لیژنەی دارایی پەرلەمان: ناکرێت دووجار موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت

18/12/2020
دیناری عێراقی
فۆتۆ: 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ناکرێت دووجار موچەى فەرمانبەران ببڕدرێت جارێک بەهۆى بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار و جارێکى تر بە لێبڕینى دەرماڵەکان.

لیژنەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتى عێراق بەرپرسیارە لە بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار و بانکى ناوەندى لەو کارە بەرپرسیار نییە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی لیژنەی دارایی، دزەپێکردنى ڕەشنووسى پڕۆژە یاساى بودجەى ساڵى 2021 کاریگەرى لەسەر بازاڕ و هاوڵاتیان هەبووە.  

ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دزەپێکردنی پرۆژە یاسای بودجە کە نافەرمییە، کەسیش نازانێت کێ لە پشتییەتی ، ئامانج لەو دزەپێکردنەشی چی بووە و بۆ چ مەبەستێک بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دزەپێکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە کاریگەریی لە سەر بازاڕ و دەروونی هاوڵاتی دروستکرد.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەفار ڕوونیکردەوە، لیژنەی دارایی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی کۆبوونەتەوە، بەم نزیکانەش بانکەکە چەند ڕێوشوێنێک دەگرێتە بەر، ئاماژەی بەوەشکرد لیژنەکەیان بەردەوامە لە چاودێریکردنی بابەتەکە و چاوەروانی گەیشتنی پرۆژە یاسای بودجە دەکەن، تا بۆ ئەوەی بتوان ڕای تایبەتی خۆیان لەوبارەیەوە بڵێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بانکەکەیان ئامادەیە بۆ دەرکردنی زنجیرەیەک رێوشوێن، کە دەبێتە هاوسەنگ کردنەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار .

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دوێنێ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، لیژنەی دارایی میوانداری، مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی کردووە، بە مەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر قەیرانی ئابوری و کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی عێراقدا .

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکە لە میانی میوانداریکردنی لە پارێزگاری بانکی ناوەندیدا، جەختیکردەوە لە ڕێگەچارەکانی ڕوبەڕبونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر هاوڵاتیان، بە تایبەت گوزەرانی کەسانی هەژار و کەمدەرامەت، ئەوە سەرەڕای گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی پێویست کە بانکی ناوەندیی دەیگرێتە بەر لە بەرامبەر کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو کەسانی هەلپەرست کە دەیانەوێت سود لەم دۆخە وەربگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەوەش نارەزایی و نیگەرانی هاوڵاتیان و بە تایبەت چی کەمدەرامەتی بەدوای خۆیدا هێناوە و کاریگەریشی لەسەر بازاڕ و دەروونی هاوڵاتیان دروستکردووە، ترسیان لە بەرزبوونەوەی نرخی خواردن و کەلوپەل هەیە.