کێ وڵات بەڕێوە دەبات؟

17/12/2020
فۆتۆ: 

(( ئۆگەست کونت: ئەوەی حکومڕانی جیهان دەکات فیکرەکانن)) / قادر حسێن

ماوەیەکە لە پاریس(فەڕەنسا)گوێبیستی باسوخواسی ناوەندەکانی فیکر (  مراکز الافکار) یاخود ئەوەدەبین کە ( think tanks ) ی پێدەوترێت، ئەمانەش بریتین لەو یانەی بیر و ناوەندی توێژینەوانەی کە بیرمەندی بوارە جیاوازەکان و بەرپرسانی سیاسی بڕیاربەدەست و توێژەرانی زانکۆیی و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەیەک دەگەیەنن و کۆدەکەنەوە ( لەڕوی فیکر و تێڕوانینەوە). بەڵام سەرەڕای ئەم گرنگی پێدانەش هێشتا فەڕەنسا لە بنیاتنانی ئەو ناوەندانەی کە کاریان بەرهەمهێنانی فیکر و گفتوگۆی سیاسیە لە دواوەیە، بەتایبەت گەر فەڕەنسا بەراورد بکرێت بە بڕۆکسل(بەلجیکا )کە زیاتر لە بیست ساڵە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو ناوەندانەدا گەرم دەکات و چەند ناوەندێکی وەک ناوەندی ئەوروپی بۆ توێژینەوەی سیاسی (  european policy studies)و تۆڕی دەزگای سیاسی ئەورپی (europen policy institue network  )ی بنیات ناوە، شایەنی باسە برۆکسلیش (بەلجیکا ) بەراورد بە واشنتۆن (ئەمریکا )زۆر لە دواوەیە لەم بوارەدا، کەدەیان دەزگاو ناوەندی وەک پەیمانگای بروکنگز   (  institution brookings) و دەزگای گەشەی سیاسیی بنیاتناوە، کە کاریگەری گەورەیان لەناوەندی بڕیاری سیاسی و حکومڕانی ئەمریکادا هەیە .*

ئەمەی سەرەوە گلەیی فەڕەنسیەکانە لە کاربەدەست و سیاسیەکانی وڵاتەکەیان سەبارەت بە کەمتەرخەمییان لە بنیاتنانی ناوەندەکانی فیکر (think tanks) لەو وڵاتەدا، چونکە ئەوان باوەڕییان وایە کە پاریس دەبوایە ڕۆڵێکی لەوەی ئێستای قورستر و کاریگەرتری لە ئیدارەی سیاسی ئەوروپاو جیهاندا بگێڕایە و دەکرا بەشێکی ئەمەش لە پشتبەست بەو ناوەندی فیکرانەوە بهاتایە .

لەوەی سەرەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کورد تا ئەم ساتەش بەگۆترەو خودا وەکیلی سیاسەت دەکات و هەرچی پەیوەندی بە ناوەندی فیکرەوە هەیە سەرودەری لێناکات، تەنانەت کار گەیشتوەتە ئەوەی بەهۆی سیاسەتی خاڵی لە فیکری سیاسیەکانەوە دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی دادەخرێن و ئەو خوێندەوار و زانکۆییانەی کە دەبێت بەشداری کاریگەریان لە بناتنانی وڵاتدا هەبێت و بە پشتبەستن بە تێز و توێژینەوەو بۆچونی ئەوان وڵات بەڕێوە بچێت، فڕێ دەدرێنە سەرجادە و شەقام و ناچار بە خۆپیشاندان دەکرێن و گرفتاری دەردی بێکاری و وەرگرتن و وەرنەگرتنی موچە دەکرێن و لەوەش خراپتر ئەوەیە کە هەندێکجار ناچار دەکرێن پەنا بۆ ئەو سیاسییە دەبەنگ و کاڵفامانە ببەن کە وڵاتیان بەم ڕۆژە گەیاندوە .

......................................................................................

*مراکز الفکر ادمغە حرب الافکار، تالیف: ستیفن بوشیه و مارتن ریو، دار الفارابی، گ۱، ۲٠٠۹.