لە رۆژئاوای کوردستان هێرش کرایەسەر هێزەکانی هەسەدە

18/12/2020
لە رۆژئاوای کوردستان هێرش کرایەسەر هێزەکانی هەسەدە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
رۆژئاوای کوردستان

لە پارێزگای حەسەکە-ی سەربە رۆژئاوای کوردستان هێرش کرایەسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات و کوژراو و بریندار هەیە.

ئاژانسی هەواڵی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردووەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە چەند چەکدارێکی نەناسراو هێرشیان کردووەتەسەر بنکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و لە ئاکامدا چەکدارێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە هێرشێکی دیکەدا و لە باشوری حەسەکە بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا سەرنشینانی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی هەسەدە برینداربوون.

لە ماوەی رابردووشدا چەندین جار شەڕ و روبەڕوبوونەوە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان روویداوە.