چین پێشوازی لە لێکۆڵینەوە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات

17/12/2020
چین پێشوازی لە لێکۆڵینەوە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
پەکین

بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO ) ڕایانگەیاند، چین پێشوازی دەکات لە تیمێکی پسپۆڕانی جیهانیی ڕێکخراوەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ڕیشەی کۆڤید-19 کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست دەبێت.

د. باباتوند ئۆلۆکور بەڕێوەبەری هەرێمیی فریاگوزارییەکان لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێکخراوەکەیان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چین و تاوتوێی ئەو شوێنانە دەکەن کە دەیانەوێت سەردانیان بکەن.

پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندبوو، لە یەکەم هەفتەی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢١، تیمێکی لێکۆڵەر دەنێرێت بۆ چین تا لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بکەن کە زیاتر لە 1 ملیۆن و 600 هەزار کەسی لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووە و زیاد لە 74 ملیۆن کەسیش پێی نەخۆش کەوتوون.

فابیان لیندیرتزی زیندەوەرزانی ئەڵمانی و ئەندامێکی ئەو تیمەی کە بڕیارە بچێتە چین، بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتدپرێسی راگەیاندووە، ئەگەری زۆرە گەشتەکەیان لە شاری ووهانەوە دەستپێبکات کە سەرەتا لە کۆتایی ساڵی 2019 لەوێوە کۆڤید-19 بڵاوبۆوە.

زۆربەی لێکۆڵەران لەوبڕاویەدان ئەو ڤایرۆسە لە شەمشەمەکوێرەوە سەریهەڵداوە.

چین پێشتر دژی دواکاری بۆ لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی بوو لەسەر سەرچاوەی ڤایرۆسەکە و دەیگوت داواکاری لەو جۆرە دژی چینە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە چەندین جار چینی تۆمەتبار کردووە بە شاردنەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکە، داوای لێکۆڵینەوەیەکی شەفافی لە بەڕێوەبەرانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کردووە و ڕەخنەی لە شێوازەکەی گرتووە، کە ڕێگە دەدات زانایانی چینی یەکەم قۆناغی لێکۆڵێنەوەکان ئەنجام بدەن.

میدیای دەوڵەتی چین-یش ڕایگەیاندووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەر لەوەی لە شاری ووهان سەرهەڵبدات، لە دەرەوە هەبووە، ئاماژە بە هەبوونی دەکات لەسەر خۆراکی بەستووی هاوردە و پاکەتەکان و بەڵگە زانستییەکانی، کە دەڵێن ساڵی رابردوو لە ئەوروپا هەبووە.