خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست یان گەلێکی بەندکراو!؟

16/12/2020
فۆتۆ: 

بەڕێز عەباس

زۆرجار دەوترێت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی زیندانێکی گەورەیە! ئەوەیش بەھۆی نەبوونی جۆرەکانی ئازادییەوە، جا چ ئازادی ئاینیی یاخوود ساسیی یان کۆمەڵایەتی بێت، کوردیش وەک نەتەوە لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەن نەتەوەکانی سەردەستەوە ڕێگری لێکراوە و چەوسێنراوەتەوە بەوەی ئەزموونی مافە کلتووری و سیاسییەکانی خۆی بکات، ژمارەی ئەو زیندانییە سیاسییانە زۆرن و کەمنین بە ھەر ھۆکارێک دەربازبوون و ڕزگارییان بووە و دواتر بەشێوەی یادداشت  و بیرەوەریی ئازارەکانی خۆیان نووسیوەتەوە و باسی دڵڕەقی و شێوازە سەیر و سەمەرەکانی ئەشکەنجە و ئازاردانمان بۆ دەگێڕنەوە لە زیندانەکاندا، بە تایبەتی زیندانەکانی بەعس و بەشێکی زۆریان ئێستاش بەدەست ئەو ئازارانەوە دەناڵێنن کە لە زیندان چەشتوویانە و دڵڕەقانە ئەشکەنجەدراون!

"عەبدولڕەحمان مونیف" ڕۆماننووسێکی بەناوبانگی عەرەبییە، ساڵی ١٩٣٣ لە وڵاتی (عەممان) لە دایکبووە و ھاوڵاتییەکی سعودییە، یەکێکە لە ڕۆماننووسە ناسراوەکانی جیھانی عەرەبی لە سەدەی بیستەمدا، مونیف بە تەنیا ڕۆماننووس نەبووە، بەڵکو بیریار و چالاکوانی سیاسیش بووە، شارەزای زانستی ئابووریی بووە و بڕوانامەی دکتۆرای لە ئابوورییدا بە دەستھێناوە، ھەروەھا ڕۆژنامەنووس بووە لە بوار و کایەی جیاجیادا نووسیوویەتی و ساڵی ٢٠٠٤ لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە. مونیف کۆمەڵێک نووسین و شاکاری گرنگ و جوانی لە دوای خۆی بەجێھێشتووە و کاریگەری زۆری لەسەر خوێنەرانی ھەبووە، لەم نووسینەدا ئێمە لەسەر یەکێک لە ڕۆمانە ناسراو و بەناوبانگەکانی دەوەستین، ئەویش ڕۆمانی "خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست"ە. کە ڕۆمانێکی سیاسییە، کە لە بنەمادا بە زمانی عەرەبی نووسراوە بەناوی "شرق المتوسگ" و ساڵی ١٩٧٥ بۆ یەکەمجار چاپ و بڵاوبۆتەوە، بە زمانی کوردیش لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی پێشوو چاپی یەکەمی بڵاوبۆتەوە، پاشان ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپی دووەمی بە قەبارەی ٢٥٠ لاپەڕە کراوەتەوە.

ڕۆمانی "خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست" لەلایەن "ساڵح محەمەد ئەمین و ئەنوەر عەلی قادر" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی ناسراو "حسێن عارف"یش پێیداچۆتەوە، ئەوەی وای لە وەرگێڕەکان کردووە بیر لە وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی بکەنەوە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە و جۆری ئەشکەنجەدانەکەی پاڵەوانی ڕۆمانەکە "ڕەجەب"ە لەناو زینداندا کە زۆر لەو ئازار و ئەشکەنجەدانانە دەچێت کە کەکاتی خۆی زیندانانی سیاسیی کورد بەدەست ڕژێمی بەعسەوە چەشتوویانە و دەیگێڕنەوە! تەنانەت لە پێشەکییەک کە بۆ وەرگێڕانەکەیان  نووسیوە پێیان وایە ڕەجەبی پاڵەوان کوردە و دەڵێن "ڕەجەب یەکێکە لەو بەندییە سیاسییە کوردانەی ئەو کارەساتە جەرگبڕانە دەگێڕنەوە"

لە ڕۆمانی "خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست" بەری چەندین تێکست و دیالۆگی مانادار و قووڵ دەکەوین، کە ھێمان بۆ پاراستنی کەرامەت و مافی ئینسان کە دەیانخوێنیتەوە مرۆڤ دەخاتە بەردەم تێڕامان لە شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی ستەمکار و توندڕەو کە ئامادەیە لە پێناو مانەوەی خۆی و دەسەڵاتەکەییدا ھەموو کارێکی ناڕەوا بگرێتەبەر و ھەموو ئیش و کارێکی ئەوەبێت خەریکی کوشتنی جیاوازییەکان بێت و ئازار و ئەشکەنجەی ئەوانە بدات کە لە خۆی ناچن و لەگەڵ خۆیدا یەکناگرنەوە و سەرکوتیان دەکات!

"خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست"  ڕۆمانێکە باس لە زیندانەکانی وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی دەکات، بە زمانێکی ئەدەبی و سەرنجڕاکێش ئەوە دەگێڕێتەوە چۆن ئەم وڵاتانە ھەموو دیوار و کونج و کەلەبەریێکیان کردووە بە سیخوڕ، بۆ ئەوەی ھەر دەنگێکی جیاوازیان بیست و ھەر کەسێکیان بینی پرسیار لەسەر شێوازی حوکمڕانیان دەکات ڕەوانەی زیندانەکانیان بکەن و ھەموو جۆرەکان و شێوازەکانی سزادانیان لەسەر تاقیبکەنەوە و لە مرۆڤ بوون دایانبماڵن! پاڵەوانی ڕۆمانەکە ناوی "ڕەجەب"ە کە بە ھۆی جیاوازی باوەڕ و بۆچوونەوە داوای ژیانێکی دروستتر و بەختیار دەکات و دەخرێتە کونجی زیندان، ئیدی  لەزیندان ژیانی دەگۆڕێت و نەھامەتییەکانی دەستپێدەکات و ھەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەدان لەسەری تاقیدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی دان بەشتێکدا بنێت کە نەیکردوە و ھیچ تاوانێکی مەترسیداری ئەنجام نەداوە، تاوەکو دانی پێدابنێت! دایکی بە ئاواتی ڕزگاربوونی ڕەجەب سەردەنێتەوە، خۆشەویستەکەشی لە دەرەوەی زیندان نائومێد دەبێت لە ڕەجەب بەوەی لە زیندان ڕزگاری ببێت، بەو ھۆیەوە ھاوسەرگیری دەکات و ڕەجەب ئەوەندەی دیکە ئازارەکانی زیاتر دەبێت، ئەو چاوەڕوانییەی کۆتایی پێدێت کە بە خۆشەویستەکەی بگات، کەسێک زۆرجار ھەواڵەکانی دەرەوەی زیندانی پێدەگەیەنێت و سەردانی دەکات و بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ یەکدیدا ھەیە، ئەویش ئەنیسەی خوشکێتی، ڕەجەب بۆ ماوەی یازدە ساڵ حوکم دەدرێت و پێنچ ساڵ لە زینداندا بەسەردەبات و دواتر  واژۆ لەسەر مەرگی خۆی دەکات، بەھۆی قورسبوونی نەخۆشیی و زۆربوونی ئازارەکانییەوە داوادەکات چارەسەربکرێت و بڕواتە دەرەوەی زیندان بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرێت، لەکاتی ھاتنەدەرەوەی لە زیندان خۆی دەگەیەنێتە فەڕەنسا و دەچێتە شاری مارسیلیا لەوێ دەچێتە لای پزیشک بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشی و ئازارەکانی بکات ،لەگەڵ پزیشکانی ئەوێدا دەکەوێتە گفتوگۆ و ھۆکاری نەخۆشییەکەی لێدەپرسن و (ڕەجەب)یش دەکەوێتە باسکردنی ئەشکەنجەدانەکانی لە زیندان و شێوازەکانی ئەشکەنجەدان تێیدا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پزیشکەکان تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەکات، بە جۆرەکانی ئازاردان، وەک قامچیلێدان بە نۆرە، کاتێک یەکێکیان ھیلاک دەبوو لە قامچیوەشاندن لە زیندانەکان، وازی دەھێنا و یەکێکی دیکە دەھات، ئاگرتێبەردان، جگەرە کوژاندنەوە لەسەر جەستە، گون ڕاکێشان، ھەڵواسین بە منمیچدا...

