ترەمپ ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینێکی دیکەی دژی کۆرۆنا

18/12/2020
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند،، بە زۆرینەی رەها ڕەزامەندی نیشاندراوە لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینی مۆدێرنا، دوای ئەوەش دەستبەجێ دەستکراوە بە دابەشکردنی.

لە تویتێکدا ترەمپ ڕایگەیاند "ئەوروپا و چەند بەشێکی دیکەی جیهان بە توندی زەرەرمەند بوون لە ڤایرۆسە چینییەکە، بە تایبەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا".

سەرۆکی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، ڤاکسینەکە بەڕێگاوەیە.

ئاشکراکردنی ئەو مۆڵەت پێدانە لە لایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە کاتێکدایە، دوێنی کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا، ڕەزامەندیان نواند لەسەر ڕێگەدان بە بەکارهێنانی بەپەلەی ڤاکسینەکەی مۆدێرنا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڤاکسینەکە لە دوو ژەم پێکهاتووە، ژەمی دووەم دوای ٢٨ ڕۆژ لە دوای بەکارهێنانی ژەمی یەکەم دەدرێت بە کەسەکان، دەشتوانرێت لە پلەی ٢٠ی سیلیزی ژێر سفرەوە هەڵبگیرێت، ئەوەش وا دەکات کاریگەرییەکەی تا ماوەی ٦ مانگ بمێنێت.

پێشتریش ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای "فایزەر" و هاوتا ئەڵمانییەکەی "بایۆنتیک" ، کە لەم هەفتەیەوە دەستکراوە بە کوتانی بە کۆمەڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.