وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بەناوی کازمیەوە لەسەر دۆسیەی ئاو گفتوگۆ لەگەڵ تورکیادا دەکات

18/12/2020
مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق
فۆتۆ: 

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکرد، مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری ئەو وەزارەتە، ڕاسپێردراوە وەک نوێنەری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ کۆبوونەوەکانی دۆسیەی ئاو لەگەڵ تورکیا.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای بەشداریکردنی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە ناو ئەو شاندەی حکومەتی عێراق کە بەسەرۆکایەتی کازمی دوێنێ لە تورکیا بوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناونانی وەزیری سەرچاوەکانی وەک نوێنەی تایبەتی سەرۆک وەزیران بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر دۆسیەی ئاو لەگەڵ لایەنی تورکیادا.

بە یاننامەکە لە زاری حەمدانییەوە بڵاویکردەوە، لەگەڵ لایەنی تورکیدا ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەک بۆ گفتوگۆ کردن لە ڕۆژی ١٠ی مانگی داهاتوو، سەبارەت بە پرۆتۆکۆلی هاریکاری لە بواری ئاوی دیجلە، کە لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقەوە پێشکەش کراوە، ناوەرۆکی پرۆتۆکۆلەکەش تایبەتە بە بەشە ئاوی عیراق لە ئاوی ڕوباری دیجلە.

دوێنێ شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد، لە میانی سەردانەکەدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ژمارەیەک لە لیپرسراوە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا جەختیکراوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی لەسەرجەم بوارەکان، بە تایبەت بواری بازرگانی و ئەمنی.