تۆ خەڵکی کوێی؟

14/12/2020
فۆتۆ: 

لەنێوان شاری و لادێییدا / جەبار جەمال غەریب

- شاری بەخشندە ھەرگیز منەت بەسەر غەریبەکانیدا ناکات.
- لەو وڵاتەدا بە چەند ساڵ لە دۆخی پەنابەرییەوە دەگۆڕێیت بۆ دۆخی ھاووڵاتیبوون، یان شاریبوون؟
ھەموومان لە شارەکەی ئەوانی دیکەدا پەنابەرین و ھەمیشە ئەوەت بە چاودا دەدەنەوە. ئەگەر باپیریشت لەو شارەدا لەدایک بووبێ، کە ئێستا لێی دەژی، دیسانەوە تۆ خەڵکی ئەو گوندە، یان ئەو شارە، یان ئەو ناوچەیەی، کە پێشتر باپیرە گەورەت لێیەوە ھاتووە.

- دەبێ پارێزگارەکە خەڵکی شارەکە بێت.
- دەبێ بەڕێوەبەری پەروەردە خەڵکی گەڕەکە کۆنەکانی شار بێت.
- قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسیش.
ئەگەر ئەوانە ڕوو نەدەن، گلەیی و ھاوارێکی گەورە بەرز دەبێتەوە (کە شارەکە داگیر کراوە و خەڵکی شارەکە لە ھەموو کەس بە شارەکەیان نامۆترن).

ڕواندزییەکان دەڵێن شارەکەمان وەک خۆی نەماوە، ھەمووی بووەتە غەریبە و لادێیی. قەڵادزێییەکان پێیان وایە، شارەکەی ئەوان بۆ ئەبەد لەدەست چووە، کەسی لێ ناناسن و ئێستا وەڵاتێکی دیکەیە.

ئینسانەکان گرنگترن یان شارەکان؟
سەرۆکی شارەوانیی لەندەن پاکستانییە و وەزیری بەرگریی کەنەدا ھیندییە. سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاش کۆچبەرێکی ڕەشپێست بوو. کۆچکردن بۆ ھەر شار، یان وڵاتێک دوو ڕووی ھەیە:
- یەکەمیان، کۆچبەر کۆمەڵێک دابونەریەت لەگەڵ خۆی دەھێنێ، زۆر جار بۆ خۆیشی ناتوانێ رزگار بێت لێیان. یان دەکرێ زەمەن وردە وردە ھەندێکیانی لێ بکاتەوە.
دووەم: بەشی زۆری کۆچبەر یان (ھاتوو) بە ڕووحیەتێکەوە دێت، ئامادەیە دابونەریەتی دیکە وەرگرێ، چونکە ئەوە ئەو ڕاستییە دەزانێ کە دەبێ ئەو لەسەر کولتووری شار خۆی ڕابێنێ.

ئەوەی لە کوردستان ڕوو دەدات، نە کۆچە و نە کۆچبەری، بەڵکوو گواستنەوەی ماڵە لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە، لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە، لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، ئەوە زۆر لە کۆچکردن جیاوازە.
لە ماڵ گواستنەوەدا نە سیستەم دەگۆڕێت و نە شێوازی ژیان و نە زمان. نە ڤیزای دەوێت و نە پاسپۆرت. ھەلی کار و مافی تەندروستی و کارکردن جیاوازییەکی زۆر ناکات، کە ھەموو شتێک وەک خۆیەتی، بۆچی ھەموو ڕۆژێ ئەو پرسیارە، تۆ خەڵکی کوێی؟

- بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێ بەدوای ماھییەتی تاکەکاندا بگەڕێین؟
- تاکی کوردی بەھۆی مۆسیقازانییەوە خۆی دەسەلمێنێ؟
- گەنجی کورد لە ڕێگای داھێنانی زانستییەوە پێناسەی خۆی دەکات؟
- شارەکان بە بەرھەمە تایبەتییەکانیانەوە دەناسرێنەوە؟
پێناسی کورد بە کاراکتەر چییە؟
- کورد لە ڕێگای خێڵ و عەشیرەت و شار و شارۆچکە و گوندەکەیەوە خۆی دەناسێنێ.
- گەورەترین سەرمایەی کورد ئەو سنوورە جوگرافییەیە، کە بە ھی خۆی دەزانێ. ئەویش قەدەر کردوویەتییە خەڵاتی. بۆ پێناسەکەی، بۆ خۆناساندنەکەی، ناوی گەڕەک و شارەکەی لێ بستێننەوە، ئیدی قسەیەکی نییە.

واتا تاکی کورد بەبێ خێڵەکەی، بەبێ ھەویەی شارەکەی بەتاڵە. خۆی بە ھەموو ئەو بەھا و شکۆیانەوە ھەڵدەواسێ، کە شارەکە ھەیەتی. ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێگای وەھمەوە شکۆی تازە و چیرۆکی تازە بۆ شارەکەی دەھۆنێتەوە، بۆ ئەوەی دواتر بیخاتە سەر لووتبەرزییەکانی خۆی.

