ماکرۆن: تەندروستیم باشە بەڵام نیشانەکانی کۆرۆنام هەیە

18/12/2020
فۆتۆ: 

ئیمانۆیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند، تەندروستی باشە، بەڵام بەهۆی نیشانەکانیی پەتاکەوە ناچار بووە هەندێک لە چالاکییەکانی کەمبکاتەوە.

ماکرۆن لە یەکەم تۆماری ڤیدیۆیی خۆیدا دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا وتی "من باشم نیشانەکانم هەیە وەک چۆن دوێنی هەمبووە، وەک هیلاکی و سەرئێشە و وشکبوونەوە".

سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکردووە "بەهۆی ڤایرۆسەکەوە چالاکییەکانم کەمێک هێورکردووەتەوە، بەڵام بەردەوامم لە بایەخدان بەو بابەت و کێشانەی کە لە پێشینەن، وەک پەتای کۆرۆنا و بۆ نموونە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا".

ماکرۆن لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر تۆمارێکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردووەتەوە و  ئامۆژگاری فەڕەنسییەکان دەکات، ئاگادار بن و هۆشیار بن، چونکە ڤایرۆسەکە ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی هەموو کەسێک ببێت".

دوێنێ کۆشکی ئەیلیزێ بڵاویکردەوە، ماکرۆن تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و ناچار بووە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ خۆی کەرەنتین بکات، هەروەک ئەو کەسایەتییانەی دیکەی ئەوروپا کە ئەم بینوونی.

سەرۆکایەتی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ماکرۆن خۆی کەرەنتین دەکات، بەڵام لە دورەوە بەردەوام دەبیت لە چالاکییەکانی.

کۆشکی ئەیلیزێ بڵاویشیکردەوە، سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ بەریروت هەڵوەشاوەتەوە، کە بڕیاربوو ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو بۆ سەردانی ئەو وڵاتە تەرخان بکات ، کە بە نیاز بووە ئاهەنگی سەری ساڵ لەگەڵ سەربازە فەرەنسییەکانی ناو هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێزی ئاشتی پارێز لە لوبنان بەسەر بەرێت  و چاوی بە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی لوبنان بکەوێت.