یەکێک لە پزیشکەکان یادەوەریی و ئازارەکانی مونیف دەیباتەوە بۆ مێژووی فەڕەنسا و پێی وایە زەمەنێکی دوور  بەشێکی گرنگی خەڵکی فەڕەنسا بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازارەکانی مونیفیان چەشتووە بەھۆی ستەمکاری ساسییەوە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە لای ئەوان ئەوە بووەتە یادگاریی و مێژوو تێیان پەڕاندووە، بەڵام بە پێچەوانەوە مونیف و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لەو یادگاریی و مێژووەدا دەژین! یەکێک لە پزیشکەکان بەناوی (دکتۆر ڤالی)  ڕێنمایی (ڕەجەب)دەکات بۆ ئەوەی چاک بێتەوە دەبێت ھەڵنەچێت، توڕەنەبێت، شادمانی زۆریش کاری تێنەکات، ڕەجەب دۆشدادەمێنێت و تێڕادەمێنێت وەک ئەوەی لە خۆی بپرسێت چۆن دەبێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بژیت بە مەرجێک ھەڵنەچیت و توڕەنەبیت؟! بەڵام بۆ شادومانییەکە ئاسانە، چونکە خۆشی و شادیی لای گەلێکی بەندکراوی وەک ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باڵندەیەکی کۆچەرە، لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا مرۆڤ ناگاتە خۆشی و دەمرێت! ڕەجەب لە (مارسیلیا و پاریس) تێڕادەمێنێت و دەکەوێتە بەراوردکرنی جۆری ژیان و ئازادی مرۆڤ لەوێ و لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بۆی دەردەکەوێت ژیان و ڕێزگرتن لە مرۆڤ و ئازادییەکانی لە مارسیلیا جۆرێکیترە لە پاریس حیزبەکان بارەگای خۆیان ھەیە و لایەنگرانیان سەردانیان دەکەن، بێئەوەی بترسن و بخرێنە زیندان، لەسەر شەقام و ڕێگاوبانەکان فەڕەنسییەکان بە ئازادی قسە دەکەن، ھەروەھا ئازادی ڕۆژنامەگەریی ھەیە و بێ ئەوەی ترسێکیان ھەبێت نوسەر و ڕۆژنامەنووسەکان گوتار و نووسینەکانیان بڵاودەکەنەوە، بەڵام ھەموو ئەم شتانە بە پێچەوانەوە لە ڕۆژھەڵات نامۆیە و مرۆڤ بەوھۆیانەوە دەخرێتە زیندان و ئەشکەنجە و ئازار دەدرێن! مرۆڤ لەوێدا تەمەنی درێژە و چاوەڕێی مردن ناکات و ژیان دەگوزەرێنێت، بەڵام لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست مرۆڤەکان بەپێچەوانەوە چاوەڕێی مردن دەکەن، تاوەکو چاوەڕێی ژیان بکەن، چ چارەنووسێکە ئەشکەنجە و فرمێسک لە کۆڵی مرۆڤی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نابێتەوە! لە مارسیلیا دەچێتە گازینۆیەک بۆ ئەوەی ھەندێک لە ئازارەکان بنووسێتەوە و لەبیرنەچنەوە لە کاتی نووسیندا لە پەنجەرەی گازینۆکەوە سەرنجی ئافرەتێک دەدات ،کە تەماشای دەکات پێی سەیرە کەسێک لەم گازینۆیەدا ھەیە و نامۆیە بەوەی لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسێت،  ڕەجەب لە مۆنۆلۆگ و خۆدواندندا بە ئافرەتەکە دەڵێت: " دەمەوێت پێیبڵێم خانمەکەم ھەرشێوازی نووسینەکەمان نرخێکی ھەیە و نەگۆڕاوە ، ئەو شێوازەی لێدەرچێت ھیچی دیکە نرخی نییە، بە تایبەتی مرۆڤ... مرۆڤ لە وڵاتی ئێمەدا بێنرخترین شتە، ئاغزە جگەرە لەو بەنرخترە.. ئای ئەگەر ساتێک، لەو بە ھەزاران زیندانانەی لە کەناری خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە تا بیابانە دوورەکان بڵاوبوونەتەوە، سەرنجی ناو زیندانێکت دەدا، چیتدەدیت، پاشماوەی خەڵک، ھەناسەبڕکێ، چاوەڕوانییەکی بێھوودە.. چیتریش؟ دەموچاوی پڕ لە شادیی تەواو و باوەڕ بەخۆکردنی پیاوکوژان.. پێکەنین.. خانمەکەم ھیچ سەرسام مەبە، ئەوەی ئێستا بەلاتەوە سەیرە، لەوێ لە ھەمووشت کەمتر جێگای سەرسامییە!" ڕەجەب کاتێک دەگیرێت لە کاتی پیشکنیندا دەست دەگیرێت بەسەر نووسراو کتێبی ماڵەکەیدا، کاتێک سەردانی پاریس دەکات و ئەم بیرەوەرییە تاڵەی بیردەکەوێتەوە چونکە دەبینێت لەسەر کەناری ڕووباری سین ھەزاران و ملیۆنان کتێب ھەن و بە ئازادی و کەسیش ھەقی بە کەسەوە نییە! دەکەوێتە بەراوردکرنی لەگەڵ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست  دەڵێت: "ئای پاریسییەکان، ئەگەر  کتێبەکانتان بۆ کەناری دەریای خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەھێنان، ئەوا تێکڕای ژیانتان لە بەندیخانەدا بەسەردەبرد، پەشیمانی دەیخواردن، خۆتان لە ھەمووشت بێبەری دەکرد"  ڕەجەب لە زینداندا تەنیا مێژووی خۆی و ئازارەکانی نانوسێتەوە و باس ناکات بەڵکو بەوەفایە بەرامبەر ھاوڕێ زیندانەکانی و ئاماژە بە وانیش دەکات و ئەوەندەی بتوانێت ھەندێک لە ئازارەکانی ئەوانیش دەنووسێتەوە.