- بەشێکی دیکەی بەکارھێنانی شکۆی شار، داماڵینی بەرامبەرەکەیە لە ھەموو ئەو بەھایانەی، ئەو بۆ خۆی داگیر کردووە. خەڵکی (فڵان) شار بەخشندەن، کەواتە تۆ دەستتەنگی. خەڵکی فڵان (شار) جوامێر و نیشتمانپەروەرن، کەواتە ئەگەری ئەوە ھەیە تۆ نیشتمانفرۆش بیت.

- شار وەکوو (خۆی) ھیچ نییە، جگە لە ھۆیەک بۆ داماڵینی (غەریبەکان) لە بەھا (پەسندکراوەکان!).
- شار جگە لە سامانی وەھمی، چیدیکەمان دەداتێ؟
سامانێک، کە خوێنی لە بەکەمزانینی ئەوانی دیکە وەردەگرێ.
ئەی شار (وەک وڵاتێکی دیکە) چی دەدات بەو غەریبانەی وەریان دەگرێ:
(ھاووڵاتییەکی کورد بە ناوی (ئا، ئەیووب)، کە ڕەگەزنامەی فینلاندی ھەیە، دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە کوردستان، تووشی نەخۆشیی کۆڕۆنا دەبێت، حکوومەتی فینلاند لە نەخۆشییەکەی ئاگادار دەکەنەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت بردیانەوە فینلاند. ھەواڵەکەم لە پەیجی (چەپی شەقام) وەرگرتووە، ئەگەر ئەو ھەواڵە شی بکەمەوە، شارەکانی دیکە دەزانن چ مەینەتییەکن بۆ خەڵکانی دیکە. ئەوە مافە، ئەوە ڕێزی ئینسانە شکۆ دەداتە فینلاندە، وەک جوگرافیا نەک سیفاتی وەھمیی بەتاڵ.

شاری بەخشندە ھەرگیز منەت بەسەر غەریبەکانیدا ناکات، کە پەسندی کرد و باوەشی بۆ کردەوە، ئیدی بەدوایدا دەگەڕێت و لە ھەر شوێنێ بێت خزمەتکردنی بە ئەرکی خۆی دەزانێ و لە ھەولێرەوە دەیباتەوە بۆ ئەو سەری دونیا.

- ئەو جیاوازییە چییە؟
ڕەفیق غەفووری ھاوڕێم، کە دەرچووی فەلسەفەیە، بۆی نووسیوم:
لە سلێمانی کاک عەبدوڵایەکی دوکاندار ھەبوو، زیاتر لە چل ساڵ بوو ماڵی لەوێ بوو، ھەر پێیان ئەگوت، کاکە عەبە لادێیی. ئەویش تووڕە ئەبوو، جنێوی ئەدا، ئەیگوت باشە دوای ئەو ھەموو ساڵە کەی ئەبم بە خەڵکی شار؟!.

ئەوە قسەیەکی ئاساییە، دەکرێ خەڵکی شار وەک نوکتەش بیگێڕنەوە، کەمن ئەوانەی ھەست بەو ئازارە قووڵە دەکەن، لەپشت گاڵتەپێکردنی چل ساڵەوەیە، لەناو سینگی کاک عەبدوڵادایە، کە تەمەنی خۆی لەسەر داناوە.
تاکە جیاوازیی بنیاتی کەسایەتیی ئینسانەکانە، کۆی ئینسانەکان سیستەمی گشتی پێکدەھێنن.

ئەوەی نابێ ھەرگیز لە یادمان بچێ ئەوەیە، گۆی زەوی نیشتمانی ھەموو ئینسانەکانە، ئەوەی بە ناوی نەتەوە و سەروەری بەشێکی لێ جیا دەکاتەوە، تەنیا زوڵم و غەدرێکی بێپاساوە بەرامبەر نەتەوە و ئینسانەکانی دیکە دەکات.

ناکرێ بە ھیچ بیانوویەکەوە جیاکاری لەنێوان ئینسانەکاندا بکرێت. ڕاستە کورد لەو بوارەدا زۆر دواکەوتووە، گوندێک، کە چەند سەد مەترێک لە گوندێکی دیکەوە دوورە، متمانەی گوندەکەی ناداتە خێزانێکی (ھاتوو) لە گوندەکەی ھاوسێ، کە نەک چل ساڵ، سەد ساڵیش لەوێ بمێنێتەوە.
شاریش ھەروا، شاری کوردی مەبەستمە، کە دەبوو ئەتەکێتی شار و مافی ئینسانی زیاتر تێدا ڕەچاو کرابایە.

لەناو ئەوانەدا یەک قوربانی ھەیە، ئەویش ئینسانە، ئینسانی کورد لە ھەزار شوێنەوە قوربانییە، قورسترینیان، ئیھانەکردن و بریندارکردنیەتی بە دەست ھاووڵاتی و ھاوڕەگەزەکانی خۆیەوە.