کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەستیپێکرد

15/12/2020
کۆتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەستیپێکرد
فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای ئەمریکا
ئەمریکا

دوای بەریتانیا، کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمریکا دەستیپێکرد و بەوبۆنەیەشەوە دۆناڵد ترەمپ پیرۆزبایی لە وڵاتەکەی و جیهان دەکات.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، هەڵمەتی کوتانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای دروستکراوی کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتیک لە ئەمریکا دەستیپێکردووە و یەکەم کەسیش لە پەرستارێکی بەشی چاودێری ورد درا لە ناوەندی تەندروستی لانگ ئایلەنەد لە شاری نیۆیۆرک.

سێندرا لیندسی کە چەندین مانگە سەرقاڵی چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنایە، دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەستێکی باشم هەیە بەوەی کە ئازارەکان چارەسەر دەکرێن و هیواخوازیشم ئەمە سەرەتاییەک بێت بۆ کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە ناخۆشە لە مێژووی وڵاتەکەمان".

لای خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە وڵاتەکەمان لێدرا، پیرۆزبایی لە ئەمریکا و جیهان دەکەم".

هەفەتەی رابردوو هەڵمەتی کوتانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای کۆمپانیاکانی فایزەر و بایۆنتیک لە بەریتانیا دەستیپێکرد و یەکەم کەسیش لە ژنێکی تەمەن ٩٠ ساڵ درا، هەینی رابردووش بەکارهێنانی ڤاکسینەکە لە ئەمریکا پەسەندکرا، کە بەپێی تاقیکردنەوەکان، ڤاکسینەکە بەڕێژەی ٩٥٪ سەرکەوتنی بەدەستهێناوە بۆ رێگەگرتن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.