تەندروستی عێراق: ئەمڕۆ کەمترین ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمارکراوە

15/12/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لەسەرانسەری عێراق تەنها ١١ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژێکدا ١٣٩١ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٢١٦٥ کەسیش چاکبوونەتەوە.

بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە ئێستادا رێژەی چاکبوونەوە گەیشتووەتە ٨٨.٦%ی کۆی تووشبوان.

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٥٧٧ هەزار و ٣٦٣ کەس تووشبوون، لەو ژمارەیەش ٥١١ هەزار و ٦٣٩ کەس چاکبوونەتەوە.

تا ئیستا بەهۆی کۆرۆناوە ١٢٦١٤ کەس لە سەرانسەری عێراق گیانیان لە دەستداوە.

لە هەموو عێراقدا ٥٣ هەزار و ١١٠ تووشبووی کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن.