێپەڕبوونی ٤٥ ڕۆژ بەسەر ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس دەربارەی بابەتەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فەرمانێکی ئیمزا کرد و ئەو فەرمانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە سودان وەک دەوڵەتێک ناوی لە لیستی ئەمریکادا هەبوە بۆ چاودێریکردنی تیرۆر، بەڵام لە ئەمڕۆوە ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە.

لە بەرامبەریشدا عەبدوڵا حەمدۆک سەرۆک وەزیرانی سودان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە و دوای زیاتر لە دوو دەیە، بۆ گەلی سودانی ڕادەگەیەنن ناوی سودان لە لیستی ئەو وڵاتانە هێنرایە دەرەوە کە چاودێری تیرۆر دەکەن.

دواتریش عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی راگوزەری سودان، پیرۆزبایی لە گەلی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، ئەم بابەتە دەستکەوتێکی گەورەیە و بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانێکی هەمەلایەنەیە.