ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی ئەمساڵی ڕێگای کۆچ بۆ دەرەوە بڵاوکرایەوە

18/12/2020
فۆتۆ: 

پۆل دیلۆن وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لەمساڵدا ٣١٧٤ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان، لەپێناو دەستکەوتنی ژیانێکی باشتردا.

دیلۆن لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، تا دوێنی تۆماری کۆچبەرە ونبووەکانی سەر بە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ٣١٧٤ حاڵەتی مردنی تۆمار کردووە لەسەرانسەری جیهاندا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ژمارەکە گەیشتبووە ٥٣٢٧ کۆچبەر.

وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٩٠ هەزار کۆچبەر  و پەنابەر بە ڕێگای مەترسیداردا کۆچیان کردووە.

جەختیشیکردووەتەوە سەر باری ئەوەی سەرژمێری ئەو کەسانەی کە لە کاتی کۆچکردنی ئەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە کەمترە لە چاو ساڵانی پێشوودا، بەڵام گیانلەدەستدانەکان لەسەر هەندێک ڕێگا بەرەو زیادبوون چووە.

پۆل دیلۆن وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەلای کەمەوە ٥٩٣ کەس لە ڕێگەی کۆچکردن بەرەو دورگەی کەناری گیانیان لەدەستداوە، ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩دا ٢١٠ کەس زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨ لەو ڕێگەیە تەنها ٤٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

دیلۆن ڕوونیکردووەتەوە، ئەمریکای باشوریش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەرانی تیایدا زیادیکردووە، ئەگەر بەراورد بکریت لەگەڵ ساڵانی ڕابردووتردا، بەگشتی ١٠٤ کەس لەڕێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان هاوڵاتی  ڤەنزویلا بوون، لە کاتێکدا لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەکە تەنها ٤٠ کەس بووە.

وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە ڕوونیکردووەتەوە، تەنها لە کۆتایی ئەم هەفتەیدا لە کەنارە ئاوییەکانی فەنزویڵا ٢٣ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە لایەکی ترەوە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، تەنها لەمساڵدا ١٧٧٣ کۆچبەر لەڕێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سنوری نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەکسیک ٣٨١ کۆچبەر لە ژن و پیاو و منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا وتەبێژی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی جەختیکردەوەتەوە، هۆکاری هەرەسەرەکی لە کەمبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لەمساڵدا، دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێکخراوەکەیان لەکاتی بەدواچوونەکانیان لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە کۆچبەران بەکاریان هێناوە بۆ کۆچکردن، ١٤ کەشتی تێکشکاوی تۆمار کردووە، کە نزیکەی ٦٠٠ کەس تیایاندا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ناو تۆماری گشتیدا تۆمار نەکراون، چونکە زانیارییەکان بە تەواوی بۆ ڕێکخراوەکەیان پشتڕاستنەکراوەتەوە.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانش دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، لە ئەمساڵدا سەرباری رێگریی لە سنورەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، 34 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسیش بێسەروشوێنن، بەپێی ئامارەکە رێژەی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە.