ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەسەر ڕوداوەکەی سحێلا کۆبووەتەوە

16/12/2020
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی نیشتیمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران تاوتوێی ئەو ڕوداوەی کردووە کە لە ناوچەی سحێلا فیشخاپور رووداوە.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ٢٩ هەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لە کۆبوونەوەکەدا دوا پێشهاتە ئەمنییەکان تاوتوێ کرا.

ئاماژە بەوەشکراوە "ئەنجومەنەکە گفتوگۆی کردووە سەبارەت بەو دەستدرێژیە مەترسیدارەی کە ڕوبەڕوی سنوری نیشتیمانی بووەتەوە، لە ناوچەی سحیڵا – فیشخاپور، بەشێوەیەک گروچە چەکدارەکان ویستوویانە لە ناو خاکی سوریاوە بۆردومانی سنوری عێرا قو ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی پاسەوانی هەرێم و پێشمەرگە بکەن، بە مەبەستی هاتنە ناوەوە و بە قاچاغ بردنی چەک و خەڵک".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئەنجومەنەکە ستایشی ئازایەتی و ڕوبەڕبوونەوەی کردووە، کە لەلایەن پێشمەرگەوە ئەنجامدراوە و هێزەکانی حکومەتی فیدراڵیش هاوکاریان کردووە.

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو پێشێلکاریانە.

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزێكی یەپەگە هێرشیانكردووەتە سەر پێشمەرگە و ماوەی دوو كاتژمێر شەڕ بەردەوام بووە پێشمەرگە هیچ زیانێكیان نەبووە.

روونیشیكردەوە، شەڕەكە لە ناوچەی سحێلا بووە و تیایدا چەكی نیمچە قورسی وەك ئاربی جی و بی كەی سی بەكار هاتووە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هیچ زیانێكی گیانیان نەبووە، بۆ لایەنی بەرامبەریش تا ئێستا ئاگادار نین زیانیان هەبووە یان نەبووە.

لەلایەکی ترەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند، هێرشی یەپەگە بۆ سەر بنکەیەکی پێشمەرگە، پێشێلکارییەکی ئاشکرا و یاسایی خاکی هەرێم و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە توندی شەرمەزاری دەکەین .

لە پەیامەکەدا هاتووە، "شەوی ڕابردوو گروپێک لە چەکدارانی یەپەگە هەوڵیاندا بە شێوەیەکی نایاسایی لە سوریاوە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکانی ئێمە و یاساکانی پاراستنی سنوورە، بۆیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانمان ڕێگرییان لێکرا ".

ئاماژە بەوەشکراوە کە، "دواتر ‌هێزێکی زۆرتری یەپەگە، بە چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەش، دەمودەست وەڵامیان دانەوە و هێرشەکەی یەپەگەیان تێکشکاند" .