جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا سەریهەڵداوە

14/12/2020
جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا سەریهەڵداوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەریتانیا

وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاشکرایکرد، جۆرێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی سەریهەڵداوە کە پێدەچێت بە خێراییەکی زۆرتر بڵاوببێتەوە.

مەت هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا لە لەندەن و کێنت و بەشێکی ئیسێکس و هارتفۆردشایەر و چەند ناوچەیەکی دیکە، جورێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە کە بەشێوەیەکی خێرا و بەربڵاو پەرەیسەندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی تەندروستی هەزار حاڵەتی توشبوون بەو نەخۆشییەیان تۆمارکردووە کە زۆربەیان لە ناوچەکانی باشوری بەریتانیا بوون، هەروەک نزیکەی ٦٠٠ ناوەندی تەندروستی دیکەش ئەو حاڵەتەیان تۆمارکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا هیچ هۆکار و زانیارییەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ئەو جۆرە ڤایرۆسە دەبێتەهۆی نەخۆشییەکی قورستر لە کۆرۆنا یاخۆد ڤاکسینی کۆرۆنا کاریگەری لەسەری نەبێت.

وەزیری تەندروستی بەریتانیا راشیگەیاند، رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)یان لە بوونی وەها ڤایرۆسێک ئاگادارکردووەتەوە و لە ئێستاشدا ناوەندی توێژینەوە پۆرتن داون لێکۆڵینەوەی وردی لەوبارەیەوە دەستپێکردووە.

مەت هانکۆک لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد کە، بەباشی ئاگاداری هۆکار و چۆنیەتی ئەو ڤایرۆسە نین چونکە نوێیە، وتیشی سەرەڕای دەستپێکردنی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەریتانیا بەڵام رێوشوێنی خێرا و پێویست بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە نوێیە دەگرنەبەر.